کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست و دیکتاتۆر نییە، بەڵکوو ئەخلاقییاتی بەشێک لە کۆمەڵ، بەتایبەت لە بواری بازاڕدا بەشێوەیەکی بەرین گەندەڵ کردووە و ساختەکاری و درۆی کردووەتە نۆرم و کلتووری زاڵی سەودا و موعامەلە. ئەم ڕژیمە باروودۆخێکی خوڵقاندووە کە قازانجپەرستان هەم گیرفانی خەڵک بەتاڵ دەکەن و ههم سڵامەتیشیان دەخەنە مەترسییەوە.
ساختەکاری لە بازاڕ و فرۆشتنی جنس و کاڵای خراپ لە جیات بەرهەمی موعتەبەر و باش، تایبەت بە ئێران نییە و لە هەر وڵات و نیزامێکی داخراو، دیکتاتۆر و وڵاتێک کە کڕیار و موشتەری هیچ مافێکیان نییە، بابەتێکی باوە. بەڵام ئەوەیکە بازاڕی ئێران جیاواز دەکات ڕۆڵی سپای پاسداران و ئاخوندەکانی حکوومەتە لە کۆنتڕۆڵی بازاڕ و هاوردەکردنی هەر کاڵایەکی خراپ و هەرزان. ناو و نیشانی کاڵای خراپ لەگەڵ کاڵا موعتەبەرە جیهانییەکان دەگۆڕن. ئەم بابەتە لە هێندێک حاڵەتی پێوەندیدار بە ماددەی خۆراکی و دەرمان کە تەنانەت جاری وایە کاتی بەسەرچوونیشی دەستکاری دەکرێت، یەکجار مەترسیدارە. ئەم بابەتە لە پێوەند لەگەڵ ماددەی شیمیایی و ڕەنگیش هەر بەم شێوەیەیە. نە تەنیا بەرهەمی خۆراک و تەندرووستی و سڵامەتی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە، بەڵکوو زۆرێک لە ئاگرکەوتنەوەکانیش هۆکارەکەیان خراپ و تەقەلوبی بوونی ئامێرەکانی کارەبایە.
ساختەکاری و کۆنتڕۆڵ نەکردنی کوالیتیی کاڵاکان گەیشتووە جێگایەک کە هیچ متمانە و زەمانەتێک سەبارەت بە سالم و واقعی بوونی کاڵاکان و بەتایبەت دەرمان و خۆراکییەکان بوونی نییە. سپای پاسداران و ئەو ئاخوندانەی کە بە سوڵتانی ئەم یان ئەو کاڵا ناوبانگیان دەرکردووە، جنسی هەرزان و تەقەلوبی دێننە ناو وڵاتەوە و ساختەکارانی پیشەیی و تیجاری کە هیچ جۆرە بەرپرسایەتییەکانیان لە ئاست خەڵک، مشتەری و بەکارهێنەراندا نییە، بە دەستی ئاواڵەوە قیمەت و کوالیتیی کاڵاکان دەستکاری دەکەن. درۆ لە ئیسلامدا حەرام نییە و ئاخوندە شیعەکان پێی دەڵێن “تەقیە” و ساختەکاری و درۆ بەشێک لە ماهییەتیانە کە ئەویش هاتووەتە ناو بازاڕەوە.
بەرپرسانی حکوومەتی حاشا لەوە ناکەن کە “٣٠ لەسەدی زەعفەران” و “٧٠ لەسەدی لەوازمی ئارایشی”، “٢٠ لەسەدی سەعاتەکانی بازاڕ”، “٨٠ لەسەدی پێداویستیی ناو ماڵ” و “٩٠ لەسەدی برەندەکانی پۆشاک” تەقەلوبین. لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا لە ئاکامی خەباتی دەیان ساڵەی خەڵک، ڕێکخراوی غەیرە دەوڵەتیی سەربەخۆ و یاسایی بۆ پشتیوانی لە مافی بەکارهێنەران پێکهاتوون. تەنانەت لە ساڵی ١٩٨٥دا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بە پەسەندکردنی پەیماننامەیەک بوو کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە واژۆکەرانیەتی. لە ڕاگەیەندراوی ئەم پەیماننامەیەدا بۆ نموونە هاتووە کە: “بەکارهێنەر مافی خۆیەتی لە کاڵایەک کە دەخرێتە ئیختیاریەوە، ئەرخەیان بێت که هیچ جۆرە زیانێک بە تەندرووستیی ناگەیەنێت. هەموو زانیاریی پێویست بۆ هەڵبژاردنی وشیارانەی کاڵا پێویستە بخرێتە ئیختیار بەکارهێنەرەوە و دەبێ بەکارهێنەر بهرانبهر به تەبلیغاتی فریوكارانه و زانیاریی نادرووست پشتیوانیی لێبکرێت”. بەڵام لە ئێران ئەم ڕێکخراوە ناوی “ڕێکخراوی پشتیوانی لە بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران”ە کە ناوەندێکی بێکەڵک و بوروکراتیکی دەوڵەتییە و سەربە وەزارەتی سەنعەت و مەعدەنە. گەندەڵیی جێکەوتوو لەم ئیدارە دەوڵەتییەدا، بەرپرسانی کردووەتە بەرتیلخۆری پیشەیی و سکاڵای بەکارهێنەر لەم ڕێگەوە هەرگیز ئاکامێکی نابێت.
