کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ریسوایی ماڵی کاربەدەستانی فیفا نمونەیەک لە گەندەڵی جێکەوتو لە دنیای پێشکەوتوی سەرمایەداریدا

رۆیتێرز رۆژی ٦ ی ژوئێن بەرابەر لەگەڵ ١٦ ی مانگی جۆزەردان نووسی ڕیسوایی ماڵی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی فوتباڵ ناسراو بە فیفا لە تەمەنی ١١١ ساڵەی ئەم فیدراسیۆنەدا بێ وێنە بووە. ئەم هەواڵنێریە ئاماژەی بەو تاوانانە کردوە کە پۆلیسی فیدڕاڵی ئامریکا ناسراو بە ئێف بی ئای خستویەتە پاڵ کاربەدەستانی فیفاوە. رۆژی چوارشەممە ٢٧ی مانگی مەی، بەرابەر لەگەڵ ٦ ی جۆزەردان پۆلیسی نێونەتەوەیی لەسەر داوای وەزاڕەتی دادگوستەری ئامریکا ٧ کەس لە کاربەدەستانی سەرەوەی فیفای لە هۆتێلێکی ٥ ئەستێرەدا لە شاری زوریخ ی سوئیس گرت و زیندانی کردن. ئەوان بەوە تاوانبارن کە لەبەر سپاردنی مسابەقاتی جامی جیهانی فوتباڵ بە وڵاتەکان، گۆڕینی کاتژمێرەکانی بەڕێوەچونی مسابەقات بەپێی نیازی ڕاگەیەنەرە گەورەکان، بازاڕ یابی و دیاریکردنی پشتیوانانی ماڵی مسابەقەکان لەنێوان شیرکەتە چەند میللەتیەکاندا ڕشوەی کەڵانیان وەرگرتوە. ئەوان هەروەها بە پوڵ شویی لە ڕێگای بانکە گەورەکانەوە لە دنیادا، و بەتایبەت لە بریتانیا، تاوانبارن. ئەم گرتنانە ٢ رۆژ بەرلە هەڵبژاردنی سەرۆکی فیفا بەڕێوەچوە کە تێیدا سپ بلاتێر بۆ پێنجەمین جار ئەم پۆستەی پێدرایەوە. ئەو ٤ رۆژ دواتر لە ژێر گوشاری ئیفشاگەری زیاتری ڕاگەیەنەرەکانی خەتی ڕەسمیدا لە ویلایەتە یەکگرتوەکان ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە. ژمارەی کاربەدەستە گیراوەکانی سەرەوەی فیفا گەیشتۆتە ٩ کەس و ٥ مودیر عاملی شیرکەتە گەورەکانیش لەم پێوەندیەدا گیراون.ئەوەی کە بە روونی لە گەندەڵی ماڵی کاربەدەستانی فیفا ئاشکرا کراوە ئەوەیە کە ئەم کەسانە لە ساڵی ١٩٩٠ وە تا ئێستا ١٥٠ ملیۆن دۆلاریان ڕشوە وەرگرتوە. حاڵەتەکانی ئەم ڕیسواییە چەندین دانەن.بۆ نمونە سەرۆک کۆماری پێشوی ئافریقای جنوبی فیدڕاسیۆنی فوتباڵی ئەو ولاتەی ئیجازەدابو تا ١٠ ملیۆن دۆلار ڕشوە بدات بە کاربەدەتانی فیفا و میزبانی جامی جیهانی فوتباڵ بەدەست بێنێ. ٢ تاوانی گرنگی تر کە لە دژی کاربەدەستانی فیفا مەتڕەح کراون دەستێوەردانە لە دەنگ وەرگرتن و سپاردنی میزبانی جامی جیهانی فوتباڵ بە ڕوسیە لە شاڵی ٢٠١٨ دا و قەتەر لە ساڵی ٢٠٢٢پۆلیسی فیدڕاڵی ئامریکا سەبارەت بە حکومەتی قەتەر، کە لە مەسایلی کەڵانی جیهانیدا گوێ بە فەرمانی دەوڵەتی ئامریکایە حەساسیەتێکی نیشان نەداوە و تەنیا میزبانی دەوڵەتی روسیەیە کە ئێف بی ئای لەسەری هەستیارە و ڕاگەیەنەرەکانی خەتی ڕەسمی زومیان خستوەتەسەر.مسابەقاتی جامی جیهانی فوتباڵ لە هاویندا بەڕیوە دەچێت و درانی میزبانی ئەم مسابەقاتەش بە قەتەر کە گەرمایەکی سوتێنەری هەیە، بە زوویی گەلێک451ڕەخنەی توندی بەرەو رووی کاربەدەستانی فیفا کردەوە. ئەم فیدڕاسیۆنە بە گۆڕینی وەرزی مسابەقەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بۆ زستان ڕەخنەگرانی بێدەنگ کرد و کاربەدەستانی قەتەر پرۆژەی ٢٦٠ ملیارد دۆلاری ئامادە سازی وڵاتەکەیان بۆ مسابەقاتیان بە شیرکەتە رۆژئاواییەکان بەتایبەت ئامریکاییەکان سپارد.ئەوانیش لە ڕێگای شیرکەتەکانی دابینکەری هێزی ئینسانی، کە بە کۆیلەدارانی مۆدێڕن ناسراون، کرێکارانی کۆچبەری ئاسیای باشوری رۆژهاڵیان ڕشتە وڵاتەوە و دروست کردنی دوازدە ئیستادیۆمیان دەست پێکرد. حاکمانی قەتەر کە بەشێوەیەکی ڕیاکارانە ئەم کرێکارانە بە ‌مێهمان ناودەبەن بارودۆخێکی مەترسیدار و کۆیلە هێنەریان بەسەر ئەم کرێکارە ڕێکنەخراو و بێ دیفاعانەدا سەپاندوە کە لە ئاکامیدا تا ئێستا ١٢٠٠ کرێکار بە هۆکاری نائەمنی شوێنی کار گیانیان لەدەست داوە. بەپێی هەڵسەنگاندنی کارناسان ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت تا کۆتایی کار لە ٢٠٢٢ دا چوار هەزار کرێکار گیانیان لەدەست ئەدەن. بەپێی ئەم پێش بینیانە ژمارەی ئەو کرێکارانەی بە کۆیلە کراون، کە هەرئێستا بە سەدان هەزار کەس بەراورد دەکرێن، لە کۆتاییدا ژمارەیان دەگاتە یەک ملیۆن کەس. شیرکەتەکانی دابین کەری هێزی ئینسانی ئەم کرێکارانە بە وەعدەی حقوق و مەزایای باش هێناوە بۆ قەتەر، لەوێ پاسپۆرتەکانیان لێ وەردەگرن و بەبێ ناونوسینیان لە ئیدارەی مهاجرەت بەکرێ دەیاندەن بە شێرکەتەکان. ئەوان لە پارەیەکی کە وەریدەگرن بە شێوەی مامناوەند ٨ دۆلار و ٣٠ سێنت دەدەن بە کرێکارەکان. ئەوان بۆ ئیزافەکاری کاتژمێری ٧٥ سێنتیان ئەدەنێ. رۆژنامەی ئینگلیسی زمانی گاردیەن نووسیویەتی هێندێک لەم کرێکارانە نزیکەی ساڵێکە ئەم حەقدەستە کەمەشیان وەرنەگرتوە و لەترسی گیران دیپۆرت و کرانەوە ناتوانن شکایەتیش بکەن. حاکمیەت لە قەتەر، کاربەدەستانی فیفا و دەوڵەتی ئامریکا، سەرەڕای ئیفشاگەری سازمانەکانی لایەنگری مافەکانی مرۆڤ و تەشەکولە کرێکاریەکان، بە تەواوی چاویان لە ئاست ئەم ڕاستیە داخستوە و تا ئێستا هیچ چەشنە باش بونێک لە بارودۆخی کرێکارانی کۆچبەردا بەدی نەهاتوە.هەر ئەو جۆرەی کە وترا ئێف بی ئای و ڕاگەیەنەرەکانی لایەنگری دەوڵەتانی رۆژئاوایی زۆر ترین تەبلیغاتیان لەسەر دانی میزبانی مسابەقاتی جامی جیهانی فوتباڵ لە ساڵی ٢٠١٨ دا بە ڕوسیە چڕ کردۆتەوە. ڕوسیە لە بارودۆخێکدا لە دەنگدان بۆ وەرگرتنی شوێنی مسابەقەکاندا سەرکەوت کە ڕەقیبێکی بەهێزی وەک بریتانیای لە بەرانبەردا بوو. دەوڵەتی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاوایی لەم هەڵبژاردنە توڕە بوون. ئەوان پێشتریش لەوەیکە یاریەکانی ئۆلەمپیکی زستانەی ٢٠١٤ بە ڕوسیە سپێردرابو ناڕازی بوون و بۆ پشتگوێ خستنی ئەم یاریانە روداوی ئۆکڕاینیان سازماندەگی و مودیریەت کرد. ئێستا کە کێشمەکێش لەگەڵ ڕوسیە گەلێک لە پێشو قوڵتر بۆتەوە ئاشکرا کردنی ڕیسواییەکانی فیفا، کە ساڵانێکە چەندین کتێب و ڕاپۆرتی لەبارەوە بڵاو کراوەتەوە و پشتگوێ خراوە، بابەتێکی بەتەواوی چاوروان کراوە.توند بوونەوەی کێشمەکێشەکانی نێوان دەوڵەتانی ڕوسیە و رۆژئاوایی و لەقادانی گەندەڵی لە فیدڕاسیۆنی نێونەتەوەیی فوتباڵدا، واتا فیفا، کە هەمیشە کارەکانی هاوتەریب لەگەڵ گەندەڵی و هەڵاواردندا چۆتەپێش، لە ئاسەوارەکانی قەیرانێکە کە سیستمی ئابووری و حکومەتی وڵاتانی گەورەی سەرمایەداری لە چنگی خۆیدا گوشێوە. خەڵکێکی کە دەبینن یاری فوتباڵ بۆتە قوربانی گەندەڵی و قازانج پەرستی و گەڵەکە کردنی سودی باشگاکانی سەرمایەدارانی گەورە، بانکەکان و کاربەدەستانی سەرەوەی فیفا گاڵتە بەم جۆرە ئیفشاگەریانەی دەوڵەتی ئامریکا و کێشەی وڵاتانی سەرمایەداری دەکەن و پێکەنینیان پێی دێت. ئەوان لەگەڵکو بتوانن هەموو باشگا و دامەزراوەکانی پێوەندیدار بە فوتباڵ لەدست سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان دەردێنن و جەوهەری ئەم یاریە جوانە دەگێڕنەوە بۆی کە بریتیە لە بەهێز کردنی رۆحیەی سالم سازی جەستە و ڕەوان لە کۆمەڵگەی بەشەریدا، چێژ وەرگرتن لە توانایی داهێنەرانەی ئینسان لە وەرزشدا و بەهێز کردنی هاوپشتی نێوان خەڵکی دنیا.