ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندان، چەند ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە کوردستان داوایان لە هاووڵاتییانی جوگرافیای کوردستان کرد کە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئێعدامە بەربڵاوەکانی ڕژیمی جینایەتکاری ئیسلامی لەوانە لەسێدارەدانی چوار چالاکی سیاسی بە ناوەکانی ، موحسین مەزڵوم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربەر و پژمان فەتحی و هەروەها ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان، مانگرتنی گشتی بەرێوە ببەن. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزب و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کاریگەر) زۆر بە خێرایی لە ڕێگای بەیاننامە و ڕاگەیاندنەوە پشتیوانی خۆیان لەو بانگەازە ڕاگەیاند و سەرجەم هێزەکانی تەشکیلاتی بەشی ئاشکرا و نهێنی خۆیان و بە تایبەت تەلەویزیۆن و لەوانە تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەیان خستەگەڕ بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی مانگرتنەکە. لە ڕاگەیاندنە هاوبەشەکەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران “ڕاهی کاریگەر“دا هاتبوو: سیاسەتی لەسێدارەدان لەگەڵ نەفرەت و توڕەیی بەرینی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە. خەڵک نەک هەر بەرگی ترسیان لەبەر دابڕیوە، بەڵکوو خۆیان بۆ نەربەردێکی یەکلایی کەرەوە ئامادە کردووە. کاوەکانی ئەمڕۆی ئێران، شێرەژنانی زیندانی سیاسین. ٦١ زیندانی سیاسی بەندی ژنان لە زیندانی ئێڤین، بوێرانە ئاڵای ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە و ٣٧ ژنی زیندانی سیاسی دەرەوەی زیندانیش پێیانەوە پەیوەست بوون. ئێمە داوا لە هەموو خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەکەین کە چالاکانە بەشداری ئەم مانگرتنە بکەن و لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیەدا دەنگی عەداڵەتخوازانەی خەڵکی ئێران بە گوێی جیهان بگەیەنن و لە هەمان کاتدا پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاوانە بە کۆماری ئیسلامی بدەن بۆ ئەوەی کە چیتر ڕێگە نادەن ڕژیم بێباکانە هێرش بکاتە سەر گیان و ژیانی ئازیزانیان لەناو زیندانەکاندا.
کۆمەڵەش داوای لە سەرجەم خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، کرێکاران، مامۆستایان، ژنان، لاوان، خوێندکاران، بازاڕیان و کارمەندان کرد کە بەو مانگرتنەوە پەیوەست بن و لە بەشێک لە بانگەوازەکەی کۆمەڵەدا هاتبوو: با ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندان، بکەین بە ڕۆژی یەکڕیزی و هاوپشتی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر یەکێک لە هارترین ڕژیمەکانی سەردەمدا. ئەم مانگرتنە سەرەڕای ماوەیەکی کورتی کە تا کاتی بەڕێوەچوون لەبەردەمیدا بوو، لەسەر بنەمای نەفرەت و بێزاری قووڵی ژنان و پیاوانی بوێر و خەباتکار بەرامبەر بەم ڕژیمە، بەڕێوەچوو، ڕۆژی سێشەممە بەشێک لە خەڵکی خەباتکاری و بەتایبەتی کاسبکارانی دانیشتووی چەند شارێکی ناوچە کوردنشینەکان، سەرەڕای حزووری بەربڵاوی هێزی لیباس شەخسی و هێزە ئەمنییەکان، بە داخستنی دووکان و بەشێک لە گارگە و ناوەندەکانی کار، مانگرتنێکی شکۆداریان بەڕێوە برد. به پێی دوایین زانیارییه کان، ئهو شارانەی که یەکگرتووانە و بەشێوەیەکی یەکپارچە به داخستنی دووکان و بەشێک لە کارگاکان بۆ جارێکی دیکە بوێرانە لەبەرامبەر ڕژیمی سێدارەدا ڕاوەستان، بریتی بوون لە سنە، کرماشان، دێهگۆلان، سەقز، مەریوان، قوروە، ورمێ، کامیاران، مەهاباد، بۆکان، سەروئاباد، دیواندەرە، بانە، ڕەوانسەر، جوانڕۆ و هەندێک لە گوندەکانی وەک نگڵ لە بەشی کەڵاتەرزانی شاری سنە و ١٠ کەس لە زیندانیانی سیاسیی خەباتکاری زیندانی قزڵحەسار بە نووسینی ڕاگەیاندن و مانگرتن، بەو مانگرتنەوە گشتییەوە پەیوەست بوون.
