کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

رژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی توندوتیژی لەدژی ژنان

پەیڕەو کردنی بێمافی و توندوتیژی لەدژی ژنان ریشەی لە مناسباتی ئابووری، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا دایە. لە کۆمەڵگای ئێراندا توندوتیژی دژبە ژنان ئەساسەن لە حاکمیەتی رژیمێکی سەرمایەداری ستەمکاری مەزهەبیەوە سەرچاوە دەگرێت کە یاساکانی لەسەر تەعلیماتی دینیە. رژیمی کۆماری ئیسلامی بە رەسمی دژایەتی لەگەڵ ژندا ده‌كات و بە رەچاو کردنی قانونی ئیسلامی بە شێوەیەکی نیهادینەکراو مافە مەدەنی و ئینسانیەکانی ژنان پێشێل دەکات و بە زەوت کردنی هەموو ئازادیەکی فەردی و کۆمەڵایەتی لە ژنان رەسمیەتی داوەتە پەیڕەوکرانی توندوتیژی هەمە لایەنە لەدژی ژنان لە کۆمەڵگا و بنەماڵەدا لە لایەن حكومەت و پیاوانەوە. یەکێک لە پاڵپشتیەکانی بەردەوام مانەوەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی فەرهەنگی پەرتوکاوی پیاوسالاریە لە کۆمەڵگەدا.

لە قانونی ڕژیمی ئیسلامیدا ژنان وەک بەشێک لە دارایی و مڵکی پیاوان بەحیساب دێن. بەپێی مادەی ١١٠٥ی قانونی مەدەنی حکومەتی ئێران لە پێوەندی نێوان ژن و مێرد دا پیاو سەرۆکی بێ ئەملا و ئەولای بنەماڵەیە. شوڕای نیگابانیش قەراری داوە ژن بەبێ ئیجازەی مێردەکەی ناتوانێ لە ماڵ بچێتەدەرەوە تەنانەت ئەگەر بۆ ناشتنی باوکیشی بێت. لە ئەگەری سەرپێچی کردنی ژن لەفەرمانی مێرد کە مەعمولەن توندوتیژی لەدژی ژنانی لێدەکەوێتەوە، لە ناوەندە قەزاییەکاندا بە پشت بەستن بەم یاسایانە ژنان مەحکوم دەکەن.563

قانونەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی توندوتیژی لەدژی ژنان لە کۆمەڵگەدا نیهادینە و تەرویج دەکات و ڕەوایەتیشی پێدەبەخشێ. رۆحانیەکانی حاکم بەسەر ئێراندا پەسند کردنی قانون لەدژی ژنان وەک عەمەل کردن بە ئەحکامی ئیلاهی چاولێدەکەن و ئیجرای ئەم قانونانە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگەی ئیسلامی بە پێویست دەزانن. لەبەر ئەوەی پێیانوایە بە پەیڕەو کردنی توندوتیژی لەدژی ئەوان دەتوانن بەر بە فەساد و بێ بەندوباری لە کۆمەڵگەدا بگیردرێت. لە حاڵێکدا بەپێی راپۆرتەکان، ئاماری بێ بەندوباری و فەساد لەنێو جەمعیەتی پیاواندا کە رۆحانیشیان تێدایە شیاوی بەراورد کردن لەگەڵ جەمعیەتی ژنان نەبووە و گەلێک زیاترە.
بەپێی مادەی ٦٣١ ی قانونی مجازاتی ئیسلامی، ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاویکی دیکەدا لە ژوری خەودا ببینێ و بیکوژێ، قەتڵی ئەنجام نەداوە و هیچ جۆرە سزایەک نادرێت. لە حاڵێکدا ئەم مافە بۆ ژن لەبەرچاو نەگیراوە. مادەی ٣٠٠ی قانونی مجازاتی ئیسلامی دەڵێ: دیەی کوشتنی ژنی موسڵمان عەمدی یان غەیرە عەمدی نیوەی دیەی پیاوێکی موسڵمانە. مادەی ١٠٢ی ئەم قانونە دەڵێ: پیاو لە کاتی بەردباران کرانیدا تا نزیکی پشتێنەی و ژن تا نزیکی سینگی لە چاڵ دەندرێن ئەوکات رەجم دەکرێن. یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە دەبێتە هۆی توندوتیژی لەدژی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا بە یاسایی کردنی حیجابی زۆرەملی ئیسلامی بۆ ژنانە. بەپێی قانونی مجازاتی ئیسلامی ئەو ژنانەی کە حیجابی ئیسلامی لە شوێنە گشتیەکاندا رەچاو نەکەن بە ٧٤ زەربە شه‌لاق مەحکوم دەکرێن. قانونی ئەساسی ئێرانیش مافی ژنان لە چوارچێوەی ئەم قانونە کۆنەپەرستانە دژبە ژنەدا بە ڕەسمی دەناسێت. ئەمانە تەنیا چەند نمونەیەک بوون لە قانونی دژی ژنی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕەوی کردن لە ئاموزشی ئیسلامی کە لەگەڵ فەرهەنگی پیاو سالارانەی حاکم لە کۆمەڵگادا ئاسیب پەزیری ژنانی لە بەرانبەر توندوتیژی هەمە لایەنە و سیستماتیکدا زیاتر کردوە. بەمجۆرە دەبینین کە لە وڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا کە چەند هاوسەری، هاوسەر گیری کاتی، سیغە، هەڵاواردنی رەگەزی، بێبەش کردنی ژنان لە مافی سەرپەره‌ستی کردنی منداڵەکانیان کە دژوارترین گوشارە رەوانیەکان دەخاتە سەر دایکان، ئەمانە و گەلێکی تر ئەو نمونەی توندوتیژیانەن کە لەسەر بنەمای بەندێک لە قانون و ئیلهام گرتوو لە ئایات و ره‌وایاتی ئاینی ئیسلام، بەسەر ژناندا پەیڕەو دەکرێن.
توندتیژی لەدژی ژنان سنورێکی نییە و وەک دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی، هەموو دنیای داگرتوە و مێژویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، بەڵام لەمرۆشدا نیزامی سەرمایەداری سەردەمی ئێمە هۆکاری مانەوەیەتی. بەم ئیعتیبارەوە توندوتیژی لەدژی ژن بە گشت دزێویەکانیەوە بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و وەک هەر دیاردەیەکی تر دەبێ بەستێنی سەرلەنوێ رەگئاژۆ کردنەوەی بناسین و بەپێی تایبەتمەندیەکانی بە شێوەی رێکخراو و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی هێزی ژنان و پیاوانی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب بەسیج بکرێت. دەبێ گوشارێکی وەها بخرێتە سەر دەوڵەتەکان کە قەبوڵی بکەن پەیڕەو کردنی هەموو جۆرە توندوتیژیەک لەدژی ژنان لە ماڵەوە، مەدرەسە، ناوەندەکانی کار و لە هەر جێگایەکی دیکەی کۆمەڵگەدا، سزای قورسی بەدواوە بێت.
نابێ هیچ کەس ئیجازە بە خۆی بدات توندوتیژی لەدژی ژنان بە ئەمرێکی شەخسی، بنەماڵەیی، قەومی، فەرهەنگی و مەزهەبی، بزانێت و لە بەدواداچوون و سزای یاسایی بەدوور بێت. هەر کەسە و بەهەر شێوەیەک لەدژی ژنان توندوتیژی ئەنجام بدات، بەبێ هیچ ئەملاو ئەولایەک دەبێ سزا بدرێت. نە تەنیا دەبێ هەموو جۆرێکی ئازاردان و سوکایەتی کردن لە کۆمەڵگە و هەر شێوەیەک لە توندوتیژی لە شوێنی کاردا بە تەواوەتی قەدەغە بکرێت، بەڵکو دەبێ ئەو کەسەی توندوتیژی نواندوە و خاوەنکاریش بکەونەژێر لێپرسینەوەی یاساییەوە و سزا بدرێن.
تەنیا بە هێزی خەباتێکی رێکخراو و یەکگرتوانە و بە بەشداری بەرین ترین جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و زۆرلێکراو و ئەو پیاوانەی کە مانەوەی ئەم ستەمگەریە بە گوشارێکی ئازاردەر و سوکایەتی ئاشکرا بە ئینسانیەتی خۆیان دەزانن، دەکرێت لە ئێستاوە بە رادەیەکی جێی سرنج ژینگەیەکی ئەمن تر لە ماڵ و پێوەندی و موناسباتێکی ئینسانی لە کۆمەڵگەدا و کەشێکی ئەمن تر لە شوێنی کاردا فەراهەم بکرێت. بەڵام بێگومان لە کۆتاییدا بە رزگار بوون لەشەڕی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی نیزامێکی سوسیالیستییە کە دەکرێت بۆ هەتاهەتایە ئەم پەڵەی شەرمەزاریە لە داوێنی بەشەریەت بسڕدرێتەوە. روخاندنی رژیمی کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی گرینگە لە رەوتی رزگار بوون لە شەڕی نیزامی سەرمایەداری و ئازاد بوونی ژنان.