کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زیادکردنی حەقدەست، پێویستی بە ڕێکخستنی کاریگەرتر و خەباتێکی بەهێزتر هەیە

کارگران

کابینەی ڕەئیسی بودجەی ساڵی ١٤٠٣ی لە پێناو دەستەبەرکردنی مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی و بە هێرشی هەرچی زیاتر بۆ سەر ئاستی بژێوی کرێکاران، خانەنشینان و کارمەندە پلە نزمەکان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی حەقدەستی ڕاستەقینەی ئەوانەوە، داڕشتووە. لە پرۆژەیاسای بودجەی ١٤٠٣دا کە لەلایەن کابینەوە ڕادەستی پارلمان کراوە، پێشبینی دەکرێت حەقدەستی کارمندان و کرێکارانی دەوڵەتی بەڕێژەی ١٨% و حەقدەستی خانەنشینان بەڕێژەی ٢٠% زیاد بکرێت، لەکاتێکدا ڕێژەی هەڵاوسان لەسەدا ٤٥ و نیو ڕاگەیاندراوە. بیانووی کابینە هەروەک ساڵانی ڕابردوو ئەوەیە کە بە داڕشتنی بودجەی بچووککراوە و جەختکردنەوە لە سەر لەخوارەوە ڕاگرتنی ئاستی حەقدەستەکان، دەکرێت نرخی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکرێ و سەرەنجام دابەزێت. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەهۆی هاتنەخوارەوەی توانایی کڕین، خواست کەم دەبێتەوە و هەر بەو پێیە بەرهەمهێنانیش کەم دەبێتەوە. ساڵی ڕابردوو شۆڕای باڵای کار لەژێر گوشاری هەر ئەم کابینەیە و بە پشتبەستن بە هەمان لۆژیکی نازانستی، لانیکەمی حەقدەستی تەنها ٢٧% زیادکرد، لەکاتێکدا ڕێژەی هەڵاوسانی ڕاگەیاندراو لەلایەن خودی دەزگای ئاماری دەوڵەتەوە، زیاتر لە ٤٠% بوو. بە وتەی کارناسان بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان هیچ پەیوەندییەکی بە حەقدەستی کرێکاران و مووچەخۆرانەوە نییە و بیانووی حکومەت لەم حاڵەتەدا زۆرتر پاساو و نازانستی و سیاسییە. بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان دەرئەنجامی کورتهێنانی ئێجگار زۆری بودجەی کابینەیە. ئەم کابینە ساڵانە بەمەبەستی دابینکردنی بودجە بۆ دامەزراوە ئاینی و سەرکوتگەرەکان، کە بەردەوام لە زیادبووندان، جگە لە چاپکردنی پووڵ، لە بانکی ناوەندی و ناوەندەکانی وەک ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش قەرز دەکات و هەر ئەوەش هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی خێرای هەڵاوسان پێکدەهێنێت. پێویست بە وەرهێنانەوەیە کە ئەم کابینەی ئێستا، ساڵی ڕابردوو بوودجەی دەیان دامەزراوەی زیانبەخشی ئایینی و سەرکوتگەری جەستەیی و دەروونی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکرد. بۆ نموونە بوودجەی ناوەندی خوڕافاتی خومەینی بە ڕێژەی ٤١٥% زیادی کرد، بودجەی ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکر، واتە دام و دەزگای  سەرکوتگەری دادوەری، پۆلیسی، سپاهی و گەشتی بەڕواڵەت هەڵوەشاوەی ئیرشادی بە ڕێژەی ١٢٥% زیادی کرد. ئەمساڵ کە ڕژیم مانەوەی خۆی بە سەپاندنەوەی سەرلەنوێی حیجابی ناچارییەوە بەستووەتەوە و ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی پشتیوان و هاوخەباتیان زۆر بوێرانە و لە ئاستێکی بەربڵاودا سوورن لەسەر درێژەدان بە خەبات و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، پێدەچێت ئەو بودجانە زۆر لەوەش زیاتر بەرز بکرێتەوە.

