ماوەیەکی زۆری بۆ کۆتاییهاتنی پشوی هاوینەی مەدرەسە و دەبیرستان و زانکۆکان نەماوە. ئەم رۆژانە تۆمار کردنی ناوەکان و مەسەلەی شەهریە و ئاماده کردنی کتێب و پێداویستی خوێندنی دانش ئاموزانی ئاستە جۆراو جۆرەکان، بۆتە مەشغەڵەی زۆربەی بنەماڵە هەژار و بێبەشەکان. كهم نین ژمارهی ئهو دانش ئاموزانەی کە بەهۆی بێتوانایی بنەماڵەکانیان لە دابین کردنی هەزینەی خوێندنیان دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و ڕەوانەی بازاڕی بێڕەحمی کار دەبن تا لەم ڕێگایەوە کەمێک باری بەڕێچونی بنەماڵەکەیان سوک بکەن.لەم نێوانەدا موعەلیمانی ئێرانیش باری بەشێکی بەرین لەم بێبەشیانەیان بە شانەوەیە.
موعەلیمانی ئێران ئەم بەشە زەحمەتکێش و بێبەشەی کۆمەڵگای ئێمە، لە ساڵی خوێندنی ڕابردودا چەندین جار سەبارەت بە بارودۆخی کار و بەڕێچونیان ناڕەزایەتیان وەڕێخست و بەم هۆیەشەوە کەوتنە ژێر گوشاری زۆری ڕژیمەوە. لە ساڵی ڕابردودا ژمارەیەکی زۆر لە موعەلیمانی چالاک بانگ کران بۆ ناوەندە ئەمنیەتیەکان، گیران و ڕەوانەی زیندان کران و کۆبونەوە ناڕەزایەتیەکانیان لەژێر گوشاری هێزە ئەمنیەتیەکاندا هەڵوەشێندراوەتەوە و یان بەرەو رووی هێرشی هێزە سەرکوتگەرەکان بۆتەوە
داواكاریهكی سەرەکی موعەلیمانی حەقو التەدریسی لە ساڵی ڕابردودا، ئیستخدامی ڕەسمی بووە. بەڵام ئەم داواکاریە سەرەتاییە نەک هەر سەرەڕای ئەو وەعدانەی درابو، بەدواد چوونی بۆ نەکرا، بەڵکو ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی ئەم بوارەش گیران و زیندانی کران.
موعەلیمانی ئێران لە حاڵێکدا دەچن بە پیر ساڵی تازەی خوێندنەوە کە نەتەنیا ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی کار و بەڕێچونیاندا رووی نەداوە، بەڵکو بە لەبەرچاو گرتنی ئاستی تەوەڕوم و گرانبونی كالا و پێداویستییه سهرهكییهكانی ژیان زیاتر له پێشو کەوتونەتە ژێر گوشارەوە.
موعەلیمانی ئێران لە ماوەی ٣٨ ساڵ حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامیدا بەردەوام لەژێر گوشاردا بوون، ئەم بهشه لە کۆمەڵگای ئێران وەک باقی هاو چارەنوسەکانیان لە بارودۆخێکی بەڕێچونی فەلاکەتباردا دەژین و گەلێکیان بۆ بەڕێچونی خۆیان و بنەماڵەکانیان ناچارن کە بێجگە لە کاری موعەلیمی خەریکی کاری دیکەش بن. موعەلیمێک کە دوای کۆتایی کار لە مەدرەسە، ناچار دەبێت به كارێكی دیكهشهوه، سهرقاڵ بێت، نەتەنیا دەرفەتێکی بۆ حەسانەوە و ئامادە بوون لە ناو بنەماڵەكهیدا نابێت، بەڵکو بە شێوەی سروشتی توانایی ئەنجامدانی کاری دەرس وتنەوەشی لەسەر کلاسەکانی دەرس نابێت. جەستەیەکی ماندوو لە کاری دوورودرێژ، مێشکێکی نائارام لەژێر گوشاری بەڕێچونی بنەماڵەدا، نەبوونی ئەمنیەتی شوغڵی، هەڕەشە و گوشارە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆکانی ڕژیم، بە گشتی ئەمانە ئەگەر بخرێنە سەریەک، چ جێگایەک بۆ کاری موئەسر لە کلاسەکانی دەرسدا ئەمێنێتەوە.
