کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

‌  سه رکه و تو بیت ریزی‌ یه‌كگرتووی موعه‌لیمان و کریکاران ،

وته‌یه‌ك به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی موعه‌لیم له‌ ئێران

ئه‌مڕۆ دوشه ممه‌ ١٢ی مانگی گوڵان ڕۆژی موعه‌لیمه له‌ ئێران. له‌ ڕوانگه‌ی موعه‌لیمانی خه‌باتكاره‌وه‌ بۆنه‌ی ڕۆژی موعه‌لیم، ڕۆژی گیان به‌ختكردنی “ئه‌بولحه‌سه‌ن خانعه‌لی” موعه‌لیمی ٢٩ ساڵه‌ی ده‌رسی فه‌لسه‌فه‌ و زمانی عه‌ره‌بییه‌. ئه‌م موعه‌لیمه‌ خه‌باتكاره‌ ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ساڵی ١٣٤٠ی هه‌تاوی، له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی كه‌ڵانته‌ریی به‌هارستانه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێكرا و گیانی به‌ختكرد.  له‌و ڕۆژه‌دا هه‌زاران موعه‌لیم له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ كه‌م بوونی حقووقه‌كانیان له‌ به‌رامبه‌ر “مه‌جلیسی شۆرای میللی” ده‌ستیان دابووه‌ كۆبوونه‌وه‌.

پاش ئه‌م ڕووداوه‌ و درێژه‌ی خۆپیشاندان و مانگرتنی موعه‌لیمان له‌ ڕۆژانی دواتردا، چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ بواری حقووقی موعه‌لیمانه‌وه‌ به‌سه‌ر ڕژیمی شادا سه‌پێندرا و ڕۆژی ١٢ی مانگی گوڵان، واته‌ ڕۆژی كوژرانی “خانعه‌لی” وه‌ك ڕۆژی موعه‌لیم ڕاگه‌یه‌ندرا. له‌و كاته‌وه‌ هه‌تا ئێستا لایه‌نگرانی ڕاسته‌قینه‌ی ئازادی و جه‌ماوه‌ریی موعه‌لیمانی خه‌باتكار، ئه‌م ڕۆژه‌ به‌و ئیعتباره‌وه‌ به‌ ڕۆژی موعه‌لیم پێناسه‌ ده‌كه‌ن.

به‌ڵام له‌ ڕوانگه‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌، بۆنه‌ی ڕۆژی ئێرانیی موعه‌لیم، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ تیرۆری “مۆرته‌زا موته‌هه‌ری”، ئاخوندی ئیدێئۆلۆگی ڕژیمی ئیسلامی كه‌ له‌ ڕۆژی ١١ی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی به‌ ده‌ستی گرووپی “فۆرقان” له‌ تاران تیرۆر كرا و هه‌واڵی مه‌رگی پاش یه‌ك ڕۆژ ڕاگه‌یه‌ندرا.

به‌ڵام له‌ ئاستی جیهاندا ٥ی ئۆكتۆبر وه‌ك ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم دیاری كراوه‌. ئه‌مڕۆژه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٤ی زایینیدا له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی زانستی، كلتووری و په‌روه‌رده‌یی سه‌ربه‌ ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (یونسكۆ) و ڕێكخراوی جیهانیی كار (ئای ئێڵ ئۆ)، وه‌ك ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم ناودێر كرا. ئامانجی دیاری كردنی وه‌ها ڕۆژێك “پێزانین و بایه‌خ دان به‌ موعه‌لیمان و تاوتوێ كردنی كێشه‌كانیان، له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان” ڕاگه‌یه‌ندرا.

به‌ پێی ئاماره‌كانی “یونسكۆ” یه‌ك سێهه‌می موعه‌لیمان له‌ ئاستی جیهاندا له‌ ژێر هێڵێ هه‌ژاریدا ده‌ژین. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ سه‌رمایه‌داران، زانست، وه‌ك كاڵا ده‌فرۆشن و له‌ زه‌حمه‌تی موعه‌لیمانه‌وه‌، سوودێكی زۆر ده‌خه‌نه‌ گیرفانیانه‌وه‌. ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم بۆ كرێكارانی وشیار، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بێ مافیانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر گشت زه‌حمه‌تكێشانی كۆمه‌ڵگادا سه‌پێندراوه‌، ڕێزگرتن له‌ خه‌باتی ئه‌وانه‌ دژبه‌م بێ مافیانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌وان و زه‌رووره‌تی دیفاع له‌ خواسته‌كانیانه‌.

