کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی جیهانی کرێکار ( ٢٠١٥)

ئەمساڵ لە حاڵێکدا لە رۆژی ئەوەڵی مەی ئەم هێمای هاوپشتی چینایەتی و نێونەتەوەییەی کرێکارانی دنیا نزیک دەبینەوە، کە قەیرانی جیهانی ئابووری سەرمایەداری سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەنجام دراوە هەروا درێژەی هەیە. زیاد بوونی رۆژ لەگه‌ڵ رۆژ زیاتری ئەرزشی سەهام لە بازاڕە ماڵیەکانی دنیادا و کەڵەکە بوونی بێ وێنەی سەروەت لە دەست شیرکەتە خوسوسی و ناوەندە ماڵیەکاندا زیاتر لەوەی نیشانەیەک لە گەشە کردن بێت لە رەوتی بەرهەمهێناندا، دەرخەری گەشەی مشەخۆریی ئابووری و گەنیوی نیزامی سەرمایەداریە. بە پێی هەڵسەنگاندنی ناوەندە ماڵیە نێونەتەوەییەکان نرخی گەشەی ئابووری لە زۆربەی ئابووریە گەورەکانی دنیادا هێشتا نەگەڕاوەتەوە قۆناخی بەر لە قەیرانەکە. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا نرخی لەخوارەوەی گەشەی ئابووری، درێژەی رەوتی بێکاری و دابەزینی ئاستی حەقدەستەکان، ئیدیعاکانی دەوڵەتی ئۆباما سەبارەت بە پەڕێنەوە لە قەیران و بوژانەوەی ئابووری لە ئیعتیبار خستوە.412a

لە ئوروپا بە سرنجدان لە گەشەیەکی کەمی ئابووری ئاڵمان، نرخی گەشەی لەخوارەوەی ئابووری لە وڵاتانی باشوری ئوروپا و بەرز بوونەوەی نرخی بێکاری هێشتا ناکرێ باس لە کۆتاییهاتنی ئەم قەیرانە بکرێت. لە روسیە لەژێر گوشاری گەمارۆکان و دابەزینی نرخی نەوت ئابووری ئەم وڵاتە کەوتۆتە بارودۆخێکی قەیراناویترەوە. لە ئاسیادا ژاپۆن توشی ڕکود بۆتەوە و گەشەی خێرای ئابووری چین گەلێک هێور بۆتەوە. درێژەی ئەم قەیرانە پەرەسەندنی بێکاری، ئاستی نزمی ژیان و ریازەتکێشی ئابووری لەگەڵدایە. دەوڵەتانی بۆرژوازی نەتەنیا ناتوانن هیچ ئیسلاحاتێکی نوێ ئەنجام بدەن بەڵکو ناشتوانن خەرجی دابین کردنی ئیسلاحاتێکی کە لە رابردودا بەسەریاندا سەپاوە بدەن. ئەوان بە ئەندازەی کافی پارەیان بۆ کردن بە گەروی بانکەکان و دابین کردنی هەزینەی سیاسەتە میلیتاریستیەکانیان لە خەزانەدا هەیە، بەڵام بۆ مەدرەسە و نەخۆشخانە و مافی خانەنشینی هیچ شکنابەن. درێژەی ئەم قەیرانە رقابەتی زل هێزە سەرمایەداریەکانی بۆ پەرەپێدانی ناوچەی ژێر نفوزیان لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیایدا توند تر کردۆتەوە. پەلەقاژەی ئەم هێزانە بۆ دەرچون لەم قەیرانە و بۆ بەهێز کردنی مەوقعیەتی خۆیان لەبەرانبەر بلوکە رەقیبەکانیان لە ئاستی دنیادا و پاوان خوازییە ئیمپریالیستیەکانیان لە کانونە جۆراو جۆرەکانی قەیراندا، دنیای توشی دەورەیەک لە ناسەقامگیری و نا ئەمنی کردۆتەوە. بەم حاڵەوە وێڕای درێژەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی ناکۆکی بابەتیی نیزامی سەرمایەداری و تاریک بوونی دیمەنگای کەشەی ئابووری، زیاتر بوونی قین و ناڕەزایەتی جەماوەری و ئیعترازاتی کرێکاری بۆتە بابەتێکی حەتمی و چارهەڵنەگر. کرێکاران بەبێ خەبات کردن ئەو سەنگەرانەی کە لە رابردودا فەتحیان کردون لە دەست نادەن. بارودۆخی بابەتیی بۆ گەشەی خەباتی چینایەتی ئامادە تر دەبێت. لەسەر بەستێنی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە زەمینەیەکی مادی بۆ بەرەو پێش چوونی بزوتنەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکار، تەنیا ئاڵترناتیوێک کە دەتوانێ بەڕبەڕیەتی سەرمایەداری توشی کێشە و گرفت بکات فەراهەم دەبێت.

لە ئێران چینی کرێکار لە بارودۆخێکدا لە رۆژی یەکی مەی نزیک دەبێتەوە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی دوای پێکهاتنی لوزان لەسەر قەیرانی هەستەیی و بەسەرەوەنانی جامی ژەهر، خۆی بۆ دەورەیەکی نوێ لە بەرەو روو بونەوە لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی ئێران ئامادە دەکات. خاڵی یەکەمی ئەم بەرەو روو بونەوەیە توند کردنەوەی سەرکوت و پەیڕەو کردنی کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر کەش و هەوای سیاسی کۆمەڵگادایە. پەرەسەندنی شەپۆلی ئێعدامەکان، درێژەدان بە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی، داخستنی رۆژنامەکان، توند کردنەوەی سانسۆڕ، پەرەپێدانی جوڵەی گوروپەکانی گوشار بۆسەر ژنان و لاوان، بەگشتی بەشێکن لە هەوڵێکی بەرنامە بۆدارێژراوی رژیم کە دەیەوێ بۆ بەرگرتن لە هەڵچونی قین و توڕەیی جەماوەر هەموو دەرو دەربیجەکانی هەناسەدانی کۆمەڵگە بگرێت. ئێعدام کردنی زیاتر لە ٦٠ زیندانی ئاسایی کە زۆربەیان تاوانبارانی پەروەندەی مادەی هۆشبەرن، ئەویش لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەتەواوی بە ئامانجی سیاسیەوە بەڕێوەچون. رژیم بۆ چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و شاردنەوەی لاوازی و داماویەکانی لە بەرانبەر هێزە رۆژئاواییەکاندا داسی مەرگی خستۆتەسەر ملی زیندانیانی ئاسایی.
خاڵی دووهەمی بەرەو روو بوونەوەی رژیم لەگەڵ چینی کرێکار درێژەی هێرش بۆسەر ئاستی ژیان و بەڕێچون و مافەکانی کرێکارانە. ئەگەرچی دەوڵەتی رۆحانی وەعدەی دابوو کە لە مەسیری سازشدا لەگەڵ ئامریکا و ئاسایی کردنەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا وەزعی ژیانی کرێکاران باشتر دەکات، بەڵام دوای تەوافوقی لوزان و تەنانەت بە کۆتاییهاتنی گەمارۆ ئابووریەکانیش خەبەرێک لە باشتر بوون لە ئارادا نابێت. ئەگەر لە دەورەی قەیرانی ئەتۆمی و کێشمەکێش لەگەڵ رۆژئاودا باری قورسی تەحریمەکان کەوتە سەر شانی چینی کرێکار، لەم دەورەیەشدا رژیم بە بیانوی قەرەبوی خەسارەت و زیانەکانی سەرچاوە گرتوو لە گەمارۆکان درێژە بە هێرش کردنەسەر ژیان و مافەکانی کرێکاران ئەدات. لەسەر بنەمای جیهەتگیریە ئابووریەکانی دەوڵەتی رۆحانی، قەرارە بە پشت بەستن بە هێزی کاری هەرزانی چینی کرێکار، ئەو کالا و بەرهەمانەی لە ئێران بەرهەمهاتون بە هەزینەی گەلێک هەرزانتر لە کالاکانی هاوشێوەیان لە بازاڕی جیهانیدا بەرهەم بهێندرێن و بخرێنە بازاڕە نێونەتەوەییەکانەوە و لەم رێگایەوە سودئاوەری سەرمایەی نێوخۆیی زەمانەت بکەن. لە روانگەی پلان دارێژەرانەوە ئەم سیاسەتە بەم جیهەت گیریەوە نەتەنیا قەبارەیەکی گەورەی نەغدینەگی دەرێژێتە مەیدانی بەرهەمهێنانەوە بەڵکو سەرمایەدارانی خاریجیش هاندەدرێن بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێراندا. بەم پێیە لە ئێستاوە دیارە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە بەرەکەتی ئەو حەقدەستانەی کە سێ جار لە ژێر هێڵی هەژاریدان و هێنانە خواری هەزینەی گشتی چینی کرێکار جۆڵەی ئابووری لە ئێراندا بخاتەرێ.
ئیمزا کردنی کۆتایی پێکهاتن لەسەر قەیرانی هەستەیی ئەگەرچی ئاسەواری رەوانی گەمارۆکان بەسەر ژیانی خەڵکەوە کەم دەکاتەوە و لە هەمانحاڵدا شگردی تەحریم و بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ رۆژئاوا و کردنە بیانوی بۆ پشتگوێ خستنی ویست و داواکاریەکانی خەڵک لە دەست رژیم دەردێنێ، بەم حاڵەشەوە باشتر بوونێک لە ژیانی راستەقینەی کرێکاراندا پێکناهێنێت. سەرەڕای هەموو ئەمانە کۆتاییهاتنی گەمارۆکان و ئاسایی کردنەوەی پێوەندیەکان لەگەڵ رۆژئاوا ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانیەکانی خەڵک دەباتەسەرێ و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری دەرفەتێکی تازە بۆ پەرەدان بە بزوتنەوەی متالباتی بەدەست دێنن. ناڕەزایەتی و مانگرتنی پرژوبڵاو و هەموو رۆژەی کرێکاران بەتایبەت مانگرتنی کرێکارانی ماشێن سازی، پیتروشیمیەکان، ناڕەزایەتی خانەنشینانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، ناڕەزایەتی پەرستاران و مانگرتنی سەرتاسەری موعەلیمان لەم مانگانەی دواییدا نیشانی ئەدات کە چ پتاسیەلێکی گەورە و بەرین بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی رژیم لە قوڵایی ئەم کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە. مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری ئەگەرچی نیشانەی بوونی دەرەجەیەک لە رێکخراو بوون و گێرانی دەور و نەخشی کرێکارانی ئاگاه و پێشڕەوە لەم بوارەدا، بەڵام ئەم خەباتە بە هۆی پڕژوبڵاوی نەیتوانیوە ببێتە ئامرازێکی بەهێزی گوشار بۆ داسەپاندنی داواکاریە هەنوکەییەکانی کرێکاران بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتدا. زاڵ بوون بەسەر ئەم خاڵە لاوازەی بزوتنەوەی کریکاری لەم دەورەیەدا و لە بارودۆخێکدا کە چینی کرێکار بەدەست نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری، چینایەتی و سەربەخۆ لە دەوڵەتەوە دەناڵێنێ، پێوەندی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، لە ڕشتەیەکدا و لە رەشتە جۆراو جۆرەکانی بەرهەمهێنانی کردوەتە نیاز و پێویستیەکی خێرا و هەنوکەیی چینایەتی.
ئێستا کە لە سەرودەمی ئەوەڵی مانگی مەی بەرابەر لەگەڵ ١١ ی مانگی گوڵان رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کریکارداین و هەوڵدان بۆ بەرپا کردنی کۆڕ و کۆبونەوەی کرێکاری لە ئەوەڵی مەیدا، کەوتۆتە سەروی هەموو ئەرکەکانی تری هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاریەوە، هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی بزوتنەوەی کرێکاری پێویستە هەوڵەکانیان بۆ بردنەسەری متالباتی کرێکاران، بەیەکەوە گرێدان و سەرتاسەری کردنەوەی ئەم بزوتنەوە متالباتیە و بەرپا کردنی تەشەکولی چینایەتی و جەماوەری کریکاران پەرە پێبدەن. کرێکارانی ئێران لەم رۆژەدا وێڕای رەد کردنەوەی راگەیاندنی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو لە لایەن شوڕای باڵای کاری رژیمەوە، لەسەر داواکاری زیاد بوونی حەقدەستەکان گونجاو لەگەڵ دابین گردنی هەزینەی ژیانێکی ئینسانی، ئازادی خێرا و بێ شەرت و مەرجی هەڵسوڕاوانی کرێکاری بەندکراو، دابین کردنی بیمەی بێکاری کافی بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی ئامادەی کارن، تێکەوە پێچران و کۆکردنەوەی شیرکەتە پەیمانکاریەکان، دابین بوونی ئیمنی شوێنی کار و دانی خەسارەت بەو کرێکارانەی کە بەهۆی روداوی کارەوە توشی نەخۆشی و کەم ئەندامی دەبن، قەدەغە بوونی کاری حیرفەیی بۆ منداڵان و تازەلاوانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵی، ئازادی رادەربڕین، ئازادی تەشەکول، تەحەزوب، مانگرتن، ئازادی قەڵەم، ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی، هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام، جیایی دین لە دەوڵەت و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لەدژی ژنان و دابین کردنی یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە سەرجەم ئاستەکانی ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا جەخت دەکەنەوە. لەم رۆژەدا دەبێ کۆبونەوە زەرد و فەرمایشیەکانی دەوڵەت، کە لە لایەن خانەی کارگەری رژیم، شوڕا ئیسلامیەکان و یان کانونی باڵای ئەنجومەنە سینفیەکانەوە ڕیکدەخرێت، لێبڕاوانە تەحریم و بایکوت بکرێن.
دەورەی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچونی رێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی لە هەمانحاڵدا دەرفەتێکیشە بۆ چاندنی تۆوی وشیاری سۆسیالیستی لەنێو کرێکاراندا. ئامادەکاری و ڕیکخستنی ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مەی، وەک هەموو مەیدانەکانی تری خەباتی چینایەتی کرێکاران، بەستێنێکە کە تێیدا هەڵسوڕاوانی کۆمونیست ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کرێکاران سەبارەت بە رێگای رزگاری و ڕیسالەتێکی کە دنیای ئەمرۆ خستویەتە ئەستۆی چینی کرێکار وشیار دەکەنەوە. رزگار بوون لە شەڕی کۆماری ئیسلامی و هەژاری و فەلاکەتێکی کە بەسەر کرێکاران و خەڵکی ئێرانیدا سەپاندوە لە گرەوی خۆ سازماندانی کرێکاری، ریکخراو بوونی پێشڕەوانی ئەم چینە لە حێزبێکی سیاسی کومونیستیدا بۆ روخاندنی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە رێگای بەرپا کردنی شۆڕشێکی کرێکاریەوەیە.حیزبی کۆمۆنیستی ئێڕان ئەوەڵی مانگی مەی ئەم هێمای هاوپشتیە شورئەنگیزە چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستیە لە سەرجەم کریکانی دنیا پێرۆزبایی دەکات.

بژی ئەوەلی مانگی مەی
بروخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خاکەلێوەی ١٣٩٤
ئاوریلی ٢٠١٥