رۆژنامەی کەیهان بە سەرنووسەریی بازجو- هەوالنێر “شەریعەتمەداری” یەکێک لە توندڕەوترین و دزیوترین ڕاگەیەنەرە ئەمنیەتیەکانی ئێرانە کە بەڕێوەبەرەکەی ڕاستەخۆ لە لایەن خامنەییەوە دیاری دەکرێت. نووسەرەکان و بەرپرسی سەرەکی ئەم رۆژنامەیە زیاتر لەوەی کە لە قەوارەی ڕەسانەیەکدا دەرکەون، بڵیندگۆ و وتەبێژی توندڕەوترین و کۆنەپەرست ترین بەشی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامین کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بەیتی ڕێبەریی عەلی خامنەییەوە هەیە.
ئەوەی لە ژووری فکر و ڕێبەریی باڵی زاڵ و دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا ڕوو ئەدات لە سەر وتارەکان، هەواڵ، ڕاپۆرتەکان و لێکدانەوەکانی رۆژنامەی کەیهاندا خۆی دەنوێنێ. شەریعەتمەداری و رۆژنامەی کەیهان کە تا دوو مانگ لەوە پێش لە بیری بەردەوام بوونی ویلایەتی فەقی لە ئەگەری مەرگی خامنەییدا بوون، لە سوڕانێکی سەد و هەشتا دەرەجەدا خەریکن بەشی محافزەکار و سوننەتی کۆمەڵ لە دوارۆژی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەترسێنن.
ڕۆژنامەی ئەمنیەتی کەیهان هیچی بۆ دیفاع لە کۆماری ئیسلامی لە سەر وتارەکەیدا نە دۆزیوەتەوە و سەرمایەگوزاری لەسەر وەحشەت و ترس لە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەکات.
ئەم رۆژنامەیە بە پێشبینی کردنی ئەو ڕوداوانەی کە قەرارە دوای” بەرئەندازی” ڕووبدەن، جەختی کردوە کە” سبەی رۆژی دوای کۆماری ئیسلامی، دۆزەخە.” ئەم بڵاوکراوە حکومەتیە لە درێژەدا بە ئاماژە کردن بە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک لەدژی کۆماری ئیسلامی نووسی: ئەگەر ئەم تەیفە بگەنە دەسەڵات، بە دروشمی حیجابی زۆرەملێ، لە کۆتاییدا بەرەو” بێ حیجابی زۆرەملێ” دەچێت…و یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانیش لەم ئاژاوەیەدا، لەتکردنی ئێران و پارچە پارچە کردنی وڵاتەکەمانە.”
ئاماژە کردن بە هەستیاریەکانی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ لەوانە لەتکردنی وڵات، دین، حیجاب و هیتر لە شگردی کۆنی ڕاگەیەنەرەکانی حاکمیەتە بۆ پاساوی سەرکوتی خوێناوی ناڕەزایەتیەکان. چل و سێ ساڵە کە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بۆتە دۆزەخێکی بە تەواو مانا بۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک. بەڵام ئێستا رۆژنامەی کەیهان وای نیشان ئەدات کە گۆیا بارۆدۆخێکی بەهەشت ئاسا لە وڵاتدا لە ئارادایە و بە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەروازەکانی دۆزەخ بەڕووی خەڵکدا دەکرێتەوە! سیناریۆ و نەخشەی ڕژیم بۆ مانەوە، لە لایەکەوە سەرکوت و لە لایەکی دیکەوە ترساندنی خەڵکە لە پارچە پارچە بوونی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری و بە یاسایی بوونی هاوڕەگەز خوازی.
لە دێڕبەدێڕی رۆژنامە حکومەتیەکاندا، لە بەرنامە ڕادیۆیی و تەلەویزیۆنیەکانی کۆماری ئیسلامیدا، لە تەبلیغاتی شیفاهی ئاخوندەکان و لە مینبەرەکان، سیاسەتی حکومەت بۆ مانەوە ترساندنی بەشی محافزەکار و مەزهەبی کۆمەڵگایە.
حاکمیەت باش دەزانێت زۆربەی خەڵکی ئێران خوازیاری گۆڕانی ڕژیم و ڕوخانی کۆماری ئیسلامین. دەسەڵاتداران نیگەرانی هەڵوەرینی توێژی محافزەکار و مەزهەبی- سوننەتی کۆمەڵن و سیاسەتی ترس لە تازەگەری و نوێ بوونەوە لە نێوئەو بەشەی کۆمەڵدا پەرە پێئەدەن.
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردودا ئێمە شاهیدی شکست و ناکامی سیاسەتە کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەکانی حکومەتی ئیسلامی بووین. لە مانگەکانی داهاتوشدا لەگەڵ پەرەسەندن و قوڵبوونەوەی خەبات و تێکۆشان شاهیدی هەڵوەرینی زیاتری پێگە سوننەتیەکانی حکومەت دەبین و رۆژنامەی بەدنێو و ئەمنیەتی کەیهانیش دەبێ وڵامدەرەوەی تەحریکات و نەفرەت بڵاوکردنەکانی لەدژی خەڵک بێت. بەرپرسانی کۆنەپەرست و ئەمنیەتی ئەم بڵاوکراوە حکومەتیە دەبێ وڵامدەرەوەی دەور و نەخش و دەست تێدا بوونیان لە جەنایەتەکانی ڕژیم لەدژی نەیاران و ناڕازیان بن.