کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زنجیرەی ئێعدامی بەکۆمەڵ لەسەر ناوەرۆکی بەکردەوە دەرهاتنی بەرجام

ماشێنی کوشتاری رژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئامادەکاری بۆ بەکردەوە دەرهاتنی بەرجام خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە گرتووە. لەم رۆژانەی دواییدا جەنایەتکارانی رژیم بە بێ پەروایی و گوێنەدانە کاردانەوەکانی رای گشتی تاوانباران لە زیندانەکاندا دەبەنە پای داری ئێعدام و گوشار بۆسەر زیندانیە سیاسیەکانیان لەنێو زیندانەکاندا زیاتر کردوە. بەپێی راپۆرتی بڵاوکراوەکان، دەزگای قەزایی رژیم، کە لەژێر سەیتەرە و نفوزی سپای پاسداراندایە لە هاوئاهەنگی تەواودا لەگەڵ دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدی رۆحانی رۆژی دووشەممە ٢٠ی رەزبەر، لانیکەم ١٧ زیندانی لە زیندانەکانی ئێرانی ئێعدام کردوە. سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووشەممە، ٦ زیندانی بە تاوانی پێوەندیدار بە “مادەی هۆشبەر” لە زیندانی ناوەندی کەرەج ئێعدام کران. هاوکات ٨ زیندانی تر لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە تاوانی هاوشێوە و بەکۆمەڵ پەتی ئێعدامیان خرایە مل. هەر لەم رۆژەدا دەزگایی قەزایی رژیم ٣ زیندانی دیکەی بە تاوانی “محاربە” لە کازرون بە بەرچاوی خەڵکەوە ئێعدام کرد.لە لایەکی ترەوە، رۆژی شەممە “فاتمە سالبێهی”، کچێکی لاو کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی گیرابوو، بۆ ئیجرای حوکمەکەی برایه‌ سلولی تاکەکەسی زیندانی شیراز و ئێعدام کرا. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری هێرانا، ٧ زیندانی رۆژی سێ شەممە ٢١ی مانگی رەزبەر لە زیندانی پیربەنای شیرازەوە گواستراونەتەوە بۆ عادل ئاباد و قەرارە حوکمی ٣ کەسیان رۆژی چوارشەممە بە بەرچاوی خەڵکەوە لە شیراز بەکردەوە دەربێت. هەر لەم پێوەندەدا “سادق لاریجانی” سەرۆکی قوەی قەزاییەی رژیم وێڕای ئاماژە بە گوشارەكانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە پێشێل کرانی بەرینی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە وتارێکدا بە دیفاع کردن لە قەساس و ئێعدام لەلایەن حکومەتەوە، وتی: کۆماری ئیسلامی قەت لە ئیجرای حوکمی قەساس و ئێعدام دەست ناکێشێتەوە.556

بە پێچەوانەی گومانێکی ئاوەژوو کە راگەیەنەرە ئیمپڕیالیستیەکانی لە جۆری بی بی سی و هێندێک لە ئەحزاب و جەریاناتی داماوی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێران لە ماهیەتی دەوڵەتی رۆحانی ئەیدەن بەدەستەوە، سەرچاوە مافی مرۆڤیەکان دەڵێن لە سەرەتای ساڵی زایینی ٢٠١٥ وە تا ٨ی ئۆکتۆبری ئەم ساڵە، ٨٠٠ کەس لە ئێران ئێعدام کراون کە لەم ژمارەیە زیاتر لە ٥٠٠ کەسیان بە تاوانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر بە ئێعدام مەحکوم کرابون.
رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردودا لە پاڵ بەساتی سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و خەڵتانی خوێن کردنی هەموو ناڕەزایەتی و دەنگێکی ئازادی خوازانەدا، سزای ئێعدامی وەک توندوتیژیەکی وشیارانە و ڕێکخراو بۆ لەنێوبردنی نەیارانی سیاسی، ناڕازییانی کۆمەڵایەتی و قوربانیانی ئەم نیزامە زاڵمانەی سەرمایەداری بەکارهێناوە. سزای ئێعدام وەک جەنایەتێکی سازماندراو لە هەمان سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستا یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی بووە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک.

