ڕۆژی سێشه‌ممه ١٠ی مانگی جۆزه‌ردان، هاووڵاتییه‌كی خه‌ڵكی شاری سنه به ناوی “خالید سه‌یف په‌ناهی” له لایه‌ن دادگای ئینقلابی ئه‌و شاره‌وه سزای سێ مانگ و یه‌ك ڕۆژ به‌ندكرانی به‌سه‌ردا سه‌پا، له‌لایه‌كی دیكه‌وه هاووڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن ٦١ ساڵی خه‌ڵكی شاری بۆكان به‌ناوی “نه‌رمین ئه‌حمه‌دی” كه ئێستا له گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێدایه، له لایه‌ن دادگای ڕژیمه‌وه سزای پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پا.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، دادگای شاری سنه به بیانووی بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی براكه‌ی، ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعلیقیی بەسەر “خالید سه‌یف په‌ناهی”دا سه‌پاندووه. جێگای ئاماژه‌یه كه ڕێکەوتی ٢ی پووشپەی ساڵی ٩٦ی هه‌تاوی، “حامید سەیف‌پەناهی” لە ئەنجامی تێکەڵچوون له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سپای پاسداران لە جادەی “مەریوان- سنە”، گیانی لەدەستدا، هەروەها “ڕامین حسێن‌پەناهی” زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو لەو تێکەڵچوونەدا بەبرینداری دەستبەسەرکرا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه “نه‌رمین ئه‌حمه‌دی” سه‌ره‌تای مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ به تۆمه‌تی “هاوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كێك له حیزبه نه‌یاره‌كانی ڕژیم” له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی بۆكانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ لێپرسینه‌وه ڕاگوێزی گرتووخانه‌ی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ كرابوو.