سادق لاریجانی، سەرۆکی قوەی قەزاییەی ئێران، لە کاردانەوە بە بڵاو بوونەوەی فایلی دەنگی ئایەتواللە حسێنعەلی مونتەزری لە پێوەند لەگەڵ ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ بە ڕەخنە گرتن لە بڵاو بوونەوەی ئەم فایلە وتی:” دەبێ بەداخەوە بین کە هێندێک کەس بە بڵاو کردنەوەی فایلێکی ئاوا، بیانویان داوتە دەست ڕاگەیەنەرە رۆژئاواییەکان. ئەوەی کە لە دادگاکاندا بهڕێوهچووه لەسەر بنەمای مەوازینی شەرعی و قانون بووه و عهیبی تێدا نهبووه و نییه، و حوکمی گوروپەکانی محارب ئاشکرایە. ئەم جۆرە قسانە لە لایەن بانترین مقامی قەزایی ئێرانەوە دوای تێپەڕ بوونی ٢٨ ساڵ لە روودانی ئەم جەنایەتە، نیشانی ئەدات کە ئەم ڕژیمە هێشتا لە چ زەرفیەتێکی بەرز بۆ کوشتار و سەرکوتی نەیارانیدا بەهرەمەندە.فایلی دەنگی، پێوەندیدار بە چاوپێکەوتنی مونتەزیری لە ڕێکەوتی ٢٤ ی مانگی گەلاوێژ واتە لە گەرمەی ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ لەگەڵ حسێنعەلی نەیری ( حاکم شەرعی ئەوکات)، موڕتەزا ئیشڕاقی ( دادستانی ئەوکات)، ئیبڕاهیم یونسی ( جێگری ئەو کاتی دادستان) و مستەفا پور محەممەدی ( نوێنەری ئەوکاتی وەزاڕەتی ئیتلاعات لە زیندانی ئوین) دایە. لەم جەلەسەیەدا مونتەزری، کە لەوکاتەدا جێگری خومەینی بوو ئەڵێ:” گەورە ترین جەنایەتێک کە لە کۆماری ئیسلامیدا کراوە و مێژوو ئێمەی پێ مەحکوم دەکات بە دەستی ئێوە بەڕێوەچوە و ناوتان لە داهاتودا لە زومڕەی جەنایەتکاران لە مێژودا ئەنوسرێت”.
نەواری دەنگی کۆبونەوەی مونتەزری لەگەڵ هەیئەتێکی چوارکەسی کە لە زومڕەی بەڕێوەبەرانی جەنایەتەکە بوون، زانیاریەکی نوێی تێدا نییە. قسەکانی مونتەزری لەم نەوارەدا بە ئیستنادی سەدان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر و دەیان جڵد کتێب و وتووێژ لەگەڵ ڕزگار بوانی ئەم کۆمەڵ کوژیە، تەنیا بەشێک لە روداوی جەنایەتکارانەی ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ لە مەودای نێوان مانگەکانی گەلاوێژ و خهرمانان ئاشکرا دەکات.
لە ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی گەلاوێژ و لە سەرودەمی کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێڕاقدا، خومەینی کە لەم شەڕە ئامرازێکی بۆ سەرکوتی نەیارانی لەنیو خۆدا دروست کردبوو، دەستوری بە کۆمەڵ کوشتنی زیندانیانی سازمانی موجاهێدینی خەڵکی لە زیندانەکاندا دەرکرد. لە مەودای کەمتر لە مانگێکدا حوکمی زیاتر لە ٥ هەزار کەس زیندانی لە ئەندامانی سازمانی موجاهێدینی خەڵکی دەرکرد. لەنێو ئێعدام کراوەکاندا ژمارەیەکی زۆر تازەلاو هەبوون کە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست و لە تەمەنی ١٢ تا ١٥ ساڵیدا، کە تەنیا بە تاوانی لایەنگری لە موجاهێدینی خەڵک گیرابوون.