هەرچەند کە رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدامی زیندانیان بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەره‌وه‌ی ئاستی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای دادپەروەری ئەنجام ئەدات، بەڵام رژیم بە وەڕێخستنی زنجیرەی ئێعدامە بەکۆمەڵەکان لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا و دوای تەوافوقاتی هەستەیی لەگەڵ رۆژئاوا و بە چۆکداهاتن لەبەرانبەر ئامریکادا بەشوێن ئامانجی سیاسی دیکەشەوەیە. کوشتاری ئەم زیندانیانە لەلایەن رژیمەوە سیاسەتێکی ئاگاهانەیە کە بۆ ئیجادی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگەدا و چاوترسێن کردنی ئینسانە تێکۆشەرەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی بەرنامەی بۆ داڕێژراوە. سەرانی کۆماری ئیسلامی دەزانن، هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنە کە بەسەر خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایاندا سەپاندوە، دواهاتێکی بێجگە لە ئاخێزی برسی و بێ ئەنواکانی کۆمەڵگەی بەشوێنەوە نابێت. رژیم بۆ بەرگرتن لە هەڵچونی ئەم قین و توڕەییە پۆنگ خواردوە، زنجیرەیەکی نوێی لە ئێعدام کردنی بەکۆمەڵی زیندانیانی خستوەتەڕێ.
رژیمی کۆماری ئیسلامی بە کارنامەیەکی پڕ لە جەنایەت و سەدان حاڵەت ئێعدام لە ساڵدا، بۆتە هێمای یەکێک لە خوێنڕێژترین دیکتاتۆڕەکانی ئەم سەردەمەی دنیا. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لەلایەن سازمانی ملەل و ئەو هێز و دەوڵەتانەوە کە بەردی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ لەسنگ ئەدەن، ناخرێتە ژێر گوشارەوە. راستیەکەی ئەوەیە کە کارنامەی پڕ لە جەنایەتی کۆماری ئیسلامی لە هەمانحاڵدا ئازادیخوازی درۆینە و دیفاعی ناڕاستی سازمانی ملەل و هێزە رۆژئاواییەکان لە مافەکانی مرۆڤیش ئاشکرا دەکات. دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و سازمانی ملەل لە بەرابەر ئەم جەنایەتانەدا یان زاریان نەکردۆتەوە یان تەنیا کاتێک دەکەونە بیری کەڵک وەرگرتن لە شگردی مافەکانی مرۆڤ کە وەک ئامرازێک بۆ معامەلە و دانوستانی دیپلۆماتیک لەگەڵ رژیمی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێوەربگرن، ئەگەر وانییە ئەشکەنجەی سیستماتیک لە زیندانەکاندا و ئێعدام کردنی بەکۆمەڵ بە بەرچاوی خەڵکەوە چ جیاوازیەکی ماهیەتیی لەگەڵ سەر پەڕاندن و جەنایەتەکانی داعشیەکان لە عێراق و سوریە هەیە؟ ئەم هێزە سەرمایەداریانە و سازمانی ملەل وەک کلوپی نێونەتەوەیی ئەوان دوای وادار کردنی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە قەبوڵ کردنی شکست لە قەیرانی هەستەییدا و بەسەرەوە نانی جامە ژەهرەکە، چرای سەوزیان بۆ سەرانی رژیمی ئیسلامی هەڵکرد کە بۆ بەرگرتن لە ئاخێزه‌ شۆڕشگێڕانەکان و ئەمن کردنی نێوخۆی ئێران بۆ چەوساندنەوە و تاڵان کردنی سەرمایەداری جیهانی، دەتوانن دەست بۆ هەموو جەنایەتێک بەرن. تەنیا ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری لەدژی ئەم جەنایەتانەیە کە دەتوانێ دۆخەکە ئاوەژوو بکاتەوە و تەنانەت سازمانی ملەلیش وادار بە گرتنی هەڵوێستی جیدی بکات.
گومانی تێدا نییە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی بە وەڕێخستنی زنجیرەی ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیان هیچی بۆناکرێت و کرێکارانی ناڕازی و خەڵکی مافخواز و زۆر لێکراو و چەوساوە بەم کردارانە ناتوانێ چاوترسێن بکات. پەرەسەندنی خەباتی کرێکاران و موعەلیمان لەم مانگانەی دواییدا سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە. ئەگەر سەرکوت لە قۆناغێکدا هەنگاوێک پاشەکشەی خەڵکی بە شوێنەوە بێت، بەڵام بوارە عەینیەکانی هەڵچونی قینی جەماوەر خۆش دەکات و سەرئەنجام “وەک ئاگری ژێر خۆڵەمێش”، خەباتی جەماوەری و مافخوزانە بڵێسەدارتر دەکات و بە تێکوپێکدانی بناغەکانی کۆشکی زوڵم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی، زەمینە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان پشت بەستوو بە هێزی سازمانیافتە و یەکگرتو و ڕێکخراوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و چەوساوە فەراهەم دەکات.