کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زستانێکی دژوار لە چاوەڕوانی منداڵانی کار و خیابانیدا

بەپێی پێش بینی سازمانە کەش ناسیە جیهانیەکان تەوژمی سەرما و زستانێکی دژوار لە ڕێدایە. بەم حاڵەشەوە سازمانی هەوا شناسی کۆماری ئیسلامی ئەم پێش بینیانەی قەبوڵ نییە. بەڵام هێندێک لە دەزگا جۆراو جۆرەکانی ڕژیم بەبێ سرنجدان بە پێش بینیەکانی سازمانی کەش ناسی حکومەتی ئیسلامی خۆیان بۆ زستانێکی سەخت و سارد ئامادە دەکەن. دوێنێ، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شاهیدی دەستاودەست کردنی چەند نامەیەک لە وەزاڕەتی وزە و شیرکەتی گاز لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بوون کە نیشانی ئەدا ئەم دوو دەزگا ئیجراییە خۆیان بۆ وەرزێکی سارد و دژاوار ئامادە دەکەن.لەم نێوانەدا یازدە دەزگای ئیداری، کە ئەندامی شوڕای سازماندەهی منداڵانی کار و خیابانین، هیچ چەشنە گەڵاڵەیەکیان بۆ ئەم منداڵانە لە وەرزی سەرمادا پێشکەش نەکردووە. ئەم دەزگایانە وەک رەواڵی ئاسایی کارناسان لەپاڵ دزی و تاڵان کردندا تەنیان کاریان دانی تەرحی بێ ناوەرۆک بووە کە تێیاندا وێڕای خەتابار کردنی کەسوکاری منداڵەکان، بۆ کەم کردنەوەی باری موسیبەتەکانی منداڵانی کار و خیابانی گەورە ترین کارێکی دەیکەن داوا کردن لە خەڵکی خێر خوازە بۆ دانی سەدەقە بە ژمارەیەک لە چند ملیۆن منداڵی بێتاوان و بەڕەلا کراو لە خیابانەکاندا.570

دیاردەی منداڵانی کار و خیابانی، یەکێک لەو نیشانە بەرچاوانەیە کە ماهیەتی دژی ئینسانی و ستەمگەرانەی نیزامی سەرمایەداری پیشان ئەدات. بە ملیۆن لەو منداڵانەی کە ساڵانە بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت، بەهۆی هەژاری و نەداری دایک و باوکیانەوە بە جێگای ئاموزش و فێر بوون، یاری کردن و تەفریح، لە هەمان دەورانی منداڵیەوە، ڕەوانەی بازاڕی کار دەبن و بە ناچار، دەچنە ڕیزی چەوساوانەوە. لە وەسفی ئاستی چەساندنەوەی منداڵان و تەوسیفی توندوتیژی و بێ ڕەحمی نیزامی سەرمایەداری، ئەوەندە بەسە کە بوترێت ئاماری منداڵانی کار و خیابانی لە سەرتاسەری دنیادا، ڕەقەمی ٣٠٠ ملیۆنیشی تێپەڕاندوە.
بەڵام بارودۆخی ئەم منداڵانە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی ئیسلامیدا گەلێک خراپترە لە وڵاتانی تر. لێرە بەهۆی هەژاری و نەداریەکی زۆر کە ئەم ڕژیمە زۆردار و هارەی سەرمایەداری داوێنگیری زۆربەی خەڵکی کردوە، بە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بۆ دابین کردنی پاروە نانێک و یارمەتیدانی بنەماڵە، دەرۆن بەرەو بازارەکانی کار، رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاد دەبێت. لە کۆماری ئیسلامی کە تێیدا، دین و دەوڵەت بە تەواوی ئاوێتەی یەکتر بوون، مافە سەرەتاییەکانی ئینسانێکی کرێکار، بە شێوەیەکی توند تر، پێشێل کراوە و دیاردەی منداڵانی کار و هەروەها سەرجەم موسیبەتە کۆمەڵایەتەیکان، ئاستێکی بەرین تر و وەحشەتناک تری بەخۆیەوە گرتوە.
