قوباد کەرەمپوور نوێنەری کرماشان لە شۆرای باڵای ئوستانەکانی ئێران ڕایگەیاند، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لە سنوورەکاندا خەریکی کۆڵبەرین بڕوانامەی لیسانسیان هەیە و ژنانیش لە سەدا ١٠ی کۆڵبەرانی ئەو سنوورەیان پێکهێناوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بەوەی کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێک کە بڕوانامەی “فەوقە لیسانسی” بیرکاری هەبووە لە سنوورەکاندا گیانی لەدەستداوە، ڕایگەیاند، ئەگەر ئەم هاووڵاتییانە بەڕاستی کێشەی بژێوی ژیانیان نەبێت، بەو شێوەیە گیانی خۆیان ناخەنە مەترسیەوە و بینینی ئەو ژن و پیاوە بەساڵاچووانەی کە ناچارن بۆ بژێوی ژیانی خۆیان لە سنوورەکاندا کۆڵبەری بکەن ناخ هەژێنە. “قوباد کەرەمپوور” دواتر باسی لەوە کرد کە، قهرار وا بوو لە مەجلیسی ڕژیم چەند بڕیارێک لەسەر دۆخی کۆڵبەران دەربکرێت کە ئەو بڕیارانە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و ڕۆژانە شایەتی برینداربوون و گیان لەدەستدانی کۆڵبەرانین.