کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیاد کردنی بوجەی سەرکوت، وڵامی ڕژیمی ئیسلامی بە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک

رۆژی دووشممە ٩ ی مانگی ڕێبەندان وتەبێژی کوموسیۆنی پێداچوونه‌وه‌ی بوجەی مەجلیس، کۆتایی کاری هەڵسەنگاندن و ئیسلاحی لایەحەی پێشنیار کراوی دەوڵەتی روحانی ڕاگەیاند. ڕاپۆرتی ئەم کومونسیۆنە کە کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی کەمی لە پێکهێناوە، لە كۆبوونه‌وه‌ی مەجلیس لە رۆژی سێ شەممەدا قسە و باسی سەرەتایی لەسەر کرا و درێژەپپدانی داندرا بۆ رۆژانی داهاتوو. ئەگەرچی بوجەی پێشنیار کراوی دەوڵەت بۆ ساڵی ١٣٩٧ وەک ساڵانی ڕابردو لە پێنای دروست کردنی ته‌نگه‌ژه‌ و بێ به‌شی زیاتر بۆسەر ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و کەم داهاتی كۆمه‌ڵگایه‌‌، بەڵام بوجەی ساڵی داهاتوو خاوەنی تایبەتمەندی سیاسی و ئەمنیەتی زیاترە بە بەراورد بە ساڵەکانی پێشووه‌.

هه‌ڵوێستی سەرەکی ئەم بوجەیە لە درێژەی پەیڕەو کردنی ئەو سیاسەتی نێئۆلیبڕاڵیانە دایە کە ئیجرا کردنیان تا ئێستا هیچ شتێک نەبووە بێجگە لە زیاد بوونی گرانی و بێکاری و هەژاری و نه‌داری زیاتر بۆ جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش. ئەم سیاسەتە بە خوسوسی سازیەکان، دەرکردنی هێزی کار و داسەپاندنی ڕه‌نج و سه‌ختی بەسەر بەڕێچوونی جەماوەری خەڵکدا، لە خزمەت قازانج و بەرژەوەندی سەرمایەدارانی نێوخۆیی و دەرەکیدایە، لە لایەحەی بوجەی دەوڵەتی روحانیدا نە تەنیا سەرنجێک نەدراوەتە گرفتی هەژاری و بێکاری خەڵک بەڵکو بوجەی پێوەندیدار بە خزمەتگوزاری ئاموزشی، بێهداشتی، دەرمانی و ناده‌دانی و یارانەی زیاتر لە سی ملیۆن کەس لە خەڵکی کەم داهات، یان بڕاوە و یان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە. لە بەرانبەردا، هەزینەکانی کەڵک وەرگرتن لە خزمەتگوزاری دەوڵەتی بۆ خەڵک، لەوانە نرخی سوتەمەنی گەلێک زیادی کردوە. هه‌روه‌ها به‌و پێیه‌ هەزینەکانی گواستنەوە و گەیاندن و نرخی گەلێک لە کالا مەسرەفیەکانیش بەرز دەبێتەوە.

بەڵام ئەمانە تەنیا تایبەتمەندی بوجەی ئەمساڵ نییە. وادیارە کە سەرانی ڕژیمی ئیسلامی پیامی ئاخێزی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی خەڵکی برسیان بە جیدی وەرگرتوە. لایەحەی بوجەی ساڵی داهاتو نیشانی ئەدات کە وڵامی حکومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی بە پەیامی جەماوەری خەڵک نەک تەرخان کردنی بوجە بۆ کەم کردنەوەی هەژاری و بێکاری و چارەسەر کردنی گرفتەکانی ژیانی خەڵکی ئێران کە چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئێسقانیان، بەڵکو بەهێز کردنی زیاتری هێزە سەرکوتگەر و دەمودەزگای جۆراو جۆری فریو و درۆ و خورافەی ئیسلامی، بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ شەپۆلی ڕۆڵه‌ گه‌شه‌ی ئاخێز و ناڕەزایەتی خەڵکی وەگیانهاتووە. لایەحەی بوجەی دەوڵەت نیشانی ئەدات کە هەزینەی بەرەو روو بوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاخێزی جەماوەری خەڵک و درێژەدان بە سیاسەتی ده‌خاڵه‌ت كردن له‌ ناوچه‌كه‌، ته‌نیا بە بڕینی یارانەی سی ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران، بە زیاد کردنی نرخی سوتەمەنی و نەدان و وەدوا خستنی حەقدەستەکانی کرێکاران و هیتر دابین نابێت. بەڵکو ئیجرای بەرنامەی نیزامی ئەمنیەتی بۆ پاراستنی ڕژیم، پێویستی بە بوجەی زیاتر هەیە کە ئه‌مه‌یان ئیتر لە سەڵاحیەتی دەوڵەتی روحانیدا نییە. حەسەن روحانی ماوەیەک لەوەپێش ئیعتیڕافی بەوە کرد کە سەرفی دوو لەسەر سێی بوجەی ئێستای دەوڵەتیش لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوە و لە شوێنەکانی دیکە بڕیاریان لەسەر ئەدرێت.