لە ئێران ئامارێکی ڕاست و دەقیق لە منداڵانی کار و خیابانی بە دەستەوە نییە. مەعمولەن ئاماری ئەم منداڵانە لەسەر بنەمای بوونی ئەو ٢ ملیۆن کارگایە بەروارد دەکرێت کە هەرکامە و یەک یان چەند منداڵ کاری تێدا دەکەن؛ لە رووی منداڵانێکەوە بەراورد دەکرێت کە لە کۆرەخانەکان و یان کارگا شێدارەکانی قاڵی بافیدا کار دەکەن و یان لە شەقامەکاندا خەریکی گوڵ فرۆشین، شوشەی ماشێنەکان پاک دەکەنەوە، بنێشت و شتی تر دەفرۆشن؛ و سەرئەنجام بەپێی ئەو منداڵانە بەراورد دەکرێت کە بە هۆی هەژاری زۆری بنەماڵەوە لە چەرخەی خوێندن وەدەرنراون. ئەگەر بەم ئامارەوە، منداڵانی ئەفغانستانیش زیاد بکەین، ئاماری منداڵانی کار و خیابانی دەگاتە زیاتر لە ٤ ملیۆن. ڕژیم، ژمارەی ئەم منداڵانەی کەمتر لە ٢ ملیۆن بەراورد کردوە و تازە بەرنامەیەکی بۆ ئەوانیش نییە بێجگە لە کردنەوەی هێندێک کارگای ئاموزشی و گەرم خانە کە ئەویش بە قورئان و دۆعا خوێندن و ئینزیباتی پادگانی کراوەتە دوزەخ.
منداڵانی کار و خیابانی زۆر تر منداڵانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشن. کەوایە ناسینی موشکلاتەکانیان و دۆزینەوەی رێگای چارەسەری ئەم گرفتانە ئەرکی چینی کرێکارە. چالاکان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەمە بەباشیی دەزانن. ئەوان لە گەلێک لە قەتعنامەکانی رۆژی جیهانی کرێکاردا داواکاری مەنعی کاری مندالانیان مەترەح کردوە. ئەم کرێکارە پێشڕەوانە لە هەمانحاڵدا دەزانن کۆماری ئیسلامی کە ٥٠٠ ملیار دۆلاری تەنیا لە پرۆژەی هەستەییدا سەرەف کردوە، سەرەڕای دروست کردنی دەزگای جۆراو جۆر بۆ بەناو موبارزە لەگەڵ موسیبەت و کاری منداڵانی کاردا قەت هەنگاوێکی کاریگەر لە ڕاستای کەم کردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانیان و چارەسەری گرفتەکانیان هەڵناهێنێتەوە. تەنانەت دەبێ بوترێت کە ٣٦ ساڵی ڕابردو نیشانی داوە کە ئەم ڕژیمەی سەرمایەی ئیسلامی نە تەنیا قەت هەنگاوێکی لە ڕاستای باشتر کردنی بارودۆخی ئەم جەماوەرە ملیۆنیە بێتاوانەدا هەڵنەگرتوە، بەڵکو بۆتە هۆی ئەوەی بە ژمارەیانەوە و بە ئاستی ئەو موسیبەتانەی بەسەریاندا سەپاوە زیاد ببێت.
دیارە ئەوەی کە ئەمرۆ لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسی چار هەڵنەگری منداڵانی کار و خیابانی نییە، ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. دەبێ بە پشت بەستن بە خەباتی کرێکاران و بە یارمەتی بەهێز کردنی تەشەکولە سەربەخۆکان لە دەوڵەت و پشتیوانی مافەکانی منداڵان، چاکسازی لە ڕاستای باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی منداڵانی کار و خیابانی بەسەر ڕژیمدا بسەپیندرێت. بەڵام بۆ گۆڕینی ڕادیکاڵی ئەم بارودۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە وەها چارەنووسێکی تاڵ ڕێگایەک بێجگە لە بەرەپێش چوونی بزوتنەوەی سۆسیالیستی چینی کڕیکار و یەکێتی و خەبات بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیم بوونی نییە. کێشانە خوارەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێ وەک هەنگاوێک لە ڕاستای روخاندنی نیزامی سەرمایەداری، دامەزراندنی سۆسیالیزم و بنیاتنانی حکومەتێکی شوڕایی کرێکاراندا چاولێبکرێت.