کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  زانکۆ شاڕەگ و نەبزی پڕ لە ترپەی کۆمەڵگای ئێران

thumbs b c c367b55d4e323d572d6dcbeb1ce59b10

  زانکۆکان لە ئێران شاڕەگ و نەبزی پڕ لە ترپەی کۆمەڵگا بوون. لە قۆناغی سی مانگی ڕابردودا قوتابخانەکانیش لە پاڵ زانکۆکاندا بوونەتە خاوەنی وەها پێگەیەک. لەمڕۆدا زیاتر لە دوو ملیۆن خوێندکار و ١٥ ملیۆن قوتابی بوونەتە گرفتێکی چارە هەڵنەگر بۆ حکومەتی ئیسلامی. حاکمانی ئیسلامی هەوڵی زۆریاندا تا زانکۆ و قوتابخانەکان بکەنە حەوزەی مەزهەبی و تاقمێک ئاخوند و بەسیجی بێ مێشک و کۆنەپەرست سەرپەرستی ناوەندەکانی ئاموزشی و ناوەرۆکی دەرسەکانی خوێندن دیاری بکەن. واوەتر لە ئاموزشدانی خورافات و دراوە سەدەی نێوەڕاستیەکان، ئاخوند و بەسیجە دەسەڵاتدارەکان بەسەر فەزای زانکۆدا، لە هەوڵدان تا شێوازی ژیان، پێوەندی کۆمەڵایەتی، بایەخە فەرهەنگیەکانی خوێندکاران و قوتابیانیش بگێڕنەوە بۆ چواردە سەدە لەوەبەر.

  زانکۆکان و فەزای ئاموزشی زیاتر لە پادگان دەچن تا شوێنی ئاموزشی لە سەدەی بیست و یەکدا. دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ و موعەلیمانی ئازادی خواز و شەریف، ئەستێرەدار کردن و بێبەش کردنی خوێندکاران لە خوێندن، زیندانی کردنی مامۆستایان و خوێندکاران، دامەزراندن و بەهێز کردنی ئەنجومەن و ناوەندە ئیسلامیەکان، هێنانی بەکرێگیراوی لیباس شەخسی و هێزی نیزامی و ئەمنیەتی بۆ نێو زانکۆکان، ئیمتیازدان بە ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری هێزە حکومەتیەکان بۆ خوێندن لە زانکۆکاندا، بەگشتی فەزای زانکۆ و شوێنی ئاموزشی گۆڕیوە بۆ پادگان و حەوزە و حوجرەی تەلەبە و ئاخوند.

  حاکمانی ئیسلامی بەم گشتە هەوڵە کۆنەپەرستانە و دژی ئاموزشیەوە نەوەستاون، ناوەندە ئاموزشیەکانیان پڕ کردوە لە مزگەوت و حسەینیە، ئاخوند و موبەلیغی مەزهەبی، تەنانەت کۆمەڵێک ئاخوندی گەڕۆکیش. گوزینشی خوێندکار و دامەراندنی موعەلیم و مامۆستاش دەبێ بە حەوت خانی کۆنترۆڵی ئەمنیەتیدا تێپەڕێت و گەلێک ئینسانی شەریف و خاوەن توانا بە بیانوگەلی ئەمنیەتی، ئەساسەن ئیجازەی چوون بۆ ناوەندەکانی ئاموزشی باڵایان نییە.

  حاکمانی ئیسلامی نە زانکۆ دەناسن، نە خوێندەواری و دانشی پێویستیان بۆ چوونە نێو زانکۆ هەیە، تەنانەت ئاشنایەتیان لەگەڵ زمانی خوێندکار و زانکۆشدا نییە. هەڕەشە و سوکایەتی بە خوێندکاران، تەوهینی بەردەوام بە کادری ئاموزسی و بە خودی خوێندکاران لە زومڕەی کردارە هاوبەشەکانی ئەم ئاخوند – پاسدارە سوخەنڕانانەی نێو زانکۆیە. لە رۆژی ١٦ ی مانگی سەرماوەزدا شارەداری تاران بە کردەوە وەک لات و لۆمپەنێکی زۆروێژ لەگەڵ خوێندکاراندا قسەی کرد، کە وڵامی شایستە خۆی بە فیتو لێدان و هاوار و دەروشمی خوێندکاران وەرگرتەوە. حکومەتێک کە لە هەوڵدا بوو زانکۆ بکاتە حەوزەی مەزهەبی، بە پێچەوانە لە ئێستادا ئاخوندەکان و ناوەندە مەزهەبیە حکومەتیەکان بەرەورووی قین و بێزاری بەرین و سەرتاسەری جەماوەری خەڵک بوونەتەوە.

  بە ڕوخاندنی حکومەتی ئیسلامی، قوتابخانە و زانکۆکانیش پێگەی شیاوی خۆیان لەسەر بنەماوی زانست و زانیاری بە دەست دێننەوە. هەوڵە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیم بۆ بە پادگانی، ئەمنیەتی و حەوزەیی کردنی ناوەندە ئاموزشیەکان بەرەو ڕووی شکست دەبێتەوە. جیایی دین لە ئاموزش و پەرەوەرش، داخستنی ناوەندە ئیسلامیەکان لە شوێنەکانی فێرکردن و بارهێناندا لە زومرەی یەکەم دەستکەوتەکانی سەرکەوتنی شۆڕش دەبێت لە ئێران.