کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سیاسەتی فەرهەنگی رژیم لە کوردستان شکستی هێناوە

ماوەیەکە کاربەدەستانی ناوچەیی رژیم بە بۆنەی جۆراو جۆر باس لە ناکارا بوونی یەکێک لە پایەکانی ئیستراتژی سەرکوتی رژیم لە کوردستان واتە ” سیاسەتی فەرهەنگی”یان دەکەن و لە هەوڵدان چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە. لەم پێوەندیەدا حوجەت الاسلام محەممەد مورادی بەرپرسی کاروباری موبەلغینی تەبلیغاتی ئیسلامی کوردستان رۆژی یەکەمی مانگی پوشپەڕ نیگەرانیەکانی خۆی سەبارەت بە ئامادە نەبوونی خەڵک لە مزگەوتەکان دەربڕی وتی:
“مزگەوت لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا بەرزترین ناوەندی عیبادی و فەرهەنگین. لە دنیای ئیڕتیباتی ئێستادا کە تەبلیغاتی بەرینی بێگانەکان هەموو ئەفکار و گوفتارەکانی ئێمەی کردوەتە نیشانە، تەنیا تەفەکوری مزگەوتی و پایەگای مزگەوت دەتوانێ کاریگەر ترین شگرد بێت لە بەرانبەر دوژمناندا.” و “حسێنی شاهرودی” نوێنەری خامنەیی لە کوردستان ماوەیەک لەوەپێش بە دەربڕینێکی سوکایەتی ئامێز سەبارەت بەو کەسانەی کە نوێژ ناکەن وتبوی:” کەسێک کە نوێژ نەکات پێوەندیەکانی لەگەڵ خودا دەپچڕێت و خراپترین سزای ئەو کەسە ئەوەیە کە لەبیریان دەچێتەوە ئینسانن و بە ئەنجامدانی کۆمەلێک کاری نابەجێ لە حەیوانیش گومڕا تر دەبن.”448

ئیستراتژی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەستاندنەوەی دەستکەوتەکانی راپەڕینی ٥٧ لە کوردستان، بە هێرشی نیزامی دەستی پێکرد، بەڵام ئامانجی رژیم تەنیا زاڵ بوونی نیزامی بەسەر جوغڕافیای کوردستاندا نەبوو. بەڵکو زاڵ بوونیش بوو بەسەر ئیرادەی شۆڕشگێڕانەیاندا لە رێگای پەرەدان بە خورافە پەرستیەوە. ڕژیم هاوتەریب لەگەڵ داگیرکردنی نیزامی کوردستان بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی هێرشێکی فەرهەنگی رێکخراویشی تەڕاحی کرد و هەنگاو بە هەنگاو خستیە بواری کردارییەوە. ئامرازەکانی ئەم هێرشە بریتین بوون لە: سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی کوردستان، ناوەندی بوزورگی ئیسلامی رۆژئاوای وڵات، ئیدارەی گشتی ئیڕشادی ئیسلامی کوردستان، کانونی فەرهەنگی تەربیەتی مزگەوتەکان، کانونە فەرهەنگی هونەریەکانی مزگەوت، کانونی پەروەرشی فکری ئیسلامی منداڵان لە کوردستان، ئیمام جومعە بەکرێگیراوەکان، شوڕای ئیقامەی نوێژ، ناوەندی بەناو ئیسلاحی فەرهەنگی سەربە ناوەندە دەوڵەتیەکان و سپای پاسداران و بەسیج لە کوردستان و دەیان ئەنجومەنی مەزهەبی تر. هەموو ئەم ناوەندانە بۆ بەرەپێش بردنی چالاکیەکانیان لە پشتیوانی هەمە لایەنەی ماڵی دەوڵەت و سپای پاسداران بەهرەمەندن. لە ئاکامی فەعالیەتی ئەم ناوەندانەدا لە سێ دەیەی رابردودا هەزاران مزگەوت، تەکیە و حسێنیە لە شار و دێهاتەکانی کوردستان دروست کراون و حەوزەکانی بەناو عیلمیەی دینی بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندوە. هێندێک لە هێماکانی فەعالیەتی رژیم لەم بوارەدا بریتین لە: بەڕێوەبردنی مەڕاسمی عەزاداری، بەتایبەت لە مانگی موحەرەمدا، مەڕاسمی خوێندنی دوعای کومیەل و مسابەقەی ” قەراعەتی قورئان” و ” چل حەدیس”، ساڵگەردی مەرگی ئیمامەکان و حەفتەی بەسیج، حەفتەی دەوڵەت و بۆنەکانی تر، لەپاڵ دەرسە مەزهەبیەکان لە مەدەرەسە و ئالودە کردنی کتێبی دەرسی بە خۆرافاتی دژی زانستی. لە رۆژە مەزهەبیەکاندا دەرک و دیواری شارەکان بە پۆستێری تەبلیغاتی دادەپۆشرێت. لەم بۆنانەدا رژیم قەناعەت بە جیرەخۆرانی خۆی لە ناوچەکەدا ناکات و دەست دەکات بە ناردنی موبەلیغانی ژن و پیاو بۆ کوردستان تا دەست بدەنە تەبلیغی فەرهەنگی مەزهەبی و تەنانەت تەرویجی شیعەگەری. ژمارەی جێژنوارەکان، نمایشگا و کارگاکانی کە لەژێر ناوی فاتمە ناسی، عاشوڕا ناسی و هیتری لەم جۆرە بە هەزینەی کەڵان بەڕێوە دەچن. تەنانەت جارێک خامنەیی بە ئیعتیباری ئەم جۆرە فەعالیەتانە ئوستانی کوردستانی ناو نا ” ئوستانی فەرهەنگی وڵات”.”مەسعود سەفیاری ” دەبیری گشتی ناوەندی تەبلیغاتی ئیسلامی کوردستان لە ٣١ی مانگی جۆزەردان لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا وێرای ئاماژە بە چالاکیەکانی ئەم ناوەندە فەرهەنگیە وتی:” ئەمساڵ ٨٢ فەعالیەتی فەرهەنگی دینی لە دستوری کاردایە. لەو بەرنامانە شاملی بەڕیوەچونی کارگاگەلی ئاموزشی سەبکی ژیانی ئیسلامی، بەردنەسەری کەمی و کەیفی دامەزراوەکان و خانەی قورعانی، ناردنی موبەلیغ و موبەلیغە بۆ کانونەکانی جەمعیەتی و بەڕێوەبردنی حەوتەمین هەمایشی سەرتاسەری منادیانی وەحدەت، بەڕێوەبردنی کارگا ئاموزشیەکانی ئاشنا بوون لەگەڵ فیرقە و مەزبە ئیسلامیەکان، کە لەمساڵدا بە هیمەتی ئەم ئیدارەیە بەڕیوەدەچێت.”
