کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رەوتی ئاڵۆزی ئیجرای تەوافوقاتی هەستەیی

رۆژی پێنجی مانگی سەرماوەز یوکیا ئامانۆ سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی، ڕایگەیاند کە “راپۆرتی ئەم ئاژانسە سەبارەت بە ئاستی نیزامی بوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران نەگەیشتۆتە ئاکامی کۆتایی”. ئەو لە وتووێژێکی مەتبوعاتیدا وتی “راپۆرتەکەی ئاژانس بەشێوەی ڕەش و سپی نییە و ئەوەی کە ئێستا دەتوانم بیڵێم، ئەوەیە کە ناکرێ وڵامی ئێمە بە شێوەی بەڵێ یان نا بێت.” قەرارە ئامانۆ هه‌فته‌ی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی خۆی لەپێوەند لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و رابردووی بەرنامەی هەستەیی ئێران، بداتە شورای حوکامی ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی تا ئەم شورایە لە ئیجلاسی ١٥ی دیسامبردا لەبارەیەوە بڕیار بدات. هەڵبەت راپۆرتەکە ناتوانێ ئاکامی کۆتایی لەخۆ بگرێت و ئەوە شوڕای حوکامی ئاژانەسە کە لە جەلەسەی هه‌فته‌ی داهاتویدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و سەبارەت بە ١٢ بابەت لەپێوەند لەگەڵ ئاستی نیزامی بوونی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران (پی ئێم دی) هەڵوێستی خۆی دیاری دەکات. ئیجرای تەوافوقاتی ئەتۆمی ئێران و گروپی ١+٥ و لابردنی ته‌حریمه‌ ئابووریەکانی سەر ئێران، لە گرەوی ئیجلاسی هه‌فته‌ی داهاتووی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزەی ئەتۆمی دایە. کۆماری ئیسلامی و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزەی ئەتۆمی لە پێش تەوافوقی بەرنامەی جامعی ئێقدامی هاوبەش واتە “بەرجام”دا، موافقەتنامەیەکیان ئیمزا کرد کە بەپێی ئەو قەرار بوو تا کۆتایی ئەمساڵ مەوزوعی (پی ئێم دی) چارەسەر بکرێت.592

بەم مەبەستە یوکیا ئامانۆ رۆژی ٣٠ی خه‌رمانان لە سەفەرێکدا بۆ ئێران سەردانی سایتی نیزامی پارچینی کردبوو گوایا هەیئەتەکەشی لەگەڵدا بووە و لەگەڵ چەند کەس لە دانشمەندانی ئەتۆمی ئێرانی چاوپێکەوتنیان کردبوو. ئەگەرچی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە ئەم بازدیدە تەشریفاتی بووە و ئیجازەیان نەدا لە راگەیەنەرەکانیشدا دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە زۆرێک لە خاڵە تەقافوق لەسەر کراوەکانی بەرجام مەرجدارن بە “راستی ئازمایی” بەردەوامی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزەی ئەتۆمی لە ماوه‌ی ١٥ ساڵی داهاتودا.
قسەکانی ئامانۆ لە رۆژی پێنشەممە و لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە ئیجلاسی شورای حوکام کە بەرەوڕووی کاردانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە، نیشانەی ئەوەی پێوە دیارە کە ئامریکا و باقی هێزە سەرمایەداریە رۆژئاواییەکان دەیانەوێ کۆماری ئیسلامی بۆ قەبوڵ کردنی داواکارییە سیاسیەکانیان زیاتر بخەنە ژێر گوشارەوە. ژێست و خۆ گیف کردنەوەکانی خامنەیی و باقی کابەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ تەنەزول نەکردن بۆ ئامریکا و باقی دەوڵەتە سەرمایەدارییە رۆژئاواییەکان و قەبوڵ نەکردنی باقی داواکاریەکانیان بەر لە لاچوونی تەحریمەکان و مەترەح نەکردنی داواکاری و رەچاو کردنی مافەکانی مرۆڤ و یان قەدەغە بوونی هەموو جۆرە وتووێژێک لەگەڵ ئامریکا و هیتر مەسرەفی نێوخۆییان هەیە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم بابەتانە، سەرانی رژیم بۆ درێژەدان بە حاکمیەتەکەیان چارەیەکیان بێجگە لە تەسلیم بوون و ئەنجامدانی تەوافوقاتی سوکایەتی ئامیزی “بەرجام” نییە.
لە ماوه‌ی چەند مانگی رابردوودا و دوای بەسەرەوەنانی جامەژەهری شکست لە تەوافوقی هەستەییدا، کێشمەکێشی باڵەکانی نێوخۆی حکومەت زیاتر بووە. خامنەیی کە چارەیەکی بێجگە لە قەبوڵ کردنی ئەم تەوافوقاتە نەبوو، بۆ رازی کردنی باڵی ئیسولگەرای نەیاری دەوڵەت وێڕای تەئیدی تەوافوقی هەستەیی داوای لە رۆحانی کرد تا بەر لە چارەسەری کۆتایی بابەتی ئاستی ئەگەری نیزامی (پی ئێم دی)، سەرلەنوێ تەراحی کردنەوەی رئاکتۆڕی ئاوی قورسی ئەراک و ئاڵوگۆڕی ئوڕانیۆمی سروشتی دەست پێ نەکرێت. بەڵام دەوڵەتی رۆحانی بەبێ سرنجدانە هەڕەشە و گوڕەشەکانی باڵی ئوسولگەرا، شەرت و شروتەکانی خامنەیی لەبەرچاو نەگرت و هێڵە سوورەکانی بەزاند. ئەوان دەزانن لە حاڵێکدا کە کۆماری ئیسلامی هەروا لە گێژاوی قەیرانی ئابووری و سیاسی و حکومەتیدا پەلەقاژەیەتی، چوونی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو هاوپه‌یمانی نیزامی لەگەڵ بلووکی روسیە و هاوڕێیەتی کردنیان لە شەڕی زەمیندا لە سوریە کاتییە و نە تەنیا کرانەوەیەک بۆ رژیم لە بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیران و بارودۆخی گەلێک خراپی ئابووری بەدیناهێنێت بەڵکو قەیرانە ئابووری و سیاسی و نێوخۆییەکانی رژیم توندتریش دەکاتەوە.
راستیەکەی ئەوەیە کە لەروانگەی زلهێزە سەرمایەداریەکانەوە وتووێژی هەستەیی گروپی ١+ ٥ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە هەمانحاڵدا ئامرازێکیشە بۆ داسەپاندنی باقی ویست و داواکارییەکانیان بەسەر کۆماری ئیسلامیدا. ئەوان دەیانەوێ بە دژوارتر کردنەوەی مەرجەکانی لابردنی ته‌حریمه‌ ئابووریەکان، کۆماری ئیسلامی بکەنە رژیمێک کە نەتەنیا نەتوانێ ببێتە کۆسپی سەر رێی ئیجرا و بەرەوپێش چوونی پرۆژەکانیان لە ناوچەکەدا، بەڵکوو خۆی یارمەتیدەری ئاسانتر چوونە پێشی ئامانجەکانیشیان بێت.
ئیزهاراتی بەردەوامی خامنەیی، ئیمام جومعەکان، بەرپرسانی سپای پاسداران و باقی کاربەدەستانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لەگەڵ مەترسی نفوزی دوژمنیش سەرچاوەگرتوو لە نیگەرانی رژیمە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵکە. ئەوان دەزانن کە هێشتا تا گەیشتن بە شەرایەتی لاچوونی تەحریمەکان دەبێ چ کۆسپ و بەربەستێک تێپەڕێنن. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت بە لاچونی ته‌حریمه‌كانیش ناتوانن ئاڵوگۆڕێک لە بارودۆخی ژیان و بەڕێچوونی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بەدی بێنن. کۆماری ئیسلامی بەم هۆشدارانە دەیەوێ زەمینەی زەینی قبوڵ کردنی داماوی رژیم و ملکەچ کردنی جەماوەری خەڵکی بۆ ئامادە بکات. دەیەوێ بە پەرەدان بە فەزای ترس و سەرکوت بەسەر ئاسەوارە کۆمەڵایەتیەکان و ئاکامی ئەم شکستە قورسەدا زاڵ بێت.
بەڵام شگرد و تەرفەندەکانی کۆماری ئیسلامی بە واژە گەلێکی وەک “شەڕی نەرم و یان نفوز”ی دوژمن و پشت بەستنی بە فەرهەنگی خورافە ناتوانێ جەماوەری خەڵک فریوبدات. بۆ کرێکاران و جەماوەری زۆرلێکراوی ئێران و رزگار بوونیان لە دەست رژیمی جەهل و خورافەی سەرمایەی ئیسلامی رێگایەک بێجگە لە خەبات و موتەشەکل بوون لەدژی کولیەت و سه‌رتاپای ئەم حاکمیەتە دژی ئینسانیە له‌به‌رده‌مدا نییە.