کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەیەی فەجر ھەوڵێکی ریاکارانە بۆ چه‌واشه‌ کردنی رووداوە مێژووییەکانی سەردەمی شۆڕش

 ھەموو ساڵێک رۆژی 12ی رێبەندان ساڵرۆژی ھاتنەوەی خومەینی بۆ ئێران سەرەتای مەڕاسم و جه‌ژنەکانی ناسراو بە دەیەی فەجرە. محەممەد حسێن زارعی سەرۆکی ستادی ناوەندی دەیەی فەجر لە دانیشتنێکی خەبەریدا وێڕای ڕاگەیاندنی ھەواڵی بەڕێوەچونی 22 ھەزار بەرنامە لە رۆژەکانی دەیەی فەجر لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵات وتی: “دەیەی فەجر وەک دەیەی بیرھێنانەوەی بیرەوەریەکانی شۆڕشی ئیسلامی و یادبودی حەیاتی سەرلەنوێی خەڵکی ئێڕان یەکێک لە ھەستیارترین قۆناغە مێژوویەکانە بۆ نیزام و ئینقلاب.” ئەم قسانەی سەرۆکی ستادی ناوەندی دەیەی فەجر ناوی رەمزی ھەوڵی سەرانی رژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ چه‌واشه‌کردنی رووداوە مێژوییەکانی رۆژه‌کانی نزیک بوونەوە لە ئاخێزی 22ی ڕێبەندانی ساڵی 1357، لە رێگای بەڕێوەبردنی ئەو بەرنامانەوەیە کە بەم مەبەستە بەڕێوەدەچن.

 355

رژیمی ئیسلامی بۆ چه‌واشه‌کردنی رووداوە مێژووییەکانی رۆژەکانی نزیک لە ئاخێزی 22ی به‌همه‌ن، 10 رۆژی کۆتایی تەمەنی سەڵتەنەتی شای ناو نا دەیەی فەجر. بەڵام ئەوەی کە رۆژی 22 ی مانگ روویدا نە تەنیا بەرھەمی فەرمانی خومەینی و جەریانی ئیسلامی نەبوو، بەڵکوو بە پێچەوانە بە پێچه‌وانه‌ی مەیلی ئەوان کەوتەوە. لە ماوەی ئەو 10 رۆژەی کە رژیمی ئیسلامی وەک دەیەی فەجر جه‌ژن دەگرێت، بە شایەتی بەڵگەی مێژویی حاشا ھەڵنەگر، خومەینی بەردەوام خەڵکی وادار دەکرد رانەپه‌ڕن و ھاواری لایەنگرەکانی کە دەیانوت “ئاغا فەرمانی جیھادی نەداوە”، لە ھەموو جێیەک دەبیسترا. تەنیا کاتێک کە روودانی قیام بوو بە ئەمری واقع، ھەوڵیاندا خۆیان کۆنترۆڵی بکەن. بەڵام خەڵک کە مەترسی دەست بەسەراگیرانی شۆڕشیان ھەست پێکردبوو، گوێیان نەئەدایە ئەم قسانە و بەمجۆرە لەو رۆژانەدا ھێرش کردنەسەر بنەماکانی دەسەڵات، کە لایەنگرانی خومەینی دەیانویست بە دەست لێنەدراوی وەریانبگرن، دەستی پێکرد. قیامی 22ی بەھمەن کە لوتکەی شۆڕشی57 بوو، ئەمری سەرکوتی شۆڕشی بۆ رژیمی بە دەسەڵات گەیشتوو لە ساڵەکانی دواییدا دژوارتر کرد. بەڵام سەرئەنجام ئەرکی سەرکوتی شۆڕش کە رژیمی شا نەیتوانیبوو ئەنجامی بدات، رژیمی ئیسلامی لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی 60 دا تەکمیلی کرد.

لە ساڵی 1357 جەماوەری خەڵکی ئێران، بە ھیوای بەدەستھێنانی ئازادی و بەھرەمەند بوون لە ژیانێکی باشتر و ئینسانی لەدژی شا راپەڕین و شه‌پۆلی شۆڕش لە ماوەی ساڵێکدا سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. لە ماوەی مانگەکانی وەرزی پاییزی ئەو ساڵەدا بوو کە بێتوانایی رژیمی شا لە کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە بۆ دەوڵەتی ئامریکا و ھاوپەیمانەکانی ئاشکرا بوو وە بەو ئاکامە گەیشتن کە پشتیوانی کردن لە شا ئیتر قازانجی بۆیان نییە.