سایتی “ئێران وایەر” ڕاپۆرتێکی سەبارەت بەم بابەتە ئامادە کردووە کە گۆشەیەک لەم ساختەکارییە بەرینە و نابەرپرس بوون و پێشێلکردنی هەموو پێوەرە ئەخلاقییەکان نیشان دەدات.
” … چەوریی جەرگی یەکجار چووەتە سەرێ و دکتور پێی وتووە کە تەنیا ڕۆنی زەیتوون و کۆنجێد بەکار بێنێت.
لە قەفەسەی ڕۆنەکانی فرۆشگادا بەشوێن هەرزانترین ڕۆنی زەیتووندا دەگەڕێت. ئاخرێکەی دانەیەک هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە ماڵێ. بەڵام لەو ڕۆژەوە کە ئەم ڕۆنە بەکار دێنێت، بەردەوام زگ ئێشەیەتی. «نادر» ئەم بابەتە لە لای یەکێک لە خزمەکانی کە لە ئازمایشگای ماددە خۆراکییەکاندا خەریکی کارە باس دەکات و ئەویش ڕۆنەکە بۆ تێست دەباتە ئازمایشگا. پاشان دەردەکەوێ کە ئەو ڕۆنەیبە ناوی ڕۆنی زەیتوون بە نادریان فرۆشتبوو تەقەلوبیە و ئەم ڕۆنە لە پارافین و ڕۆنی مایەع و ئێسانسی زەیتوون پێکهاتووە. فرۆشتنی هەموو جۆرە کاڵا و بەرهەمێکی تەقەلوبی لە ماددە خۆراکییەکانی وەک ڕۆن، ئاولیمۆ وخواردنەوە گیاییەکان تا ماددەی خاوێنکەرەوەو تەندرووستییلەوانە پوودری جلشۆری، سابوون، عەتر و ئۆدکڵون و کرێم لە بازاڕی ئێراندا بووەتە بابەتێکی ئاسایی. هاووڵاتییانی ئێرانی بەردەوام ڕۆژانە دەکەونە ژێر کاریگەرییە زیانبارەکانی کاڵا تەقەلوبییەکانەوە”.
ڕژیمی ئیسلامی تا ڕادەیەک کلتووری کۆنەپەرستی و دژە ئینسانیی پهرهپێداوه کە تەنانەت ئەگەر ههر ئەمڕۆش بڕووخێت، کاریگەرییە وێرانەکەرەکانی بۆ ماوەیەک دەبێتە کێشە و گرفتی جیددیی کۆمەڵ. بۆ دەسەڵاتی ئیسلامی گیان و سڵامەتیی خەڵک هیچ بایەخێکی نییە. ئاخوندەکان، فەرماندەکانی سپا و هێزە ئەمنییەکان، بازرگانان و بازاڕیانی سەربە ڕژیم بۆ وەدەستهێنانی قازانجی زیاتر دەست دەدەنە هەموو جۆرە ساختەکاری و جەنایەتێک.
پێشمەرجی پێکهێنانی کلتووری ئیسانی کە گیان، سڵامەت و مافی سەرەتایی خەڵک قەبووڵ و دابین بکرێت، درۆ و ساختەکاری جێگایەکی نەبێت، ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی حکوومەتی ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکە کە تێیدا درۆ و ساختەکاری بۆ قازانجی زیاتر، هیچ جێگایەکی نەبێت.