کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رێپێوانی فەرمایشی بە دروشمی دژی کرێکاریەوە لە رۆژی جیهانی کرێکاردا

رژیمی کۆماری ئیسلامی لە نزیک ساڵێک لەوەپێشەوە لە خۆئامادە کردنی بەرگرتن لە بەرپا بوونی مەڕاسمە سەربەخۆکانی رۆژی جیهانی کرێکاردا، گەلێک کرداری پێشگیرانە و سەرکوتگەرانەی جۆراوجۆری لە سەرتاسەری ئێران، بە تایبەت لە تاران و لە شارەکانی کوردستان، بەکردەوە دەرهێناوه‌. دەیان کەس لە هەڵسوڕاوانی کرێکاری و سیما ناسراوەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی بەبێ هیچ بیانویەک گرت و خستنیە زیندان. ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی كرێكاری بۆ ئیدارەکانی ئیتلاعات بانگ کرد و هەرەشەی لێکردن. هەموو جۆرە داواکاریەکی هەڵسوڕاوانی کرێکاری بۆ بەڕێوەبردنی مەڕاسمی سەربەخۆی رۆژی جیهانی کرێکاری بە هەڕەشە و لێدان و ئەزیەت و ئازاردانیان وڵام دایەوە. ئامادەباشی دایە هێزە دژی خەڵکیەکانی لە شارەکانی کوردستان و جاسوس و خەبەرچینەکانی بۆ تەواو کردنی کاری دوربینە مەداربەستەکان لە هەموو جێگایەک دامەزراند. ژمارەیەکی زۆر لە مەحکوم کراوان بە ئێعدام لە دادگا ئاساییەکان کە بۆ وەها رۆژگەلێک لە چاوەڕوانیدا رایگرتبوون، کێشایە پای داری ئێعدام، تا چنگ و ددانی لەم رێگایەوە بە کرێکاران و سەرجەم کۆمەڵگا نیشان بدات. کار گەیشتە جێگایەک کە لە زیندانی سنە زیندانییەک کە ماوەی ١٦ ساڵ لە زیندان لەژێر تیغی ئێعدامدا راگیرابوو لە سه‌روبه‌ندی نزیک بوونەوە لە رۆژی جیهانی کرێکار، ئێعدام كرد.لەپاڵ هەموو ئەم کردارە سەرکوتگەرانەدا شگردێکی دژی کرێکاری تریشی بەکارهێنا. نۆکەرانی ئه‌ڵقه‌ به‌ گووشی سەرمایە وەک عەلیڕەزا مەحجوب و سادقی لە “خانەی کارگەر”یان، بۆ پێشێل کردنی ئامانج و فەلسەفەی وجودیی رۆژی جیهانی کرێکار ناردە مەیدان. ئەوان فریوکارانە وایان پیشاندا کە گوایا رێپێوانێکی بێ ئیجازەیان بەبۆنەی رۆژی کرێکارەوە لە تاران رێکخستووە. کۆمەڵێک کەسیان کە تەنانەت بەشێکیان نەشیان دەزانی بۆچی کۆبونەتەوە، بە ئوتوبوس لە شوێنە جۆراوجۆرەکانەوە، لە کەرەج و دەوروبەری تاران بەرەو ناوەندی “خانەی کارگەر” هێنابوو. سەدان دروشم و پلاکاردی بێ ناوەرۆک و ریاکارانە و فاشیستی و دژی کرێکاریان چاپ و لەنێو خۆپیشاندەراندا بڵاو کردەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا کاربەدەستانی رژیم کە لە سێبەری خۆشیان ئەترسن و هەموو ئانوساتێک لە چاوەڕوانی بڵێشە سەندنی ئاگری قین و توڕەیی خەڵکدان، بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی ئەم حەرەکەتەش ئامادەکاری تەواویان نەکردبوو. هێزە ئینتیزامیەکان هەموو ئەو ڕێگایانەی دەچونەوە سەر مەسیری ڕێپێوانەکە داخستبوو تا نەکا ژمارەیەک میوانی نەخوازراو بێنە نێو ئەو جەمعەی لەپێشدا ئامادە کرابوو، کۆنترۆڵ لە دەست بچێ و رێسەکەیان ببێتەوە بە خوری.420

کاربەدەستانی خانەی کارگەر کە خۆیان لە داسەپاندنی لانیکەمی حەقدەستی ٣ جار لەژێر هێڵی هەژاری بەسەر کرێکاراندا راستەوخۆ دەستیان هەبوو بە وردی ئاگایان لەوە بوو کە قسەیەک سەبارەت بە حەقدەست واتە گرینگترین داواکاری بزوتنەوەی کرێکاری ئێران نەکرێت.بەڵام لەنێو ئەو دروشمە دژی کرێکاریانەدا کە درابونە دەست خۆپیشاندەران، دروشمی دژایەتی لەگەڵ کرێکارانی ئەفغانستانی لە هەموان بەرچاوتر بوو. رێکخەرانی ئەم رێپێوانە فەرمایشیە، راست لە رۆژێکدا کە هێمای هاوپشتی جیهانی کرێکارانە، فاشیستی ترین و دژی کرێکاری ترین پلاکاردیان لەدژی کرێکارانی ئەفغانستانی لەنێو خۆپیشاندەراندا بڵاو کردبۆوە. هەڵبەت تەفرەقە ئەندازی خانەی کارگەر لەنێو کرێکاراندا سیاسەتێکی نوێ نییە، بەڵام تەرح کردنی ئاوا دروشمێک لە رۆژی جیهانی کرێکاردا پیشانی ئەدات کە ئەم ریکخراوە دژی کرێکاریە تا چ ڕادەیەک بێ ئابڕوە. لە رابردودا چەندین جار خانەی کارگەر، کرێکارانی کۆچبەری ئەفغانستانی بە هۆکاری بێکاری و حەقدەستی لەخوارەوەی کرێکارانی ئێرانی ناساندوە و تەنانەت لەسەرەوە بوونی تاوانە کۆمەڵایەتیەکانیشی لە ئێران گرێداوەتەوە بە بوونی ئەم کرێکارە زەحمەتکێشانەوە. سەرمایەداران و سەرانی رژیم لە حاڵی سوئیستیفادە کردنی ئەبزاریی لەم کرێکارانە، ئەوان بە هۆکاری ئەو موسیبەتانەش دەناسێنن کە خۆیان هۆکاری توند بونەوەیانن. ئەوان لەسەر بنەمای پەرەسەندنی دژایەتی کردنی هاوڵاتی خارجی لە لایەن کرێکارانەوە و بەتایبەت ئەو کرێکارانەی ئیجازەی مانەوەیان نییە، زیاتر توشی بێ مافی کردۆته‌وه‌. بنەماڵەی ئەم کرێکارانە لە بێهداشت و دەرمان و منداڵەکانیان لە مافی خوێندان بێبەش کراون. کاربەدەستانی رژیم شناسنامه‌ نادەن بەو منداڵانەی کە دایکەکانیان ئێرانین و باوکیان ئەفغانستانیە. کرێکارانی خاوەنی ئیجازەش تەنیا ئیزنیان هەیە بە دانی رشوە و بۆ هێندێک ناوچەی دیاریکراو ئیجازە وەربگرن. لە ماوەی ساڵانی رابردودا سیاسەتی دژی ئینسانی و سەرکوتگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەت بە وەڕیخستنی تەبلیغاتێکی ژەهراوی سەبارەت بە خەڵکی ئاوارە و کۆچبەرانی شەریف و بێبەشی ئەفغانستانی، موسیبەت و رۆژ ڕەشیەکی گەلێک زیاتری بەسەردا سەپاندون. بەملیۆن ئینسان کە زیاتر لە سێ دەیەیە بەهۆی بارودۆخی فەلاکەتبار و شەڕ و وێرانی بەرین ناچار بوون وڵاتی ئەفغانستان جێبێڵن، لە ئێرانیش کەوتونەتە بەر وەحشیانەترین و دژی ئینسانی ترین سەرکوتەکان و سوکایەتی رسمی حکومەتی. کرێکارانی پێشڕەو لە ئێران بەردەوام وەحشیگەری بۆرژوازی و رژیمی کۆماری ئیسلامی لەدژی کرێکارانی ئەفغانستانی داوەتەبەر رەخنەی توند و لە بەرانبەر هێرشی دەوڵەتی سەرمایەداراندا دیفاع و پشتیوانی لێکردون. کرێکاران و خەڵکی کۆچبەر و ئاوارەی ئەفغانستان شایستەی زۆرترین پشتگیری و پشتیوانین لە لایەن کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانەوە.قەتعنامەی رێپێوانی فەرمایشی رۆژی جومعه‌ کە لە لایەن کاربەدەستانی خانەی کارگەرەوە مەتڕەح کرا، نەتەنیا هیچ پێوەندیەکی بە داواکاری و متالباتی چینی کرێکاری ئێرانەوە نییە، بەڵکوو راست لە دژایەتیدا لەگەڵی ئامادە کراوە. تەشەکولە سەربەخۆ کرێکاریەکانی ئێران لە قەتعنامەی پەسندکراوی خۆیاندا بەبۆنەی رۆژی جیهانی کرێکارەوە بە روونی دیفاعیان لە کرێکارانی کۆچبەر کردوە و نەتەنیا داواکاری لابردنی هەموو جۆرە هەڵاواردنێکن لەسەر هاوچینە ئەفغانستانییه‌كانیان، بەڵکوو داواکاری ئەوەن کە بە هەموویان مافی شارۆمەندیی بدرێت. کاربەدەستانی دەوڵەتی خانەی کارگەر نە تەنیا ناتوانن رێپێوانی رۆژی جومعه بە چینی کرێکاری ئێران نیسبەت بدەن، بەڵکوو بەمجۆرە کردارە دژی ئینسانیانە، قین و توڕەیی چینی کرێکاری ئێران زیاتر هەڵدەخڕێنن.