کوموسیۆنی مەرگ، پێکهاتو لە ” نەییری” قازی شەرع، ” ئیشڕاقی” دادستانی تاران و ” موسەوی ئەردەبیلی” دادستانی گشتی وڵات، دوای ئەوەی ڕاپۆرتیی مەئموریەتە جەنایەتکارانەکەی مانگی گەلاوێژی خۆیان لە زیندانەکان پێشکەشی خومەینی کرد، فتوای کۆشتاری کومونیستەکانیشیان لێ وەرگرت و لە یەکەم رۆژەکانی مانگی خهرماناندا کەوتنە گیانی ئەو ئینسانە ئازادی خوازانەی کە دڵیان سەر رێژ بوو لە عیشق بە ئاڕمانی بەرزی ڕزگاری ئینسانی چەوساوە و زۆرلێکراو. داری ئێعدام دامەزران و زیندانیانی ئاڕمان خواز بە وتنی” نا” بە جەللادەکان بە داری ئێعدامەوە هەڵواسران و مۆری شەرمەزاری مێژویان بە نێوچاوانی بکوژانەوە نا. هەزاران زیندانی تێکۆشەر و خۆڕاگر داری ئێعدامیان ماچ کرد، بەڵام لە بەرانبەرجەنایەتکاراندا سەریان نەوی نەکرد.
دایرەتالمعارفی جیهانی ئەم رووداوە دژی ئینسانیەی بەم شێوەیە تۆمار کردوە:
” پرسیار و وڵامدانەوە لێیان لە رۆژی ٥ ی مانگی خرمانان و لە زیندانی گەوهەردەشت دەستی پێکرد. ” ئایا تۆ موسڵمانی”، ” ئایا باوەڕت بە بەهەشت و جەهەننەم هەیە؟”، ” ئایا لە مانگی ڕەمەزاندا بەرۆژو دەبی؟”، ” ئایا قورئان دەخوێنی؟”، ” ئایا هەموو رۆژێک نوێژ دەکەی؟”، ئایا پێت باشە لەگەڵ موسڵمانێکدا هاوبەند بیت یان لەگەڵ نا موسڵمانێکدا؟”، ” ئایا حازری خوارەوەی بەرگەیەک ئیمز بکەی کە تێیدا نووسراوە باوەڕتن بە خودا، بە پێغەمبەر، بە قورئان و رۆژی قیامەت هەیە؟’ و پڕ واتا تر لەوە:” ئایا لە بنەماڵەیەکدا گەورە بووی کە باوک نوێژی دەکرد و رۆژوی دەگرت و قورئانی دەخوێند؟”.
تەنیا وڵامێکی نا بەم پرسیارانە دەیتوانی ببێتە هۆی ئێعدام کرانی کەسەکە. لە بارەی پرسیاری ئاخرەوە وڵامی موسبەت پێی بە واتای ئێعدام بوو لەبەر ئەوەی کە نیشانەی ” موڕتەد” بوونی کەسەکە بوو. بەپێ یاسا و ڕێسای فیقهی، تەنیا کەسێک دەکرێ بە موڕتەد بناسرێت کە لە بنەماڵەیەکی باوەڕمەندی موسڵماندا و لە سایەی باوکیکدا کە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک نوێژی کردوە و قورئانی خوێندوە و لە مانگی ڕەمەزاندا بەرۆژە بووە گەورە بووبێت.
سەبارەت بە ژنانی کومونیست، بە حوکمی شەرع لە بارەی ژنانی موڕتەدەوە واتە << تۆبە یان مردن لەژێر شێلاقدا>> پەیڕەو دەکرا و لەم روەشەوە ژنانی کومونیست یان لەژێر شێلاقدا دەمردن یان ئیسلامیان قەبوڵ دەکرد. زۆربەی ئەم قوربانیانە، دەورەی مەحکومیەتیان تەواو کردبوو وە چاوەڕیی ئازاد بوونیان بوون. هۆکاری گیرانی زۆربەیان هێشتا روون نەبوو لە چاوەڕوانی بەناو پێراگەیاندنی تاواندا بوون.”
