کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ساڵی نوێ: ساڵی توند بوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوخۆی ڕژیم

عەلی خامنەیی و حەسەن رۆحانی لە پەیامە نەورۆزیەکانی ساڵی ٩٥ ناراسته‌وخۆ یاندا ددانیان بەوەدا نا کە بارودۆخی کۆماری ئیسلامی گەلێک خراپە. خامنەیی دوای تێپەڕبوونی ٦ ساڵ لە ڕاگەیاندنی سیاسەتی “ئابووریی مقاومەتی” ئەمساڵیشی ناونا” ئابووری “مقاومەتی، کردار و عەمەل”. ئەو بەم جۆرە نیشانیدا کە لەو ساڵانەدا ئێقدامێک لە ڕاستای ڕزگار کردنی ئابووری قەیران لێدراوی ڕژیمدا ئەنجام نەدراوە. ئەو لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٤ دا لەوەی کە سەرانی دەوڵەت لە دروشمدا باسیان لە ئابووریی مقاومەتی کردوە، بەڵام بە کردەوە لە ڕاستای پیادە کردنیدا کاریان نەکردوە ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕیبو. خامنەیی، بۆ لابردنی باری خەتاکانی بارودۆخی قەیراناوی لەسەر شانی خۆی و خستنیە سەر شانی بەڕێوەبەرانی حکومەت سەرلەنوێ جەختی کردەوە: ” دەکرێ بە ئابووری مقاومەتی بچیە شەڕی بێکاری، دەکرێ بچیە شەڕی ڕکود، و گرانیش کۆنترۆڵ بکرێت”. ئەو وتی ئەگەر دەوڵەت و بەرپرسانی وڵات بتوانن لەم بوارەدا سەرکەوتو بن، ” هیوای ئەوە هەیە کە له‌سه‌ر مەسەلەکانی تری ، وەک خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، مەسایلی ئەخلاقی و فەرهەنگیش کاریگەریان هەبێت”. خامنەیی پێشتر چکۆلە ترین ئاماژەی بە بارودۆخی کارەساتباری ئێران تەحەمول نەدەکرد و ئەوەی بە ڕەش بینی دەزانی. ئەوەیکە ئەو ئێستا بارودۆخەکە بە خراپ دەزانێ، نیشانەی كاره‌ساتێكه‌ کە ئەو و ڕژیمەکەی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتیان داهێناوه‌.673

حەسەن رۆحانی لە پەیامە نەورۆزیەکەیدا له‌ حاڵێكدا كه‌ گه‌شه‌ی ئابوری ئێران له‌ ساڵی ٩٤دا له‌ خواره‌وه‌ی سیفر بۆه‌، هیواداری دەربڕی بەڵکو لە ساڵی ٩٥ دا ” گه‌شه‌ی ئابوری ئێران بگاتە ٥ لەسە. حەمید چیت چێان، وەزیری نیروی کابینەی یازەهەم، دوو حه‌وتوو پێش تر لە کۆبونەوەی هاوبەشی ئابووری ئێران و ئاڵماندا لە شاری بڕلین وتبوی چاوه‌روانی گه‌شه‌ی ئابوری ٨ له‌ سه‌دی بۆ ساڵی ٩٥ ده‌كه‌ن. کۆماری ئیسلامی ڕژیمێكی میلیتاریست و سه‌ركوت گه‌ره‌. بەم هۆیەوە نیزیكه‌ی ٨٠ لەسەدی ئابووری کۆماری ئیسلامی لە ئێختیار دەوڵەت و هێزی سەرکوتگەری سپا و هێزە ئەمنیەتیەکاندا ماوەتەوە. لە پاڵ ئەم گرفتە ساختاریانەدا پێویستە موشکلی گەندەڵی گەلێک بەرین و نیهادینە بوو لە دەزگاکاندا و ڕانت خۆری کاربەدەستان و قانونە شپرەزە ماڵیاتی و بازرگانیەکانیش وەک کۆسپێکی گەورەی سەر ڕێی ئابووریە ئێران، چاو لێ بکرێ. ئه‌م باروودۆخه‌ وای كردۆه‌ تا بانکەکان و سەرمایە گوزارانی دەرەکی سەبەرەت بە گواستنەوەی سەرمایە و تێکنولۆژی بۆ ئێڕان به‌ پارێزه‌وه‌ عه‌مه‌ل بكه‌ن. ئەو هەموو کێشە و گرفتەی لەسەر یەک کەڵەکە بووە، کۆسپی سەر ڕێیانە. هەڵبەت ڕەنگە ئەوان بۆ فرۆشتنی کالا و خزمەت گوزاریەکانیان بێن بۆ ئێران، بەڵام لە سەرمایە گوزاری کردن لە پیشەسازی کلیدیدا ڕیسکی سەرمایە گوزاری درێژماوە قەبوڵ ناکەن و تێکنولۆژی نوێ ناهێنن بۆ ئێڕان. ڕاوێژکارانی خامنەیی ئەوە دەزانن و ئابووری مقاوەمەتیان بۆیه‌ پێشنیار کردوە تا شتێکیان بۆ چەنەلێدان بە دەستەوە بێت. ڕاوێژکارانی رۆحانی لە بەرانبەردا دەزانن کە لە سەردەمی بە جیهانی بوونی سەرمایەدا ناتوانن تەنیا دڵیان بە ئابووری نێوخۆ خۆش بێت. ئەوە سەرچاوەی سەرەکی ناکۆکیەکانی نێوان باندی خامنەیی لە لایەکەوە و رۆحانی و هاوبۆچونەکانی لە لایەکی دیکەوەیە. ئەم ناکۆکیانە لەم رۆژانەدا بەشێوەیەک زەق بوونەتەوە کە شاردنەوەیان ئیمکانی نییە.
