کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رۆحانی قوفڵی قەیرانی هەستەیی کردەوە،کێ قوفڵی ژیانی خەڵک دەکاتەوە؟

قەیرانی هەستەیی رژیم لە كۆتاییدا و دوای دەورەیەکی تولانی چەنە لێدانی بێ حاسڵ، سەرئەنجام بە ملکەچ بوونی دەزگای رێبەریی کۆماری ئیسلامی له‌ژێر گوشارە سیاسی و ئابووریەکانی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاوایی، لە شکڵ و فۆڕمی تا ئێستای خۆیدا خەریکە کۆتایی دێت. “نەرمی نواندنی قارەمانانە” ناوی رەمزیی ئەم ملکەچ کردنە بوو وە ئیجرا کردنی بە رۆحانی و دەوڵەتەکەی سپێردرا. بەڵام ئەم سازشە کە هەموو باڵەکان، سەرفەنەزەر لە هێندێک هەراوهوریا و بۆڵەبۆڵ، هەموو بەیەکەوە ملیان بۆ دانه‌واند، کۆتایی ماجەرای شەڕ و کێشە دەرون حکومەتیەکان نابێت. ئەگەر تا دوێنێ باندە مافیاییەکان لە دەزگای رێبەریدا بەوەی کە دەیانوت “وزەی ئەتۆمی مافی بێ ئه‌و لاو ئه‌و لای ئێمەیە”، وەک زەروو خوێنی خەڵکیان دەمژی، لەمرۆ بەدواوە سەهم خوازی لە “بەرەکەتەکانی پێکهاتنی هەستەیی” دەست پێدەکات. بەم واتایە کە هەموو باندە مافیاییەکانی نێو دەسەڵات، نێو بەیتی رێبەری، لە سپادا، لە مه‌جلیس، قوەی قەزاییە و لە دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکاندا چاوەڕێن تا بزانن چ سەهمێکیان لە لاچونی تەحریمەکان و کرانەوەی درگاکان بەڕووی سەرمایە و سەرمایەگوزاریەکاندا بەردەکەوێ.485لە راستیدا ئەگەر رۆحانی و دەوڵەتەکەی “کۆسپی” سەر رێی ئەم رەوتە نەبن، رەنگە لە بەرەوپێش بردنی ستراتیژی دوای پێکهاتنەکەش لەگەڵی پێکبێن. بەڵام ئەگەر “کۆسپ” دروست بکەن و لە مەوقعیەتی بەدەست هاتوو، لە راستای پتەو کردنی پێگەی جەناحیدا کەڵک وەربگرن”، ئیتر شیاوی تەحەمول كردن نابێت و هەموان هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە کە، ئەمە موسیبەتە “فیتنە”یەک کە لە درگاوە دەرچوبوو لە پەنجەرەوە گەڕاوەتەوە.رۆحانی لە بارودۆخێکدا کە خاوەنی پشتیوانی بەیتی رێبەری بۆ گۆڕینی ئاڕاستە لە یاری هەستەییدا بوو، سوکانی دەوڵەتی بەدەستەوە گرت و لە ئێستادا ئەرکێک کە لە لایەن ئەم بەیتەوە گرتبویە ئەستۆ، بە سەرئەنجامی گەیاندووە. بەڵام ئەو وەعدە و بەڵێنانەی سەبارەت بە ژیانی زۆربەی خەڵک دابوی نەک هەر جێبەجێی نەکردون، بەڵکوو لەمبارەوە بارودۆخەکەی خراپتریش کردووە. ئایا رۆحانی و دەوڵەتەکەی لەمە بەدواوە دەتوانن ئاڵوگۆڕێک لە ژیان و بەڕێچونی رۆژانەی خەڵکدا بەدی بێنن؟ وڵامەکەی مەنفیە. دەبە کردن لە ئێستاوە دەستی پێکردووە. تا دوێنێ دەیانوت کە ١٢٠ ملیارد دۆلار پارەی بلۆکە کراویان هەیە، ئەمرۆ دەڵێن ئەم رەقەمە ٢٩ ملیارد دۆلارە کە ٥ ملیاردی وامی دەرەکیە. ئەمرۆ لە بارودۆخێکدا کە بەیتی رێبەری، سپا و ئیتلاعاتیەکان دەیانەوێ هەروا سەهمێکی ئەساسیان لە ئابووری و سیاسەت لەدەستدا بێت، بۆ رۆحانی، ئەگەر نەیەوێ دوچاری چارەنوسی موسەوی، کەروبی و خاتەمی بێت، تەنیا رێگای مومکین بوونیەتی بە هاوکاری دەزگای رێبەری، بەلای زۆرەوە بە هێندێک پرتە و بۆڵەی جاروبارەی. لادانی ئەم مۆتەکانەی خۆیان بەسەر ئابووری ئێراندا و کردنی ئەم رژیمە بە رژیمێکی ئاسایی جێی سرنجی چینی سەرمایەدار لە ئێران، لە توانای رۆحانی و رەفسەنجانی و کەسانی وەک ئەواندا نییە.هەمووان دەزانن کە لە گشت ئەم ماجەرایانە و ئەم رقابەتە ئاشکرا و شاراوانەدا، هەموو باڵە حکومەتیەکان دەیانەوێ کە ئامانجی سیاسی و ئابووری خۆیان بەناوی خەڵکەوە و بۆ دیفاع لە قازانج و بەرژەوەندی میللی دا بەرنەپێشەوە. بەڵام هەموو ئەوەی بەناوی دیفاع لە “بەرژەوەندی میللی”دا ئەنجامیان داوە، تەنیا بۆتە هۆی بەهەدەر چونی ژیانی خەڵک. هەر ئەم داستانە هەستەییە شاهیدی جیدی ئەم راستیەیە، داستانێک کە هەزینەیەکی زۆر قورسی خستە سەر شانی خەڵک و لە ئاخریشدا سەرەڕای هەراوهوریای ئەم رۆژانەی دوایی دەزگا تەبلیغاتیەکانی رژیمی ئیسلامی، بەرهەمێکی بێجگە لە تەسلیم و شکست نەبووە. لە ئێستا بەدواوە، فریوی خەڵک و لە چاوەڕوانیدا راگرتنیان بەناوی “دیفاع لە بەرژەوندی میللی” ئیمکان پەزیر نییە. هەڕەشە بەردەوامەکانی سەرانی کۆماری ئیسلامی لەم رۆژانەدا و بەر لە هەموان و لەوانە لە لایەن خودی رۆحانیەوە سرنجی لەسەر ئەم بابەتە گرینگەیە و لە نیگەرانیەکی جیدیەوە سەرچاوە دەگرێت.بەڵام ئەگەر بەشوێن ئەم شکستە سیاسیەی رژیمدا، بواری گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەنێوخۆدا فەراهەم بووە، نابێ لەبیرمان بچێتەوە کە ئەم بوارە خۆی لەخۆیەوە نابێتە بیلفێعل و کۆماری ئیسلامی بە هەموو تەوانیەوە هەوڵ ئەدات تا ئیجازە نەدات خەڵک لەم مەوقعیەتە کەڵک وەربگرن. لەبەر ئەوەی شکستی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی هەستەییدا، شکست لەبەرانبەر خەڵک و ناڕەزایەتی ئەواندا نەبوو، بەڵکو شکست بوو لە بەرانبەر دەوڵەتانی رۆژئاواییدا کە دڵەراوکێی نانی خەڵکی ئێرانیان نەبوو، بەڵکو بەدوای بەرژەوەندی درێژماوە و کورت ماوەیانەوە بوون لە ئێڕان و لە ناوچەکەدا. ئاشکرایە کە کرانەوەی قوفڵی قەیرانی هەستەیی هاوتەریب لەگەڵ کرانەوەی قوفڵی ژیانی خەڵکدا نییە. رۆحانی لەم بوارەدا ناتوانێ و ناشیەوێت ببێتە قارەمان”.لەم روەوە بۆ کەڵک وەرگرتن لەم مەوقعیەتە و شکاندنی دیواری ئیختیناق و سەرکوتی رژیم، تەنیا یەک رێگا بوونی هەیە. ئەویش خەباتی راستەوخۆی کرێکاران و زۆربەی خەڵکی بێبەشە بۆ داسەپاندنی داواکاریەکانیان بەسەر ئەم رژیمەدا. ئەمە تەنیا کاری خەڵکێكە کە لەم رژیمە و سیاسەتەکانی بێزارن، کاری ئەو کرێکار و زەحمەتکێشانەیە کە حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیان لەگەڵ رەنج و ئازار لە ژیانی خۆیاندا هەست پێکردووە. کاری ئەو ژنانەیە کە بێ مافی لە حاکمیەتی ئەم رژیمەدا بەسەر شانیانەوە قورسایی دەکات، کاری ئەو لاوانەیە کە لە ئاکامی سیاسەت و کردارەکانی ئەم رژیمەدا ئاوات و ئارەزوەکانیان به‌فیرۆ چووه‌. بەڵام ئەم خەڵکە بۆ بەرەپێش چونی سەرکەوتووانەی کاری خۆیان پێویستیان بە ئامرازێکی گونجاو واتە سیاسەتێکی دروست و رێ نیشاندەر، بە حیزبی سیاسی پێشڕەو و بە تەشکیلاتی جەماوەری خۆیان هەیە. ئەگەر لاچوونی قەیرانی هەستەیی ئینتیزارات و تەوەقوعات لە ژیان دەباتە سەرێ، دەبێ ئامرازی دەستەبەر بوونی ئەم چاوەڕوانی و تەوەقوعاتە فەراهەم بکرێت. کاری ئەمرۆی ئێمە، چالاکیەکانمان، ناڕەزایەتی و خەباتی ئەمرۆمان مەسیری هه‌ڵگرتنی هەنگاوی گەورەتری سبەی رۆژمان فەراهەم دەکات. لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی گرنگدا کە کۆمەڵگەی ئێران لەبەر دەمیدایە، ناکرێ هیوایەک بە رۆحانی و جەریانە به‌نەوشەکەی ببەسترێت. دەبێ خۆمان دەست بەکار بین و بە دەستی خۆمان قوفڵەکانی ژیان یەک بەیەک بکەینەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah