کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

زانکۆ شاده‌مار و نەبزی پڕ لە ترپەی کۆمەڵگای ئێران

sfdsgfdh

زانکۆکان لە ئێران شادەمار و نەبزی پڕ لە ترپەی کۆمەڵگا بوون. لە قۆناغی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردودا قوتابخانەکانیش لە پاڵ زانکۆکاندا بوونەتە خاوەنی وەها پێگەیەک. لەمڕۆدا زیاتر لە دوو ملیۆن خوێندکار و ١٥ ملیۆن قوتابی بوونەتە گرفتێکی چارە هەڵنەگر بۆ حکومەتی ئیسلامی. حاکمانی ئیسلامی هەوڵی زۆریاندا تا زانکۆ و قوتابخانەکان بکەنە حەوزەی مەزهەبی و تاقمێک ئاخوند و بەسیجی بێ مێشک و کۆنەپەرست سەرپەرستی ناوەندەکانی ئاموزشی و ناوەرۆکی دەرسەکانی خوێندن دیاری بکەن. واوەتر لەفێرکردن و ئاموزشدانی خورافات و دیاردەی سەدە نێوەڕاستەکان، ئاخوند و بەسیجە دەسەڵاتدارەکان بەسەر فەزای زانکۆدا، لە هەوڵدان تا شێوازی ژیان، پێوەندی کۆمەڵایەتی، بایەخە فەرهەنگیەکانی خوێندکاران و قوتابیانیش بگێڕنەوە بۆ چوار سەدە لەوەبەر.

زانکۆکان و فەزای ئاموزشی زیاتر لە پادگان دەچن تا شوێنی ئاموزشی لە سەدەی بیست و یەکدا. دەرکردنی مامۆستایانی زانکۆ و موعەلیمانی ئازادیخواز و شەریف، ئەستێرەدارکردن و بێبەشکردنی خوێندکاران لە خوێندن، زیندانیکردنی مامۆستایان و خوێندکاران، دامەزراندن و بەهێزکردنی ئەنجومەن و ناوەندە ئیسلامیەکان، هێنانی بەکرێگیراوی لیباس شەخسی و هێزی نیزامی و ئەمنیەتی بۆ نێو زانکۆکان، ئیمتیازدان بە ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری هێزە حکومەتیەکان بۆ خوێندن لە زانکۆکاندا، بەگشتی فەزای زانکۆ و شوێنی ئاموزشی گۆڕیوە بۆ پادگان و حەوزە و حوجرەی تەلەبە و ئاخوند.

حاکمانی ئیسلامی بەم گشتە هەوڵە کۆنەپەرستانە و دژی ئاموزشیەوە نەوەستاون، ناوەندە ئاموزشیەکانیان پڕ کردوە لە مزگەوت و حسەینیە، ئاخوند و تەبلیغاتچی مەزهەبی، تەنانەت کۆمەڵێک ئاخوندی گەڕیدەش. گوزینش و دەستەبژێرکردنی خوێندکار و دامەزراندنی موعەلیم و مامۆستاش دەبێ بە حەوت خانی کۆنترۆڵی ئەمنیەتیدا تێپەڕێت و گەلێک ئینسانی شەریف و خاوەن توانا بە بیانوگەلی ئەمنیەتی، لە بنەڕەتدا ئیجازەی چوون بۆ ناوەندەکانی ئاموزشی باڵایان نییە.

حاکمانی ئیسلامی نە زانکۆ دەناسن، نە خوێندەواری و دانشی پێویستیان بۆ چوونە نێو زانکۆ هەیە، و تەنانەت ئاشنایەتیان لەگەڵ زمانی خوێندکار و زانکۆشدا نییە. هەڕەشە و سوکایەتی بە خوێندکاران، تەوهین و بێڕێزی بەردەوام بە کادری ئاموزشی و بە خودی خوێندکاران لە زومڕەی کردارە دزێوە هاوبەشەکانی ئەم ئاخوندپاسدارە سوخەنڕانانەی نێو زانکۆیە. لە رۆژی ١٦ ی مانگی سەرماوەزدا شارەداری تاران بە کردەوە وەک لات و لۆمپەنێکی زۆروێژ لەگەڵ خوێندکاراندا قسەی کرد، کە وڵامی شایستە خۆی بە فیتو لێدان و هاوار و دروشمی خوێندکاران وەرگرتەوە. حکومەتێک کە لە هەوڵدا بوو زانکۆ بکاتە حەوزەی مەزهەبی، بە پێچەوانەوە لە ئێستادا ئاخوندەکان و ناوەندە مەزهەبیە حکومەتیەکان بەرەورووی قین و بێزاری بەرین و سەرتاسەری جەماوەری خەڵک بوونەتەوە.

بەڕوخاندنی حکومەتی ئیسلامی، قوتابخانە و زانکۆکانیش پێگەی شیاوی خۆیان لەسەر بنەماوی زانست و زانیاری بە دەست دێننەوە. هەوڵە کۆنەپەرستانەکانی ڕژیم بۆ بە پادگانی، ئەمنیەتی و حەوزەیی کردنی ناوەندە ئاموزشیەکان بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە. جیایی دین لە ئاموزش و پەروەرش، داخستنی ناوەندە ئیسلامیەکان لە شوێنەکانی فێرکردن و بارهێناندا لە زومڕەی یەکەم دەستکەوتەکانی سەرکەوتنی شۆڕش دەبێت لە ئێران.