هەزینەیەکی ئاوا کەڵان لەحاڵێکدا سەرفی رەواجی خورافە پەرستی دەکرێت و بە زۆر لاوانی کوردستان دەخرێنە ژێر ئاموزشی ئیسلامیەوە کە، ناوچە کورد نشینەکانی ئێران لە روانگەی ئاموزش و خوێندنەوە لە پلەکانی ئاخری وڵاتدان. رێژەی قەبوڵی قوتابیانی کوردستانی لە ئازمونەکان و کۆنکوردا گەلێک لە خوارەوەیە. یەک لەسەر سێی جەمعیەتی کوردستان نەخوێندەوارن و جەمعیەتێکی زۆر لە بنەماڵەکان بەهۆی هەژاری ماڵی منداڵەکانیان بەناچار وادار دەکەن دەست لە خوێندن هەڵگرن. مەکانە ئاموزشیەکان لە کوردستان پەڕتوکاو و نائەمنن، ناوچەی کوردنشینی وڵات لەگەڵ کەمبودی فەزای ئاموزشیدا بەرەو روویە و دەوڵەت بەجێگای دروست کردنی مەدرەسە داوا لە “خێرخوازان” دەکات تا لە کوردستاندا مەدرەسە دروست بکەن.
لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە هەموو جۆرە فەعالیەتێکی فەرهەنگی پێشڕەو و موتەرەقی لەژێر ناوی هەڕەشە بۆسەر ئەمنیەتی نەتەوەیی قەدەغە کراوە. رۆژنامە و نەشریەی سەربەخۆ و پێشڕەو ئیجازەی بڵاو بوونەوەیان نییە. ئانتێنی ماهوارەکان دەشکێندرێن. ئەنجومەنەکان و گروپە فەرهەنگیە سەربەخۆکان قەدەغە و ئیجازەی فەعالیەتیان نییە. لەگەڵ هەموو ئەو کردارە دژی فەرهەنگیانەدا ئێمە شاهیدی لەدین بێزاریەکی بێوێنەین لەنێو خەڵکی کوردستاندا بەتایبەت لاوان و مزگەوتەکان لەهەموو کاتێک خاڵی ترن لە خەڵکی نوێژکەر و مەڕاسمە مەزهەبیەکان گەلێک بێ رونەقن. رەوتێک کە کاربەدەستانی رژیم لە کوردستانی وەهەراس هێناوە و دەستی کردوە بە تاریفی فایدەکانی مزگەوت و نوێژ کردن.
بەکارهێنانی زمانی ترساندن و هەڕەشە لەپاڵ ئیجادی ناوەندگەلی بڵاوکەرەوەی فەرهەنگی کۆنەپەرستانەو خورافی و سەرفی هەزینەی کەڵان، نیشانەی خۆڕاگری خەڵکی کوردستانە لەبەرانبەر ئیستراتژی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامیدا. هێماکانی ئەم خۆڕاگریە لە بەڕیوەچونی مەڕاسمی نەورۆز و چوارشەممە سوری، مەڕاسمی جێژن و شادی و ڕەشبەڵک لەم بۆنانەدا و لەگەڵ هەموو سەرکەوتنێک لە باقی بەشەکانی کوردستان، دیفاع لە هونەر و ئەدەبیاتی مقاومەت و نیشاندانی هۆگری بۆ سرودە شۆڕشگێڕانەکاندا خۆی دەنوێنێ، و لە سەنگەرەکانی خەبات و خۆڕاگرین لە بەرانبەر سیاسەتە فەرهەنگیەکانی رژیم لە بەرانبەر خەڵکی کورد دا. ساڵانێکە رژیم بە دروست کردنی گەلێک ئیزگەی ڕادیۆیی و شەبەکەی ته‌له‌فزیونی و تەبلیغاتی بەرین سەبارەت بە مەترسی شەبەکە ماهوارەییەکان و بڵاو کردنەوەی ترس لە ئاسیبی سەرچاوە گرتوو لە تماشا کردنی ئەم کاناڵانەوە لە هەوڵدایە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان وادار بکات چاو لەم کاناڵانە نەکەن و تماشای شەبەکەکانی ڕژیم بەکەن. کاربەدەستانی رژیم ددان بە ناکامی سیاسەتەکانیان لەم بوارەدا دەنێن و بەشوێن ڕێگا چارەوەن. بەڵام ئیتر درەنگە. زەوی لەژێر پێی سیاسەت و ئیستراتژی فەرهەنگی رژیمی ئیسلامیدا داغ بووە.