کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ساڵی نوێی زایینی بە هیوای بنیاتنانی جیهانێکی باشتر دەست پێدەکەین

2024 و غزه جنایت

ئەمڕۆ دووشەممە، ئەوەڵی مانگی ژانویە، یەکەم ڕۆژی ساڵی دووهەزار و بیست و چوارە. لە تەلەویزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێ لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە ئەم بۆنەیە جێژن دەگرن. ساڵی ڕابردوو، ساڵی ئازار و مەینەتی بێشومار، ساڵی پەرەسەندنی زیاتری هەژاری، سەرهەڵدانی شەڕی نوێ، ئاوارەیی و دەربەدەری خەڵکانێکی زیاتر، ساڵی وێرانکاری و لەناوبردنی هەرچی زیاتری ژینگە و گەشەی حیزب و ڕەوتە نیئۆفاشیستەکان لە ئیتالیا، سوید، هولەند، ئیسپانیا، ئاڵمان، فەڕانسە، ئەمریکا، ئارژانتین و هتدبوو. شەڕی نێوان ڕووسیە و ئۆکراین، شەڕی ئازەربایجان و ئەرمەنستان، شەڕی سوریە و شەڕی سەپێنراوی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی تورکیە بەسەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، ئەو شەڕانەی کە تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، کوژران و برینداربوونی سەدان هەزاران کەس و وێرانی و کاولکارییەکی کەم وێنە و لەناوچوونی بەرهەمی ڕەنج و کاری ملیۆنان ئینسانی لێکەوتەوە. کە ئەمانە تەنیا بەشێکن لەو ئازار و مەینەتیانەی مرۆڤایەتی ئەمڕۆ لەگەڵیدا بەرەوڕووە. یەک بەیەکی ئەو ڕووداوانەی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە جیهان و لە ئێران ڕوویاندا، ئەو ڕاستییەمان بیردەخاتەوە کە داڕزینی سیستەمی سەرمایەداری گەیشتووەتە لوتکە و لە جوانییەکانی ئەم جیهانەی کە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هێزی داهێنەرانەی ئینسانە، هیچ شتێک نەسیبی بەرهەمهێنەرەکانی نەبووە. ئێستا خەڵکی جیهان نەک هەر دیلی سەرمایە و چەوساندنەوە و گرفتاری ئازار و نەهامەتییەکانی سەرچاوەگرتوو لە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەن، بەڵکوو لە بەرامبەر ڕووداوە سروشتییەکانیشدا پارێزراو نین. لافاو و بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە بە ئاسانی گیان و ژیانی مرۆڤ و ژینگەکەیان لەناو دەبات. ئەگەر چارەنووسی مرۆڤی ئەمڕۆ لە دەست نیزامێکدا نەبوایە کە لە پێناو درێژەدان بە ڕەوتی

بەدەستهێنانی قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە و پاراستن و هێشتنەوەی ئەو پەیوەندییە ستەمکارانەی کە دایمەزراندووە، ئامادەیە دەست بۆ هەر جینایەتێک ببات، ئەمڕۆ جەماوەری خەڵک بەبێ ئەوەی لە خەمی نان و کار و بێبەشییەکانی ژیانیاندا بن، بە دڵێکی شاد و بە هەستێکی پڕ لە خۆشحاڵییەوە، ساڵی نوێیان دەستپێدەکرد.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەوەی ئومێدمان پێدەبەخشێت بۆ تێپەڕبوون لەم کارەساتانەی سیستەمی سەرمایەداری، ئەوە ڕاستییەیە کە مرۆڤی ئەمڕۆ بەردەوام لەپێناو بنیاتنانی جیهانێکی باشتردا خەبات دەکات. خەباتی کرێکاران لەدژی ئەو هەلومەرجە نامرۆڤانەی کە تێیدان، بە پانتایی هەموو جیهان و لەوانە بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانی چینی کرێکار لە ئێران، خەباتی ژنان لە دژی پیاوسالاری و سیاسەتی پیاوسالارانەی دەوڵەتەکان، کە نموونە درەوشاوەکەی لە خەبات و خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنانی ئێران لە بەستێنی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) لە دژی کۆماری ئیسلامیدا دەبینین، خەباتی بێ پسانەوەی جیهانی لە دژی لەناوبردنی ژینگە لەلایەن سەرمایەداران و دەوڵتەکانیانەوە و خەبات لە دژی شەڕ، کە وەک نموونەیەکی دیار لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی دژ بە جینۆسایدی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە غەززە دەیبینین، هەموویان هیوا بە ڕزگاربوون لەم ئازار و مەینەتیانە و بنیاتنانی جیهانێکی نوێ و جیهانێکی باشتریان لە دڵماندا زیندوو ڕاگرتووە. جیهانێکی کە تیایدا ئازادی و خۆشگوزەرانی هەمووان جێگەی کۆیلایەتی و نادادپەروەری و کەم و کوڕی و بێبەشییەکان دەگرێتەوە و دەرفەتی یەکسان بۆ گەشەکردنی لێهاتوویی و تواناییەکان بۆ هەمووان فەراهەم دەکرێت، جیهانێکی کە تیایدا ئامانج لە بەرهەمهێنان نەک بۆ بەدەستهێنانی قازانج، بەڵکوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ بێت، جیهانێک کە تیایدا هەرکەس بە ئەندازەی توانایی خۆی کار دەکات و بە ئەندازەی پێویستییەکانی لە نیعمەتەکانی ژیان بەهرەمەند دەبێت، جیهانێکی دوور لە شەڕ و جینایەت و قازانج پەرستی سەرمایە و جیهانێکی پڕ لە ئاشتی و بەرابەری و ئازادی.

ئەم جیهانە جیاوازە دەتوانرێت و پێویستە بنیات بنرێت. ئەوە ڕاستە کە هیچ کەس پێشوەختە مێژووی نەنووسیوەتەوە و کەس ناتوانێت بەتەواوەتی ڕوودانی هیچ پێشهاتێک لە داهاتوودا گەرەنتی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هیچکام لەو ڕاستیانە بەو مانایە نییە کە ئێمە نەزانین مێژوو چۆن دروست دەکرێت و ڕێگای ئازادی و ڕزگاریی مرۆڤەکان بە کام ئاراستەدا تێپەڕ دەبێت. لەپێناو ئازادیدا دەبێت خەبات بکرێت و بۆ ڕزگاریش دەبێ شەڕ بکرێت، بۆ سەرکەوتن لەم شەڕەدا پێویستە بەهێز بی، بۆ بەهێزبوونیش دەبێ یەکگرتوو بی، دەبێت متمانەت بەخۆت و شێوازەکانی ئەم نەبەردە هەبێت و واتای سەرکەوتن تیایدا بناسی. دەبێت ئامادەیی ئەوە هەبێت کە سبەینێ خۆت لە پێگەی لایەنی سەرکەوتوو دا ببینیتەوە و بزانی کە دوای تێکشاندن و ڕوخاندنی کۆشکی ستەم و چەوسانەوە و بەرگریکارانی نەزمی ئێستا، دەبێ چ نەزمێک لە جێگایدا دابمەزرێ و چۆن لە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی پارێزگای بکرێت. بەو هیوایەی کە ساڵی داهاتوو، ساڵی پەرەسەندنی جیهانیی خەباتی چەوساوەکان و بێبەشان و ستەملێکراوان بێت لەپێناو نزیکتر کردنەوەی مرۆڤایەتی لەو ئامانجە بەرز و پیرۆزە.