” ئابراهامیان” مێژوو نووسی ئێرانی جەریانی ئێعدامەکانی بەم شێوەیە وەسف کردوە:” بازجوییەکان، لە زیندانی ئێوین و گەوهەردەشت لە تالاری سەرەکی دادگادا بەڕیوەچون. بەشێک لە بازجوییەکان حاڵەتی شیفاهی هەبوو، بەشێکی تری بە شێوەی پرسیار تایپ کراو بوون. هێندێک لە زیندانیەکان دەیانتوانی بازجوەکانیان ببینن بەڵام ئەوانی تر لەپشت پهردهی بڵیندهوه خۆیان حەشاردابو. ئەو کەسانەی کە وڵامەکانیان قەبوڵ دەکرا بەرەو لای ڕاستی تالاری دادگا و ئەوانەی کە وڵامەکانیان قەبول نەدەکرا بۆ لای چەپی تالارەکە هێدایەت دەکران، دەستەی یەکەمیان دەگێڕایەوە بۆ نێو بەندەکانیان و پێیان ئەوتن دەبێ نوێژ بکەن ئەگەر زیندانیەک لە رۆژدا خۆی لە جارێک نوێژ کردن ببواردابا لە بەرانبەردا ١٠ زەربەی شێلاقی لیدەدرا و سزای کەسێکیش کە لە رۆژدا هیچ نوێژێکی نەکردایە، ٥٠ زەربەی شێلاق بوو. ئەوانەی کە نەیانتوانی بوو بە سەرکەوتویی پرسیارەکان وڵام بدەنەوە و ڕەد کرابونەوە، دوای ماوەیەکی کورت بۆ تەحویلدانی کەلوپەلەکانیان و نووسینی ئاخرین وەسیەت نامە بەرەو داری ئێعدامیان دەبردن. هێندێک لەوان بە وتەی خۆیان بە سڵامەتی ڕزگاریان دەبێت، لەبەر ئەوەی کە قەرەباڵغیەکی زۆر روویدا بوو بە هەڵە بەرەو لایەکی تر برابوون. ڕزگار بوان وەبیری دێننەوە کە چلۆن باسی پێوەندیدار بە نووسینی ئاخرین وەسیەت نامەیان پێ گاڵتە بوە لەبەر ئەوەی پێیان وانەبووە کە ئەم پرسیارانە ڕەنگە چارەنووسی مەرگ و ژیانی کەسێک دیاری بکەن.”
هەواڵی ئەم جەنایەتە لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و ڕاگەیەنەرەکانەوە بڵاو نەبۆوە. خومەینی و شاگردەکانی پێیان وابوو کە قوفڵی هەتاهەتایی ئیستبدادیان لە زاری کۆمەڵگە داوە. پەیکەری قوربانیەکانی ئەم جەنایەتەیان بە دزیەوە لە خاوەرانی تاران، دارالڕەحمەی شیراز، باغی ڕیزوانی ئیسفەهان، حەوشەی دادگای سنە و دەیان شوێنی تردا شاردەوە. گۆڕستانی ئەم ئازئزانەیان ناونا لەعنەت ئاوا تا بە خەیاڵی خاویان خەڵک لێیان دوور کەونەوە. گۆڕستانێک کە هەر زوو بوونە ئارامگای ئازیزانی لەبیر نەکراو و بە دڵنیاییەوە لە داهاتویەکی نەچەندان دووردا دەبنە ژوانگەی ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت.
گومانی تێدا نییە سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای دادی خەڵکی ئازار چەشتوی ئێراندا بێنە بەردەم کورسی محاکمە، ڕازە سەر بە مۆرەکانی ئەو هەموو جەنایەتەی ئەنجامیان داوە زیاتر ئاشکرا بێت و سزای شایستەی خۆیان وەربگرن.