ئەگەر نیگەرانی لە دیوارە لێکبەر بووەکانی ژمارەیەکی زۆر لە مەدرەسەکان لە دێهات و ناوچە هەژار نشینەکان، کلاسە سارد و بێ سوتەمەنیەکان لە وەرزی زستاندا، حوزوری زیاتر لە زەرفیەتی دانش ئاموزان لە کلاسەکانی دەرسدا و کەم بوونی وەسایلی کۆمەک ئاموزشی و گەلێک موشکلاتی تری لەم جۆرە بە دڵنیگەرانی و بە بارودۆخی کاریی موعەلیمانی ئەم وڵاتەوە زیاد بکەین، ئەو کاتەیە کە دەزانین، موعەلیمانی زەحمەتکێش لەژێر چ بارودۆخێکی تاقەت پڕوکێندا خەریکی کاری دەرس وتنەوەن.
بەڵام موعەلیمانی ئێران لە بەرانبەر ئەم جۆرە بارودۆخانهدا تەسلیم نەبوون و نارەزایەتی موعەلیمان لەم سالانەی دواییدا، بەردەوام بەشێک بووە لە حەرەکەتی زیندوی کۆمەڵگای ئێران. بەڵام بەداخەوە موعەلیمانی ئێران خاوەنی تەشکیلاتێکی کارا، پێشڕەو و ڕادیکاڵ نین، کانونی سینفی موعەلیمانی ئێران ئەگەرچی لەم ساڵانەی دواییدا کەم و زۆر ناڕەزایەتی موعەلیمانی ڕێبەری کردوە، بەڵام ئەم ڕێکخراوە بەر لەوەی کە چاوی لە هێزی گەورە و بەرینی موعەلیمان بێت کە ئامادەن شێلگیرانە بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داواکاریەکانیان لەپشت سەری تەشکیلاتەکەیان حەرەکەت بکەن، چاوی لە ڕێنماییەکانی ئیسلاح خوازانی حکومەتیە کە دڵمەشغوڵیەکانیان لەگەڵ خەم و نیگەرانیەکانی موعەلیمان یەک ناگرنەوە.
ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە حاڵێکدا کە ٨ ساڵ پۆستی سەرۆک کۆماری و زۆرینەی مەجلیسیان بەدەستەوە بوو، نەیانتوانی و نەیانویست تەنانەت یاسایەکیش لە بەرژەوەندی موعەلیمان پەسند بکەن و بیخەنە بواری جێبهجێ كردنهوه. ئەوان حوزوری موعەلیمان لە مەیداندا وەک حوزوری باقی توێژەکانی تر تا ئەو جێگایە بە پێویست و بەسود دەزانن کە بتوانن پێگەی خۆیانی لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا پێ بپارێزن و یان مەوقعیەتی نوێ بەدەست بێنن و هەر کاتێکیش کە ئەم پێگانەیان بەدەست هێنا و گەیشتنە ئامانجەکانیان، وەک باقی دەسەڵاتداران نەک هەر کارێک بۆ گۆڕینی بارودۆخی دژواری کار و ژیانی موعەلیمان ئەنجام نادەن، بەڵکو هەر بە هەمان ئەو ئامرازانەی کە ڕژیم کەڵکیان لێوەدەگرێت وەک فریودان، وەعدە و بەڵێن و یان سەرکوت و زیندان، هەوڵی بێدەنگ کردنیان ئهدهن.
بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران دەخوازێ کە موعەلیمان لە هاوڕێی و هاو ئاهەنگی لەگەڵ بەشە پێشڕەو و ڕادیکاڵەکانی بزوتنەوەی کرێکاری، خوێندکاران، زانكۆكان، دانش ئاموزان، ژنان و پیاونی ئازادی خواز، بچن بەشوێن ویست و داواکاریەکانیاندا. گۆمانی تێدا نییە کە حەرەکەتی ناڕەزایەتی ئەوان لە درێژەی ئەوەی کە ساڵی ڕابردو ئەنجامیاندا، لە ساڵی خوێندنی داهاتوشدا بە پشتیوانی بەرین تر لە لایەن باقی توێژ و چێنە ناڕازای و تێکۆشەرەکانەوە، درێژەی ئەبێت. ڕەوتی ڕادیکاڵ بونەوەی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ئێران، تەشەکولەکانی ئێستای موعەلیمان و لەوانە کانونی سینفی موعەلیمان، ئەگەر نەیەوێ لە لایەن موعەلیمانی تێکۆشەرەوە پەراوێز بخرێت، دەخاتە مەوقعیەتی خۆ نوێ کردنەوە و باشتر بوونی کرداریەوە، لەبەر ئەوەی تەجروبەی تا ئێستای خودی موعەلیمانیش نیشانی داوە کە ئەم جۆرە سیاسەتی نەرمی نواندن و محافزەکارانەیە و هیوادار بوون بە ئیسلاح خوازانی حکومەتی، نە نانێک بە سفرەی موعەلیمانەوە زیاد دەکات و نە باشتر بوونێک لە بارودۆخی کاریی و تەدریسی ئەواندا بەدی دێنێ.