لە هەواڵەکانی رۆژی ٢٢ ی ڕەشەمە، دا هاتبو کە رۆحانی ئاشکراتر لە ڕابردو بەرەو رووی عەلی خامنەیی بۆتەوە. ئەو لە وڵامی عەلی خامنەییدا کە وتبوی ” ئینقلابی”ە وەهای وڵام دابۆوە:” ئەوەی کە بەندە بڵێم ئینقلابیم چ فایدەیەکی هەیە”.
خامنەیی لە بەرانبەر ئەم قسیەدا شمشێری لە کالان دەرکێشا. ئەو لە مەشهەد و ڕاست چەند کاتژمێر دوای پەیامە نەورۆزیەکەی رۆحانی بە ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە ئیستلاحاتی بەکارهاتو لە پەیامەکەی ئەودا، سەرۆک کۆماری نیزامی ئیسلامی بە ئالەتی دەستی دوژمن، واتە ئامریکا، ناو برد. ئەو بە ئاماژەی ڕاستەخۆ بە ئیستلاحی ” بەرجام دوو” کە لە پەیامی رۆحانیدا بەکارهاتبو وتی کەسانێک دەڵێن گرفتی ئابووری وڵات تەنیا کاتێک چارەسەر دەبێت کە لە حاڵەتی جۆراو جۆردا لەگەڵ ئامریکا وتووێژ بکەین و لە هەڵوێستەکانمان بێینە خوارێ. ئەو لە درێژەدا وتی ئەو کەسانە دەڵێن ئەو جۆرەی کە تەوافوقی هەستەیی، ناوی نرا << بەرجام>>، وتووێژ لەگەڵ ئامریکاش دەکرێ ناو بنرێت << بەرجامی ٢ و ٣ و ٤>> تا بەم وتووێژ و تەوافوقانە، خەڵک ئاسودە بژین و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بێت.
توند بوونەوەی ناکۆکیەکان بەشێوەی ئێستا کە نیشانەی لێڵ بوونی ئاسۆی حاکمیەتە بۆ دەرچون لە قەیرانە ئابووری و سیاسیە چەند لایەنەکانی ڕژیم دەرخەری ئەو ڕاستیەشە کە توانایی حیزبی پادگانی سپای پاسدارانیش بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە لاواز بووە. کرێکاران و خەڵکی ناڕازی کە دەیان ساڵە بۆ دابین کردنی ئازادی و ڕیفاه لەگەڵ ئەم ڕژیمە سەرکوتگەرەی شۆڕشی ٥٧ دا دەرگیرن دەبێ ئەم ڕاستیانە بە باشیی لەبەرچاو بگرن. پێویستە ئەوان بزانن کە لەسەر ناوەرۆکی قوڵ بوونەوەی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری و توند بوونەوەی قەیرانە نیوخۆییەکان، کۆماری ئیسلامی به‌ره‌و لاواز بوونی زیاتر ده‌روات. بەڵام کرێکاران تەنیا لە بارودۆخێکدا دەتوانن لە شپەرزەیی ڕژیم کەڵک وەربگرن، کە خۆیان موتەشەکل، خاوەن بەدیل و نەخشە عەمەلی دروست بن. بۆ دەست ڕاگەیشتن بەو تواناییانە کرێکاران پێویستیان بە بەهێز کردنی حیزبی سیاسی و تەشەکولی چینایەتی و مەدەنی خۆیان هەیە.