کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیندانی ئەوین شاهیدی چەندین جەنایەتی مەترسیدار لە دژی زیندانیانی سیاسی لە دوو ڕژیمی سەڵتەنەتی و ئیسلامیدا

دوای تێپەڕ بوونی ٢٤ کاتژمێر لە ئاگردانی زیندانی ئەوین هێشتا ئاستی رووداوەکەی دوشەوی ڕابردوی ئەم زیندانە ڕوون نەبۆتەوە. شاردنەوە و ڕاپۆرتی ناکۆک و دژبەیەکی کاربەدەستانی ڕژیم، لەپاڵ بێ خەبەری لە بارودۆخی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی، گواستنەوەی ژمارەیەکیان و ڕاگرتنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، نیگەرانیەکانی خەڵک و بنەماڵەکانی زیندانیانی زیاتر کردوە.

  ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لەبەردەست دان دەریدەخەن کە ئۆرگانە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم و ئەڕتەشە سایبریەکەیان لە بەیانی دوێنێوە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆینە و ناکۆک، دەستیان کردبوو بە فەزاسازی بۆ ئەم جەنایەتە. وادیارە کاربەدەستانی ئەمنیەتی بۆ ترساندنی خەڵک و بە دەست هێنانی بیانو بۆ هێرش کردنەسەر زیندان و کوشتاری زیندانیانی سیاسی بەرنامە ڕێژییەکی داماوانەیان هەبووە. ئەزمونی جەنایەتەکانی هاوینی ساڵی ٦٧ و کوشتاری وەحشیانەی بە هەزاران کەسی زیندانیانی سیاسی نیشانی داوە کە جەنایەت پیشەیی ڕژیم هیچ ئاست و سنورێکی نییە و لەمرۆشدا سێبەری مەترسی بەسەر سەری زیندانیانی سیاسیەوە هەیە.

  قوەی قەزاییە لە بەیانیەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ئاگر گرتنی زیندانی ئەویندا ٤ کەس لە زیندانیەکان بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵ مردون و ٦١ کەسی دیکەش بریندار بوون. بە پێی ئەم بەیانیە هەر چوار کەسەکەی کە مردون لە زومڕەی مەحکومانی ئاسایی بوون کە خەریکی تێپەڕ کردنی دەورانی مەحکومیەتەکەیان بوون. لە حاڵێکدا کە ڕووداوی زیندانی ئەوین جیهانی بۆتەوە، ڕاگەیەنەرەکانی سەربە ڕژیم هەوڵ ئەدەن تا کارەساتەکە بچوک و کەم بایەخ پیشان بدەن.

  زیندانی ئەوین یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگ ترین زیندانە سیاسیەکانی ئێرانە کە لە دوو ڕژیمی سەڵتەنەتی و ئیسلامیدا شاهیدی چەندین جەنایەتی مەترسیدار لە دژی بەشریەت بووە.

  زیندانی ئەوین لە دەورەی محەممەد ڕەزا شای پەهلەویشدا شاهیدی کۆمەڵێک جەنایەتی بێ ئەژمار بووە. لە ساڵی ١٣٥٤ لە پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، ساواکی ڕژیمی سەڵتەنەتی ٩ کەس لە زیندانیانی سیاسی ئەوینی لە تەپۆلکەکانی نزیک ئەوین، بە بیانوی هەڵاتن لە زیندان ئێعدام کرد. پاساو و داستانی ساواک بۆ ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی گەلێک هاو شێوەی ئەم داستانەی ئەمرۆی کوماری ئیسلامیە لە زیندانی ئەوین. لە ساڵی ١٣٥٤ بیژەن جەزەنی یەکێک لە ڕێبەرانی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران و هەشت زیندانی دیکەی سیاسی گیانیان بەختکرد.

  زیندانیانی سیاسی ئێران لە زومڕەی سەریف ترین و وشیار ترین منداڵانی خەڵکی ئێڕانن و دیفاع و داکۆکی کردن لە زیندانیانی سیاسی یەکێک لە ئەرک و پێداویستیە ئینسانی و خەباتکارانەکانی خەڵکە. چالاکی و تێکۆشان بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی لە زومڕەی زەروری ترین داخوازیەکان و ئەرکی هەر ئینسانێکی شەریف و ئازادی خوازە.

  حکومەتی ئیسلامی بەرپرسی گیانی زیندانیانی سیاسییە و نەخشە و پیلان بۆ ئاگردانی زیندانی ئەوین و کوشتنی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی جەنایەتە دژی بەشریەت. لە دەیەی شەستدا کۆماری ئیسلامی چەندین هەزار زیندانی سیاسی کۆمەڵ کوژ کرد و حاکمانی ئێستا ناتوانن ئەم جەنایەتە لە دنیای ئەمڕۆدا تێکرار بکەنەوە.

  ڕژیمی ئیسلامی بۆ ترساندنی خەڵکی ناڕازی، بۆ بەڵاڕێدا بردنی خەباتی خەڵک لە هیچ جەنایەت و پیلانگێڕیەک سڵ ناکاتەوە. تیرۆر کردن و لەشکر کێشی لە کوردستان، جەنایەت لە بەلوچستان، موشەک باران کردنی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە جیهادیەکان و هەوڵدان بۆ چەکدار کردنیان لە شاری سنە و باقی شارەکانی کوردستان و لە کۆتاییدا ئاگردانی زیندانەکان لە ڕەشت و تاران بەشێکن لە نەخشە و پیلانە شوومە جەنایەتکارانەکانی حاکمانی ئیسلامی.

  دیفاع و داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و تێکۆشەر بۆ ئازاد بوونیان، پێویستە لە زومڕەی سەرەکی ترین داخوازیەکانی خەڵکی ناڕازی بێت. دیفاع و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لەم بارودۆخە پڕ ئازارەدا، دەکرێ لانیکەمی کارێک بێت کە ئێمە دەتوانین بۆ زیندانیانی سیاسی بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕیفۆڕم خوازانی حکومەتی چرخی پێنجەمی ماشێنی حاکمیەتی ئیسلامی

-

پشتیوانی جەماوەری لە ئاستی ئێراندا لە خەڵکی کوردستان جێی خۆشحاڵی و پێزانینە

-

یەکێتی و ڕێکخڕاو بوونی زیاتری خەڵکی کوردستان مەرجی سەرکەوتنە

-

دیفاع لە خەڵکی کوردستان دیفاعە لە ئازادی و ئینقلاب

-

پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی و پێویستی پشتیوانی ماڵیی لە چین و توێژە هەژارەکانی کۆمەڵ

-

خامنەیی و شەڕئەنگێزی بێ سنوور

-