بەم مەبەستە عەلی یوسف نیژاد وتەبێژی کوموسیۆنی پێداچوونه‌وه‌ی بوجەی مەجلیس ڕایگەیاند:” لەسەر بنەمای ئیجازەی ڕێبەریی، ئەم کۆموسیۆنە پەسندی کرد کە چوار ملیارد دۆلار ( بەرابەری ١٨ میلیارد تمەن) ی تریش لە شوێنی بەناو ” سندوقی تەوسعەی میللی” بۆ هەزینەکانی ئێستا دابین بکرێت.” ئەو لە روون کردنەوەی زیاتردا وتی کە لەو چوار میلیارد دۆلارە بڕی دوو میلیارد و ٥٠٠ هەزار دۆلاری ( واتە زیاتر لە ١١ هەزار میلیار تمەنی) سەرفی بەهێز کردنی بونیەی دیفاعی، واتە بەهێز کردنی دەم و دەزگای سەرکوتی ڕژیم دەکرێت. لەگەڵ ئەوەدا ١٥٠ ملیۆن دۆلاریش بۆ دەزگای فریوكاری سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی ته‌رخان دەکرێت. بەشێکی تر لە ڕەدیفەکانی بوجەی ساڵی ١٣٩٧ کە تا ئێستا هەموو ساڵێک لە گیرفانی خەڵکی ئێران دراوە بە ناوەندە مەزهەبیەکان و ئێستا زیاتریش بووە، بەم جۆرەیە:” ناوەندی خزمەتگوزاری حەوزە عیلمیەکان”، ٩٠٠ میلیارد تمەن، ” شورای باڵای حەوزە عیلمیەکان”، ٤٤٦ میلیارد تمەن. ” شوڕای سیاسەت گوزاری حەوزەکانی عیلمیەی خاهەران”، ٢٧١ میلیار تەمەن. دەفتەری تەبلیغاتی حەوزەی عیلمیەی قوم، ٩٦ میلیارد تمەن. سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، ١٦٩ میلیارد تمەن. نوینەرایەتی وەلی فەقیە لە سپادا، ٩٤ میلیارد تەممەن، سازمانی فەرهەنگ و ئیڕتباتاتی ئیسلامی، ٢١٨ میلیارد تمەن. مەجمەعی جیهانی ئەهلی بەیت، ٤٧ میلیارد تمەن. مەجمەعی جیهانی تەقویەتی مەزهەبە ئیسلامیەکان، ٣٧ میلیارد تمەن. ناوەندێکی دیکەی په‌ره‌دان بە ئیسلام لە وڵاتانی تر، ٣٠٣ میلیارد تمەن.

ئەوە لە حاڵێک دایە کە بوجەی لەبەرچاو گیراو بۆ کاروباری تر لەوانە ئاموزش و پەروەرش، بێهداشت و دەرمان و بابه‌ته‌ پێوەندیدار بە پاراستنی ژینگە کە ئێستا بۆتە گرفتێکی گەورە بۆ ژینگە و سڵامەتی خەڵکی ئێران، شیاوی بەراورد کردن نییە لەگەڵ ئەو بوجانەی بۆ ناوەندەکانی خزمەتگوزاری مه‌زهه‌بیه‌كان تەرخان کراوە. لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەدا، لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ئێران چوار بەرابەر لەژێر هێڵی هەژاری دایە. مامۆستایان بەردەوام لە هەوڵدان تا بە دۆزینەوەی کاری دووهەم و سێهەم بتوانن ژیانیان دابین بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بۆ دابین کردنی هەزینە دەرمانیەکان و کاروباری ژیانیان ناچارن بەشێک لە جەستەیان بفرۆشن. ئەم بوجە بەندیە لە حاڵێکدایە کە دیاردەی کارتۆن خەوی، گۆڕخەوی، لەشفرۆشی، منداڵانی کار کە لە سەتڵی زبڵدا بەشوێن تێرکردنی سکیانەوەن و باقی خه‌ساره‌ کۆمەڵایەتیەکان، پەڵەیەکی شەرمەزارین بە نێوچاوانی ده‌سه‌ڵاتدارانی دز و گەندەڵی ئیسلامیەوە نراوە.

چوار دەیە حاکمیەتی باڵە ئیسلاح خواز و ئوسولگەراکانی کۆماری ئیسلامی نیشانیدا کە هیچکامیان بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەری گرفتەکانی کۆمەڵگە و دابین کردنی بەڕێچونی خەڵک نەبووە وێنه‌ بۆ چوونی. سەرەکی ئەوان دزی زیاتر و خەمی سەرەکییان پاراستنی دەسەڵات و درێژەدان بە ده‌سته‌ڵاته‌كه‌یانه‌ بە هەر نرخێک بێت. بەڵام جەماوەری خەڵکی ئێرانیش ساڵانێکە تەوەهومی هاتنە ئارای باشتر بوونێک لە بارودۆخی ژیانیاندا لەژیر ده‌سته‌ڵاتی وەها حکومەتێکدا وەلاناوە. بەڵام هه‌موو شتێك ئاماژه‌ به‌ وه‌ده‌كه‌ن ئاخیزێکی به‌هێز تر بەهێز و بە توانای زیاترەو بە ئامادەیی و ڕێكخراو بوون و بەپێی ئیستراتیژیەکی ڕوون تر لە ڕێدایە کە بە هەڵتەکاندنی بناغەکانی ئەم حاکمیەتە دژی ئینسانیە، کۆمەڵگایەکی نوێ و ژیانێکی شایستەی ئینسانی ئەمرۆ بۆ خۆی بنیاد بنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah