کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

روخاندنی حکومەتە ئەشکەنجەگەرەکان، رێگای خەبات لەگەڵ شکەنجەیە

رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆژی ٢٦ ی ژوئێن بەرابەر لەگەڵ ٥ی مانگی پوشپەڕی “رۆژی جیهانی پشتیوانی لە قوربانیانی شکەنجە” دیاری کردوە. کۆبونەوەی گشتی ئەم سازمانە، کە خاوەنی قودرەتی ئیجرایی نییە، لە ١٢ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٧، ئەم رۆژەی پەسه‌ند کرد ئامانجەکەی هەوڵدان لە ڕاستای لەبەین بردنی بەتەواوەتی ئەشکەنجە و هەموو چەشنە هەڵسوکەوت یان تەمبێ کردنێکی دژی ئینسانی ڕاگەیاند. لەو کاتەدا و سەرەڕای تەعەهودی رواڵەتی و ریاکارانەی سەرانی وڵاتان بۆ لەبەین بردنی ئەشکەنجە، ئەم کردارە بەتوندی دژی ئینسانیە لە وڵاتانی جۆراوجۆردا زیادیشی کردوە. لەم ماوەیەدا حکومەتە بەڕواڵەت دیموکڕاتەکان و لەسەروشیانەوە ئامریکا لە خێڵی دەوڵەتانی ئەشکەنجەگەردا بوون و ناویان بە ڕێسوایی بە دنیادا بڵاو بۆتەوە. گوروپە ئیسلامیەکان، ی وەک هێزی دژی ئینسانی داعشیش لە دوو ساڵدا بوونە پێش مەیداندار و دەستی هەموو دەوڵەتە ئەشکەنجەگەرەکان و جەنایەتکارانی کۆمەڵکوژی و ئێعدامەکانیان لەپشتەوە بەست. کۆماری ئیسلامیش پێگەی پڕ لە شەرمەزاری خۆی لە سەروی شکەنجەگەرانەوە لەنێو حکومەتەکانی دنیادا پاراست.467لە کۆماری ئیسلامیدا بەکارهێنانی ئەشکەنجە لەژێر ناوی حدود و تەعزیراتدا پاساوی شەرعی و قانونی هەیە. لە دەیەی ٦٠ دا گەلێک شکەنجەی دژی ئینسانی لە ئاستی دەیان هەزار کەسیی و ئێعدامی هەزاران کەسی بەدوایدا، لە لایەن خومەینیەوە وەک پێویستیەک لە ڕاستای پاراستنی نیزام بەکارهات. سەرجەم کاربەدەستانی ڕژیم، بە ئوسولگەرا و ئیسلاح خوازەکانی دوایی و ئیعتیدالیونی ئەمرۆی وەک ڕەفسەنجانی و رۆحانی و شکەنجەگەرێکی بێ ڕەحمی وەک عەلی ڕەبیعی، وەزیری کاری دەوڵەتی یازدەهەم و یەکێک لە قاتڵەکانی ئێعدامی بەکۆمەڵی ساڵی ٦٧، پور محەمەدی وەزیری دادگوستەری ئەم دەوڵەتە، بەگشتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە شکەنجەکاندا دەستیان هەبوو. ئیسلاح خوازانی دەوڵەتی تەنیا ئەو کاتەی کە شکەنجە لە ساڵی ١٣٨٨ دا داوێنی خۆیانی گرتەوە لێرە و لەوێ هێندێک ئاه و ناڵەیان لەدژی شکەنجەی “خزمەتگوزارانی نیزامی ئیسلامی” بەرز کردەوە.لە ئەشکەنجەگاکانی کۆماری ئیسلامیدا شکەنجەی ناسراو بە “تابوت” وەک خراپترین جۆری شکەنجە ناسرابوو کە بۆ تێکشکاندنی رۆحیەی چالاکانی سیاسی بەکار دەهات. هەموو ئەو ژن و پیاوانەی کە دەورەگەلی چەند مانگەی ئەم شکەنجەیان سەربەرزانە نایە پشت سەر، چوونە ڕیزی قارەمانانی خۆڕاگری لە زیندانەکانی رژیمی كۆماری ئیسلامیدا. جەللاد و قازیەکان لە زیندانەکاندا بەردەوام بەم قارەمانانە و هەموو زیندانیەکی سەر مەوزعیان بیردێنایەوە کە ڕژیمی ئیسلامی ئیجازە نادات کە ئەوان بەزیندویی لە زیندان بچنەدەر و وەک قارەمان ببنە ڕێبەری بزوتنەوە جەماوەریەکانی دژی کۆماری ئیسلامی. ئەم قسانە دەریدەخات کە ئەوان لەپێشدا ئاگاداری تەرحی لەبەین بردنی زیندانیە سیاسیەکان بوون. بەم هۆیەوە بوو کە زانیاریە پێشگۆیانەکانیان لە ساڵی ٦٧ دا بە کوشتاری ٥ تا ٧ هەزار زیندانی سیاسی هاتەدی کە بە حوکمی خومەینی و هاوکارانی وەک ڕەفسەنجانی و خامنەیی بەڕێوەچوو.لەنێو هەموو جۆرە ئەشکەنجە باوەکاندا لەزیندان دستدرێژی كردنەسەر ژنان و لەوانە کچان لە لایەن ئەو جەللادانەوە کە نزیک بوونەوە لەو سەربەرزانە گەورە ترین ئازار بوو، لەزومڕەی خراپترین ئەشکەنجەکان تۆمار کراوە. دەستدرێژی کردنەسەر کچان لە یەکێک لە ئەحکامە دژی ئینسانیەکانی خومەینی وەرگیرابوو کە دەستی زیندانوانان و جەللادەکانی بۆ دەستدرێژی کردنەسەر زیندانیانی سیاسی ژن بەتەواوی کردبۆوە.کۆماری ئیسلامی لە هەمانحاڵدا کە وەک خراپترین حکومەتی شکەنجەگەر بەڕیسوایی ناوی دەرکردوە، یارمەتی وڵاتانی تر و تەنانەت ئامریکاشی لە پەیڕەوکردنی ئەشکەنجەدا داوە. رۆژی ٩ی دیسامبری ساڵی ٢٠١٤، ڕاپۆرتێکی سانسۆڕ کراو لە شکەنجەگەریە سیستماتیکیەکانی سازمانی سیا، ئاژانسی ئیتلاعاتی ئامریکا، لەدژی زیندانیانی سیاسی بڵاو کرایەوە. گوزارشی ئەسڵی ٦ هەزار لاپەڕەیە کە ٤٩٩ لاپەڕەی دەست چێن و بڵاو کرایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کۆماری ئیسلامی، لەپاڵ دەوڵەتانی وەک بریتانیا، ئاڵمان، کانادا و ئوستڕالیا، لە گواستنەوەی تاوانباراندا بۆ ئەشکەنجەگاکان یارمەتی مەئمورەکانی سازمانی سیای داوە.کومونیستەکان بەردەوام لە ڕیزی یەکەمی خەباتکاران لەدژی شکەنجەدا بوون. یەکێک لە یەکەم سەنەدەکان سەبارەت بە پێویستی خەبات لەدژی شکەنجە نووسراوێکە لە کاڕل ماڕکس کە ئەوی لە ساڵی ١٨٥٧ لەژێر ناونیشانی: “توێژینەوە سەبارەت بە شکەنجە لە هێندستان” نووسی. ماڕکس دوای ئیرایەدانی چەند بەشێک لە راپۆرتی گروپێکی توێژینەوە کە لەو ساڵەدا سەبارەت بە پەیڕەوکرانی ئەشکەنجە لە لایەن سەرانی ئیستعمارگەری ئینگلیسیەوە لەدژی هێندییە ڕاپەڕیو و ناڕازیەکان توێژینەوەی دەکرد، ئەشکەنجەی لەپاڵ جەنایەکارانەترین کردارەکاندا دانا و داواکاری خەبات لەدژی ئەم کردارە بوو.شکەنجە، زیندان و ئێعدام لە کەرەسەکانی جەنایەتکارانەی بۆرژوازی و دەوڵەتەکانیان لەدژی کومونیستەکان، کرێکارانی پێشڕەو و نەیارانی سیاسیانە. بۆ ڕژیمەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ئەم وەسیلەیە هۆکاری پاراستن و مانەوەی حکومەت بووە و هەیە. شکەنجە، توندی و بەریناییەکەی ڕەنگدانەوەی ڕێژەی خەباتە لەبەرانبەر سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەتانی بۆرژوازیدا.گومان لەوەدا نییە کە لەگەڵ قوڵ بوونەوەی خەبات لەدژی ڕژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی، جەنایەتکاران و جەللادانی خزمەتگوزاری ئەم نیزامە پێویستیان بە توند کردنەوەی گوشار و ئەشکەنجە بۆسەر زیندانیانی سیاسی دەبێت. بە پشت بەستن بە هێزی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان دەکرێ بەساتی شکەنجە و ڕژیمی شکەنجەگەری کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچرێت و وەسایل و ئامرازەکانی ئەشکەنجە بە مۆزەخانەکانی مێژوو بسپێردرێن.