ڕۆژی شه‌ممه ٢٣ی مانگی گوڵان، لقی ١٠٢ی دادگای ئینقلابی پیرانشار به سه‌رۆكایه‌تی قازی “ساعه‌تلوو” سێ هاووڵاتی ناڕازی ئه‌و شاره‌ی به‌ناوه‌كانی “محه‌ممه‌د ئازه‌ربۆرزین” ته‌مه‌ن ٢٦ ساڵ، “وه‌فا ڕه‌سووڵی ئازه‌ر” ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ و “عه‌بدۆلسه‌میع ڕه‌سووڵی” ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ به زیندان و لێدانی شه‌لاق مه‌حكووم كرد.
به‌پێی حوكمی دادگای ئینقلابی پیرانشار، “محه‌ممه‌د ئازه‌ربۆرزین” به ١٥ مانگ و یه‌ك ڕۆژ زیندان و په‌رداختی دوو ملیۆن جه‌زای ماڵی به تۆمه‌تی “درووست كردنی كۆكتل مۆلۆتۆف”، حه‌وت مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان به تۆمه‌تی “تێكهه‌ڵچوون له‌گه‌ڵ مه‌ئمووری ڕژیم” و حه‌وت مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان و ٤٠ زه‌ربه شه‌لاق به تۆمه‌تی “تێكدانی ئاسایشی گشتی” مه‌حكووم كراوه، هه‌روه‌ها “وه‌فا ڕه‌سووڵی ئازه‌ر” به ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان به تۆمه‌تی “خۆبواردن له حوكمی ده‌وڵه‌تی”، حه‌وت مانگ و ١٦ ڕۆژ به‌ندكران به تۆمه‌تی “ئاگردانی به‌نێری ئیتلاعات” و حه‌وت مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندان و ٤٠ زه‌ربه شه‌لاق به تۆمه‌تی “هه‌وڵی تێكدانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” مه‌حكووم كراوه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه “عه‌بدۆلسه‌میع ڕه‌سووڵی” به سێ ساڵ و ١٦ ڕۆژ زیندان به تۆمه‌تی “له‌ناوبردنی ئه‌مواڵی گشتی” و حه‌وت مانگ و ١٦ ڕۆژی زیندان و ٤٠ زه‌ربه شه‌لاق به تۆمه‌تی “به‌شداری له كۆبوونه‌وه‌ی نایاسایی” مه‌حكووم كراوه.