شۆڕای سازماندەهی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی نەوت ڕۆژی دووشەممە ٤ ی مانگی گوڵان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک لەژێر ناونیشانی” سەبارەت بە دووبەرەکی نانەوەکان وشیار بین” باسی لە چالاک بوونەوەی گوروپێک کرد کە لە نێو کرێکارانی مانگرتودا خەریکی دووبەرەکی نانەوەن بە قازانجی خاوەن کاران. لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە:” جەریاناتی ناسراو وەک جارەکانی پێشتربە شێوە و شگردی دواکەوتوانە و تەبلیغاتی کۆنەپەرستانە بە کردەوە فەزاکەیان شێواندوە و دیانەوێ ببنە هۆکاری تەفرەقە لە نێو ڕیزی ناڕەزایەتی ئێمە کرێکاران کە لەبەرانبەر ئەو جۆرە هەوڵانەدا دەبێ وشیار بین.”
شۆڕای سازماندەهی ئاماژەی بە ژمارەیەک لەم هەوڵانە کردوە و دەڵێ:” لە هێندێک شوێن دەبیندرێت کە ڕیزی ناڕەزایەتی ئێمە کرێکاران بە ناوی بەختیاری و خۆجێی و هیتر لێک دەترازێنن“.
لە درێژەدا نووسیویەتی:” ڕەوتێک بە ناوی کەمپەین هەوڵ ئەدەن تا ناڕەزایەتی و توڕەیی ئێمە کۆنتڕۆڵ بکەن و لە ئێستاوە بە کۆمەڵ دڵنیایی ئەدەنە خاوەنکاران و دەوڵەت کە لێرە بەو لاوە ئیتر کارزارێکی دیکە بەناوی مانگرتنی هاوینە، کە لە ساڵانی ڕابردودا ڕوویان ئەدا، بەڕێوەناچن“.
شۆڕای ناڕەزایەتی لە درێژەی مانگرتنی شکۆداری پێشوشدا، کە لە سەرەتای مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ ی هەتاوی دەستی پێکرد، پەردەی لە ڕوی کەسانی مەعلومو الحاڵ لادا و خوازیاری پەڕاوێز خستنیان بوو. لەودەورەیە لە مانگرتنەکان ژمارەیەک لە خاوەنکاران کرێکارانیان بە وەعدەی دابینکردنی حەقدەستی زیاتر و ٢٠ ڕۆژ کار و ١٠ ڕۆژ پشو گێڕایەوە بۆسەر کار. بەڵام کاتێک کە مانگرتن بە وەعدە و بەڵێنی درۆینە کۆتاییهات پەیمانکاران بەڵێنەکانیان بەجێ نەگەیاند.
تا ئێستا بەپێی ئاخرین هەواڵەکان کرێکارانی پڕۆژەیی شاغڵ لە ٩٣ شیرکەتی پەیمانکاری نەوت، گاز، پیتڕوشیمی دەورێکی تازەیان لە مانگرتنی شکۆداری خۆیان دەست پێکردوە. ئەوان دوو داواکاری خێرا و شیاوی دەست پێ ڕاگەیشتنیان تەرح کردوە کە بریتین لە زیادبوونی ۹۷ لەسەدی حەقدەست و ٢٠ ڕۆژ کار و ١٠ ڕۆژیش پشو. ئەمە زابیتەیەکە کە کرێکارانی ڕەسمی لەسەر ئەو بنەمایە دەجوڵینەوە. پەیمانکارانی مشەخۆر بە دەیان هەزار نەفتگەری پڕۆژەییان لەم مافە دەستەبەربووە لە دەورەی بەر لە شۆڕشی ٥٧ بێبەش کردوە. بەڵام لەسەر بنەمای ڕاگەیاندنی شۆڕای سازماندەهی داخوازی نەفتگەران زۆر لەو دوو داخوازیەی ئاماژە پێکراوە زیاترە. گرنگ ترینی ئەم داخوازیانە بریتین لە کورت کردنەوەی دەستی پەیمانکاران، هەڵوەشاندنەوەی یاسای کۆیلە ئاسای ناوچەی تایبەتی ئابووری، ئیمن کردنی ناوەندەکانی کاری و باشتر کردنی شوێنەکانی خەو و پشودانی کرێکاران و بارودۆخی بێهداشتیان.
لەو ڕاگەیاندەنەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرنگیش کراوە:” سێهەمین خاڵ شێوازی هەڵسوکەوتی نامرۆڤانەیە لەگەڵ ئەو هاوکارانەی کە تا ئیستا بە مانگرتکەوە پەیوەست نەبوون. بەرخوردی سوکایەتی ئامێز لەگەڵ ئەو هاوکارانە و بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و تەنانەت هەڕەشە کردن لێیان بە بڵاو کردنەوەی وێنەی بنەماڵەکانیان لە زومڕەی ئەو هەڵسوکەوتانەن.
ئەم کردارانە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کرداری پەیمانکاران و سەرکوتگەراندا نییە.شەڕی ئێمە لەسەر بەڕێچوون، حورمەت و شکۆی ئینسانیە و ئەم جۆرە بەرخوردانە هێڵی سوری ئێمەن.
ئێمە لەوە حاڵی هەین کە هاوکاران لەژێر گوشاری ئابووری و بەڕێچووندا هێشتا هێندێک گومانیان بۆ پەیوەست بوون بە مانگرتنەوە هەبێت، ڕێکاری ئێمە بەرەو پێشەوە بردنی بەهێزی مانگرتن و داسەپاندنی پاشەکشەیە بەسەر خاوەنکاراندا بۆ لەنێو بردنی ئەم گومانانە.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دڵێن:” لە کۆتاییدا جەخت دەکەینەوە مانگرتن و کۆبوونەوە دوو بەشی تەواوکەری خەباتی ئێمەن. دەبێ کۆبینەوە تا نەتوانن بڵاومان کەنەوە. ئەزمونی کۆبونەوەکانی ساڵی ڕابردوی هاوکاران لە هەفشجان، مەسجدسولەیمان و ئیزە ڕێگای بە یەکگرتویی مانەوەی بە ئێمە نیشان داوە کە دەبێ بە کۆمەڵ بڕیار بدەین و یەکگرتوانە بجوڵێینەوە. بژی یەکێتی کرێکاران.”
ئەو ڕەوتانەی کە شۆڕای سازماندەهی لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژەیان پێدەکات وەک ستونی پێنجەمی پەیمانکاران، مودیران و وەزاڕەتی نەوت و حەراسەتیەکان لەنێو مانگرتواندان کە، وادیارە لە نێو خودی کرێکاراندا بن و ئەمەش مەترسیەکەیە. دەبێ وەک شۆڕای سازماندەهی شێوە و شگردی ئەو جەماعەتە بناسین، بناسێندرێن، ڕیسوا بکرێن و پەڕاوێز بخرێن. ئەم کارە لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی مومکین ترە. لەبەر ئەوەی وەحدەت لەنێو نەتەوەکان، هێزە شۆڕشگێڕ و ئازادی خوازەکاندا لە خسڵەتە بەرچاوەکانی ئەم شۆڕشەن. بزوتنەوەی متالباتی کرێکاران و لەوانە مانگرتنی ئێستای کرێکارانی نەوت بەشێک لەم شۆڕشە دژی دوبەرەکی نانەوەیەن.