هەڵسووڕاوان و ناڕازییان لە بزووتنەوەی سیاسی-سنفی کرێکاریی ( کرێکارانی خانەنشین) بە هۆی ئەو بودجەیەی ڕژیمی دژە خەڵکی حکوومەتی ئیسلامییەوە، ئاستی خەبات و مانگرتنەکانیان لە پێناو بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان، بەربڵاو و ڕێکخراوتر کردووە. بەپێی هەڵسەنگاندنی بەشی کرێکاریی”ڕادیۆی زەمانە”، کرێکاران و خانەنشینان تەنیا لە حەوتووی ڕابردوودا لە ناڕەزایەتی دژ بە هەژاری و هەڵاواردن، پتر لە ٧٠ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی سەرشەقامیان بەڕێوە بردووە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشین،  بریتی بوو لە زیادکردنی حەقدەست و ماف و مەزایای خانەنشینی و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان. لە لوتکەى ئەو خەبات و ناڕەزایەتیانەدا پێویستە ئاماژە بە مانگرتن و کۆبوونەوەی کرێکارانی نەوت و لەوانەش کرێکارانی فەرمی نەوت بکرێت. بە وتەی نووسەرانی ئەو  هەڵسەنگاندنە، هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێکی زیاتر لە کرێکارانی پیشەسازی نەوت دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. کارمەندانی فەرمی، کرێکارانی گرێبەستی کاتی، کرێکارانی پەیمانی و ئەو کرێکارانەی کە لە دوای ساڵی ١٣٩٣ دامەزراون، ڕۆژانە یان بەشێوەی هەفتانە لە شوێنی کار یان لەسەر شەقام کۆبوونەتەوە. لەم هەفتەیەشدا چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن خانەنشینانی نەوت و بە پشتیوانی و بەشداری کرێکارانی لەسەرکار بەڕێوەچوو. ئێستا دەتوانین بڵێین کە ناڕەزایەتییەکان هەموو ئاست و بەشە جۆراوجۆرەکانی کرێکارانی لەسەرکاری پیشەسازی نەوتی گرتۆتەوە و سەرەتاکانی پەیوەندی نێوان کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشینانی ئەم پیشەسازییە شکڵی گرتووە. ویست و داواکاری سەرجەم مانگرتووان و ناڕازییان بەشێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە زیادکردنی حەقدەست. جەماوەری کرێکار و بەتایبەتی تێکۆشەران و کرێکارە پێشڕەو و وشیارەکان دەزانن کە ڕژیمی گەندەڵ و قەیران لێدراوی ئیسلامی، سەروەت و سامانی زۆر و زەوەندی ئێران و هەروەها داهاتی هەناردەکردنی نەوت و باجی سەر پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، جگە لە دزین و بەتاڵانبردن، لە پێناو هێزە سەرکوتگەرەکانی ناوخۆ و هێزە نیابەتییە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکانی دەرەوەدا خەرج دەکات. لە هەمان کاتدا دەزانن کە خاوەنکارەکان بە چەوساندنەوەی هەرچی زیاتر، کرێکاران لە هەژارییەکی بەردەوام و لەڕادەبەدەردا ڕادەگرن. هاوکات نابێ ئەوەش لەبیر بکرێت کە هەژاری، هاوشانی دام و دەزگای سەرکوت، ئامرازێکی کاریگەرە لە دەستی ڕژیمدا بۆ دوورخستنەوەی کرێکاران لە خەباتی سیاسی و چینایەتی. کرێکاران و چین و توێژە هەژارەکان لە وەها بارودۆخێکی خەبات و ناڕەزایەتیدا، پێویستیان بە خۆڕێکخستن و پەروەردەی باشتر و هاتنە مەیدانی کاریگەرتری ڕێبەرانی کرداریی هەیە. هەرچەندە ڕادەی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری لەم بوارەدا لە کۆبوونەوە بەربڵاوەکانی هەفتانە و خستنەڕووی داواکاری هاوشێوە و هاتنی هاوکاتی کرێکارانی خانەنشین بۆ سەر شەقامەکان لە دەیان شاردا بەرچاوە، بەڵام دەکرێت ئەم پێشڕەوییە خێراییەکی زیاتر بەخۆیەوە بگرێت. پێویستە وردبیناتر ئاستەنگەکانی سەر ڕێگا هەڵسەنگێندرێن و لێبڕاوانەتر لە پێشوو لەپێناو بەدیهێنانی داواکارییەکانی کرێکاراندا، وەک پێشەنگ بۆ ڕزگاربوون لە ئازار و مەینەتییەکانی سەرمایەداری و ڕژیمە خزمەتکارەکانی، لەوانە کۆماری ئیسلامی خەبات بکرێت.