له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مین چه‌خماخه‌كانی بیركردنه‌وه‌، له‌ مه‌درسه‌كانه‌وه‌ لێده‌درێ و ده‌پشكوێ، جیهانی ئه‌مڕۆ پتر له‌ هه‌موو كاتێك پێویستی به‌ موعه‌لمانی شاره‌زا، ئاسووده‌ خه‌یاڵ، بێ دڵه‌ڕاوكێ و مرۆڤ دۆست هه‌یه‌. به‌ڵام ئایا له‌ ئێران، شكۆ و كه‌رامه‌تی موعه‌لیم، ئه‌وجۆره‌ی كه‌ شیاوه‌، ده‌پارێزرێ؟ ئایا موعه‌لیمان، كه‌ له‌ توێژی‌ زه‌حمه‌تكێشی ناو كۆمه‌ڵگان، وه‌ها بایه‌خێكیان پێده‌درێ كه‌ نیگه‌رانی پێداویستیه‌ ماددیه‌كانیان نه‌بن و به‌ بێ خه‌م، له‌ فكری بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی زانست و تێگه‌یشتنی خۆیان بن؟ حه‌قیقه‌تی ژیانی ڕۆژانه‌ی موعه‌لیمان، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ كه‌ زۆربه‌یان، پتر له‌وه‌یكه‌ بیر له‌ بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی زانست و شاره‌زایی خۆیان بكه‌نه‌وه‌، به‌ناچار، بیر له‌ دیتنه‌وه‌ی كاری دووهه‌م و سێهه‌م ده‌كه‌نه‌وه.  پتر له‌ سێ له‌سه‌ر چواری موعه‌لیمانی ئێران له‌ژێر هێڵی هه‌ژاری دان و باقیه‌كه‌شیان به‌ پیشه‌ی دووهه‌م و سێهه‌م و داهاتی هاوسه‌ره‌كانیان، خۆیان له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاری ده‌رباز كردووه‌. له‌ په‌نا ئه‌و ده‌سته‌یه‌ له‌ موعه‌لیمانی زه‌حمه‌تكێش، كۆمه‌ڵێك سیخۆڕ و بارهاتووی حه‌وزه‌ی ‌ عیلمیه‌، حزووریان هه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردنی گه‌ڵاڵه‌ی دژه‌ كلتووری و سووكایه‌تییه‌كانی ڕژیمن له‌ ناوه‌نده‌كانی فێركردندا. باروودۆخی بژێوی موعه‌لیمانی خانه‌نشینكراو یه‌كجار دڵته‌زێنتره‌. موعه‌لمانی خانه‌نشینكراو، كه‌ ته‌مه‌نی لاوی و مام ناوه‌ندی خۆیان، خستووه‌ته‌ خزمه‌ت بابه‌تی په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی ئه‌م وڵاته‌ و له‌م ڕێگایه‌دا هه‌مووجۆر دژوارییه‌كییان ته‌حه‌مول كردووه‌، له‌ كاتی به‌ساڵاچوویی و پیریدا، له‌ بری به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ ئاسایش و ئاسووده‌یی، له‌وپه‌ڕی ده‌ستكورتی و هه‌ژاریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

به‌ڵام كێشه‌ی ژیانی ئه‌م به‌شه‌ هه‌ژاره‌ی كۆمه‌ڵگا، ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ژیانێكی شیاو، به‌هره‌مه‌ند نین، به‌ڵكوو ئه‌وان ناچار ده‌كرێن كه‌ په‌ره‌پێده‌ری په‌ر‌وه‌رده‌ و بارهێنانێك بن كه‌ به‌ته‌واو مانا ئاوێته‌ی خورافه‌ و كۆنه‌په‌رستییه‌. یه‌كێك له‌ ئازاره‌ گه‌وره‌كانی موعه‌لیمانی شه‌ریف و خه‌باتكار، ڕه‌خنه‌كردنی ئایین له‌ بابه‌تی په‌روه‌رده‌ و بارهێنان دایه‌. موعه‌لیمانی ئێران مه‌حكوومن به‌وه‌یكه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ شایه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڵاڵه‌ی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ڕژیم له‌ ناوه‌نده‌كانی فێركردن، له‌وانه‌ هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، ناردنی خوێندكاران بۆ بینینی به‌ره‌كانی شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران و عێراق له‌ژێرناوی “كاروانی ڕاهیانی نوور” و هێتر بن. وه‌ها باروودۆخێكه‌ كه‌ جه‌سته‌ی موعه‌لیمان ماندوو و شه‌كه‌ت و ده‌روونیشیان په‌رێشان و پڕ له‌ ئازار ده‌كات.

موعه‌لیمانی ئێران خوازیاری چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی حه‌قده‌سته‌كانیان بۆ سه‌رووی هێڵی هه‌ژاری، به‌هره‌مه‌ند بوون له‌ بیمه‌ی كارامه‌، هاوسانسازیی حه‌قده‌ستی خانه‌نشینكراوان و مۆعه‌لیمانی له‌سه‌ركار، دابین كردنی ژیانی خانه‌نشینكراوان و له‌به‌رچاوگرتنی كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌یان، به‌هره‌مه‌ند بوونی گشت منداڵان له‌ فێركردنی ستاندارد و به‌خۆڕایی به‌تایبه‌ت‌ له‌ ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌كان، ستاندارد و ئیمه‌ن كردنی مه‌دره‌سه‌كان، به‌هره‌مه‌ند بوونی خوێندكاران له‌ ئیمكاناتی سه‌رگه‌رمی و كلتووری و ڕاگرتنی سیاسه‌تی پووڵ ده‌رهێنان له‌ فێركردن و كۆتایی هێنان به‌ په‌روه‌نده‌سازی و ئه‌منییه‌تی كردنی چالاكیی موعه‌لیمانن.

موعه‌لیمانی زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌شی ئێران، ئه‌و مرۆڤه‌ شه‌ریفانه‌ن كه‌ خواستی عادڵانه‌یان هه‌یه‌ و شیاوی به‌ربڵاوترین و په‌یگیرترین پشتیوانین. كۆماری ئیسلامی بری پێڕاگه‌یشتن به‌ خواسته‌ ڕه‌واكانیان، به‌ زیندانی كردن و ده‌ركردنیان، وڵامییان ده‌داته‌وه‌.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو گوشار و سه‌ركوتگه‌ریه‌ك، خه‌باتی موعه‌لمیان بۆ گه‌یشتن به‌ خواستی ڕه‌وا و عادڵانه‌یان و بۆ ئازادیی هاوكارانییان، بێ وچان درێژه‌ی هه‌یه‌. ده‌ستبه‌سه‌ركردن، له‌سه‌ركار ده‌ركردن، به‌ربه‌ست نانه‌وه‌ی پیشه‌یی و هیتر، موعه‌لیمانی چاوترسێن نه‌كردووه‌ و به‌ری به‌ به‌دواداچوونی خواسته‌كانیان نه‌گرتووه‌.

پێرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی موعه‌لیم  له‌ ‌هه‌موو موعه‌لیمانی خه‌باتكار و زه‌حمه‌تكێش و دڵسۆز ده‌كه‌ین و دڵنیاین كه‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی و بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمانی ئێران، له‌ ڕێزێكی یه‌كگرتوودا، هاوڕێ له‌گه‌ڵ هه‌موو زه‌حمه‌تكێشان و بێبه‌شان و سته‌ملێكراوانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌، سه‌ره‌نجام كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆنه‌په‌رست و دژه‌مرۆیی كۆماری ئیسلامی ده‌هێنن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەڵکی کوردستان و بەلوچستان پیلانەکانی ڕژێم پووچەڵ دەکەنەوە

komalah

خوێندکارانی ئێران لەگەڵ خەبات لە دژی حکوومەتی ئیسلامی ئاشنا دەبن

komalah

وەهمەکانی خامنەیی و پەرەسەندنی خەباتی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی

komalah

تاوانی کوشتنی خەڵکی زاهیدان فەرامۆش ناکرێت

komalah

لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەک لە دوای یەک لە ئێران

komalah

دووهەمین مانگرتنی گشتی لە کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

komalah