سەرەڕای ئەوەی کە جەلادەکان تەرمی ئێعدامکراوەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرد، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان، خەڵک بنەماڵەی ئەو زیندانیانەیان بە تەنیا نەهێشتەوە. لە گوندی ئەلەک ( سەر بە شاری کامیاران) شوێنی لەدایکبوونی پژمان فاتحی، خەڵک بە نیشانەی هاودەنگی و هاوسۆزی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە. لە شاری دێهگۆلان شوێنی لەدایکبوونی محەممەد فەرامەرزی، جەماوەرێکی زۆر لە خەڵک لە بەردەم ماڵی دایک و باوکی کۆبوونەوە. لە شاری بۆکان، خەڵک بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە شانبەشانی دایک و باوکی گیانبەختکردوو، وەفا ئازەربار، لەسەر دژایەتی لەگەڵ ئێعدام و بەردەوامبوونی خەبات لەدژی حکوومەتی سێدارە، جەختیان کردەوە. لەو دیدارەدا ،“ئەحمەد حەسەن زادە“، باوکی محەممەد حەسەن زادە، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە باوکی لاوی گیانبەختکردوو وەفا، واتە خالید ئازەرباری وت: “من مژدەتان پێ نادەم تا دڵخۆشتان بکەم. بەڵام ئەم مژدە خۆشەتان پێ دەدەم کە ڕۆژ بە ڕۆژ سەربەرزتر دەبیت. ئێستا سەرت لە لوتکەی ئاسمانە. دڵنیابە. هەموو کەس بەمە دڵخۆشە. شانازیم ئەوەیە کە منداڵەکەم گەورە و سەربەرزانە ژیا. شانازی ئێمە ئەوەیە کە منداڵەکانمان سەربەرزیان کردین.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان پەیامێکی بڵاو کردەوە لە ژێر ناونیشانی: لە ستایش و بەرزنرخاندنی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی گشتی ١٠ی ڕێبەندان و نووسی: ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢، خەباتی لەمێژینە و شێلگیرانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لاپەڕەیەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەی تری تۆمارکرد. مانگرتنی سەرتاسەری و لێبڕاوانەی ئێوە، وەڵامێکی تووند بوو بۆ کۆماری ئیسلامی کە کردەوەی جینایەتکارانە و ماشێنی کوشتاری لە زیندانەکاندا ڕاناگرێت. وەڵامی پڕاوپڕ و بەهێزی خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان به بانگەوازی مانگرتنی گشتی، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئێعدامەکانی ئەم دواییە، بە ڕوونی نیشانی دا کە چ ئیرادەیەکی بەهێز لە پشت خەبات بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن لە کوردستاندا بوونی هەیە و هەر وەک چۆن جەماوەری کوردستان چەخماخەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینایان لێدا، لەو سەنگەر و گۆڕەپانە نوێیانەی کە ڕیشەی لە نەریتی پێشکەوتنخوازانەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کورددا داکوتاوە، درێژە بەو خەباتە دەدەن.
پەیامەکەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بەمجۆرە کۆتایی پێدێت: ئێمە دەزانین کە تا گەیشتن بە سەرکەوتنێکی چارەنووسساز، هێشتا ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوی زۆرمان لەپێشدایە کە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو هەموو هێز و توانایی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەودایە. سەرکەوتنی مانگرتنی سەرتاسەری ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان، هەنگاوێکی پتەو و کاریگەر بوو بەو ئاراستەیەی کە لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووردا، کۆتایی بە ئاسەواری ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بهێنێت.