کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  زایەڵە و دەنگدانەوەی دروشمی” ژن، ژیان، ئازادی” لەئەفغانستان

cfb7b7f0 6a41 4f95 85f5 98976713ddba

لە کاتێکدا کە وتوێژەکانی بەناو ئاشتی لە نێوان ئیمپڕیالیزمی ئەمریکا و گوروپی ئیسلامی تالیبان لە ساڵی ٢٠١٨ دا لە قەتەر ئاشکرا بوو، ژنان لە ئەفغانستان هەستیان بە مەترسی کرد. ئەو ژنانەی کە خوێندەوار و لەو وڵاتەدا ببوونە کارەیەک، سەبارەت بەو وتوێژانە شکایەت و گلەییان کرد. ئەوان نابەجێ هیواداربوون تا کابینەی تڕامپ ڕەحمی پێیاندا بێت و ئاوڕێک لە شکایەتەکەیان بداتەوە. بەڵام بڕیاری پیلانگێڕانەی گه‌ڕانەوەی تالیبان بۆ سەر دەسەڵات لە خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئامریکا لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچوو وە دەبوو ئەنجام بدرێت کە بەڕێوەش چوو.

ئەمجارە ژنانی تێکۆشەر هەوڵیاندا لەو ئازادیە کەموکورت و بێ ڕیشەیەی کە لە سەردەمی ڕژیمی پێشودا دەستەبەریان کردبوو پارێزگاری بکەن. بەڵام خەباتی ژنانی بێبەش لە هەموو جۆرە تەشەکولێک، سەرەڕای بوێرانە و جەسورانە بوونیان نەیتوانی بەر بە هێرشەکانی تالیبان بۆسەر مافەکانی خەڵک و لەوانە سەرجەم ژنان بگرن. تالیبان لە رۆژی ١٥ ی ئوتی ٢٠٢١ کە هاته‌وە سەر دەسەڵات، بە خێراییەکی زۆرەوە ژنانی کێشایە بن بۆرقه‌وە، ئیمکانی خوێندنی لە زانکۆی لێ سەندنەوە و کاركردنیانی لە شیرکەت و ئیدارە تایبەتەکانی خاریجی و نێوخۆیی قەدەغە کرد. پێشڕەویە خێراکانی ئەم هێزە کۆنەپەرستە، دژبە ئازادیەکان و مافەکانی ژنان لە ڕێگای سەرکوتی توندەوە بەڕێوەبرا و بێ هیواییەکی قوڵی لەنێو ژنانی ناڕازی ئەفغانستانیدا دروست کرد.

لە وەها بارودۆخێکدا شۆڕشی خەڵکی ئێران بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیڕوناکیەکی خستە تۆنێلی تاریکی داهاتوی خەڵک و بە تایەبت ژنانی ئافغانستانیەوە.” مەدینە دەروازییەکێک لە ژنانی تێکۆشەر و زیندان دیتوی ئەفغانستان لە پەیوەند لەگەڵ دەنگدانەوەی دروشمەکانی شۆڕشی ئێران لە کۆمەڵگای ئەفغانستاندا لە تویتێڕی خۆیدا نووسی:” مەهسای خۆشەوێست، ئەمڕۆ ناوی تۆ هێمایەکە بۆ ئازادی و تێکۆشان. ئەمڕۆ خەڵکی ئیران چەندە بوێرانە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی لاوانی وەک تۆ شەقامەکانیان داگیر کردوە. ئێمە ژنانی ئەفغانستان لەگەڵ ئێوەین، لە تاران تا کابول“.

عارف خاتەمی، یەکێکی دیکە لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و لە ژنانی ناڕازی دژبە حاکمیەتی تالیبان، وتی:” ئێمە ژنانی ئەفغانستان وێڕای ستایش و ڕێز دانان، پشتیوانی لە خەبات و خۆڕاگری بێ وێنەی ئێوە ژنانی ئێران دەکەین. ئێوە تا سەرکەوتن هەنگاوێکتان ماوە، تەسلیم مەبن کاخی زەڵم و ئیستبداد بڕوخێنن، هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکانە لەگەڵتانن“. 

عەلی سادقی، گۆرانی بێژی ئەفغانستانی، گۆرانیلای لایە بکەی پێشکەش بە مەهسا ئەمینی کرد و نووسی:” پێشکەش بە کچێک کە گیانی فیدای تاڵە مویەکی بوو. ئەم خەمە بۆ ئێمە ئاشنایە. مەهسا، فەرخوندە، تەبەسوم و ڕەخشانەکان بوونە قوربانی بیروباوەڕی دینی تاقمێك کە پێیان وایە لەلایەن خوداوە هاتون تا کەسانی تر بە زۆر ببەن بۆ بەهەشت“.

ویدۆیەک لە ژنێکی ئەفغانستانی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆوە کە نیشانی ئەدات لەبەر ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ ژنانی ئێرانی، چارشیوەکەی فڕێداوە. ئەو ڕواڵەتی خۆی تاریک کردوە، تا نەناسرێتەوە و دەڵێ:” نا بۆ حیجابی ئیجباری و نا بۆ حکومەتی دژه‌ ژنی ئیسلامی“.

فەڕەحناز فروتەن، یەکێک لە هەواڵنێرانی ئەفغانستانی بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە ژنانی ناڕازی لە ئێران نووسی:” ئەم مێژووە، مێژووی شکۆداری شۆڕشی ژنان لە ئەفغانستان و ئێرانە. وڵاتی ئێمە ئەو شوێنەیە کە ژنێک بەم شێوەیە ڕاساوە و دژبە زوڵم و بێدادی خۆڕاگری دەکات“.

پشتیوانی ژنانی تێکۆشەری ئەفغانستانی لە نێوخۆ و دەروە لە شۆڕشی یەکسانی خوازانەی خەڵکی ئێران بۆ داهاتوی ژنانی خودی ئەفغانستان هیوا بەخشە. شنەی شۆڕشی ئێران، کە لە بەشێک لە دنیادا هەڵی کردوە، لە ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێ حوکمی نەسیمێکی بە خۆیەوە گرتوە کە دەتوانێ ببێتە با هۆزێکی بەهێز.