دەوڵەتی ئامریکا و ھاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی ھیچ بڕوایەکیان بە توانایی میللی گەرا لیبڕاڵەکان کە لە ئوپوزسیۆنی رژیمی شادا جێگا و پێگەیەکیان ھەبوو، بۆ کۆنترۆڵ کردنی بارودۆخەکە نەبوو. زلھێزە رۆژئاواییەکان پێویستیان بە سەنگەربەندیەکی نوێ لە بەرانبەر مەترسی دەرچوونی ئێران لە چوارچێوەی کەمەربەندی ئەمنیەتی، کە پێشتر بە دەوری شۆڕەویدا کێشابویان، ھەبوو. دەوڵەتی ئامریکا لە زۆر پێشترەوە لە مەوجودیەتی مادی و لە ئارا و ئەندیشەکانی جەریانی ئیسلامی ئوپوزسیۆنی شا دا، گەلێک زەرفیەتی گونجاوی بۆ کردنی بە دژە کومونیست دیتبۆوە. لەبەر ئەوە راوێژکارانی ئامریکایی شا و دەربار بەردەوام ئەویان بۆ گرتنەبەری ھەڵسوکەوتی نەرم و نیان لە بەرانبەر رێبەرانی ئەم رەوتەدا ھان ئەدا و شا یش بەقسەی دەکردن.

لە حاڵێکدا کە بەرھەمەکانی عەلی شەریعەتی لە ھەزاران نوسخە چاپ و بڵاو دەکرانەوە و ھەروەھا ناوەندی فەرھەنگی حوسەینیەی ئیڕشاد لە تاران بە ئیمکاناتی زۆر و چاپخانەی تەیار بەکردەوە لە ئیختیار ئەو و ھاوکارانیدا بوو، ھەڵسوڕاوانی چەپ تەنیا بەھۆی پێبوونی نامیلکەیەکی مارکسیستی، دەبوو ئازاری زیندانی درێژماوە تەحەمول بکەن.

لە بارودۆخێکی ئاوادا، ئامریکا لە کۆنفڕاسی گوادلوپ لەگەڵ ھاوپەیمانانی ئوروپاییدا سەبارەت بە رژیمی شا و داھاتووی ئێران دەستیاندایە راوێژ و راگۆڕێنەوە. ئەوان لەلایەکەوە یەکدەنگ بەم ئاکامە گەیشتن کە لەوە زیاتر پێویست ناکات حەیاتی رژیمی شا و دەربار درێژ بکرێتەوە و لە لایەکی دیکەوە بڕیاندا کە پێداویستی بە دەسەڵات گەیشتن و له‌غاو کردنی شۆڕش بۆ رەوتی ئیسلامی دابین بکەن. لە راستیدا کۆنفڕانسی گوادلوپ چارەنوسی رژیمی شای دیاری کرد و ھەوڵی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ دانانی خومەینی لەجێی شا رێکخست.

دەوڵەتە رۆژئاواییەکان نیگەران بوون کە ده‌خاڵەتی نابەجێی ئەڕتەشی شا بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربکات و ئێران گیرۆدەی نابەسامانییەکی درێژماوە بێت، لە روانگەی ئەوانەوە ئاوا بارودۆخێک بەواتای سەرەتای چوونی ئێران بۆ داوێنی یەکیتی سۆڤیەت بوو. لە بارودۆخێکی ئاوادا بوو کە “ھایزر”یان وەک ژنڕالێکی بەئەزمون و خاوەن نفوزێکی زۆر بەسەر فەرماندە پلە بەرزەکانی ئەڕتەشی شا كه‌ لە ھەمانحاڵدا سیاسەتمەدارێکی کاراش بوو، بە ئامانجی بەرگرتن لە ئەڕتەش بۆ ئەنجامدانی ھەر چەشنە کوده‌تایه‌ك و ئامادە کردنی مەسیری بەدەسەڵات گەیشتنی خومەینی، رەوانەی ئێران کرد. بابەتی بنەڕەتی ئەوە بوو کە ئەڕتەش دەبوو رێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئیسلامیەکان خۆش بکات تا ئەوان بتوانن بە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی، شەپۆلی سەرکێشی شۆڕش کۆنترۆڵ بکەن.

ھەڵبەت ئەمە بەشێک لە ستراتیژیەکە بوو، بەشێکی تری، قەبوڵاندنی خومەینی وەک ئاڵترناتیوی رژیمی شا بە ئەفکاری گشتی خەڵکی ئێران بوو. خومەینی کە سەرەتا قەرار بوو دوای دەرچون لە عێڕاق لە کۆیت یان لە سوریە نیشتەجێ بێت، بە تەوسیەی راوێژکارەکانی مەسیرەکەی گۆڕی و چوو بۆ پاریس. دوای جێگیر بوونی لە نوفل لوشاتۆ، ھەموو دەزگا تەبلیغاتیەکانی رۆژئاوا بەتایبەت سرویسە فارسی زمانەکان زوومیان کردە سەری. لەحاڵێکدا کە ھێزە چەپەکان لە نێوخۆی وڵاتدا بە لانیکەمی ئیمکانات، نوسخەی پولی کۆپی کراوی بەیانیەکانیان لە ئاستێکی بەرته‌سکدا بڵاو دەکردەوە، ھەموو شەوێک بەشی فارسی رادیۆی بی بی سی فەرمانەکانی خومەینی لە سەرتاسەری ئێراندا بڵاو دەکردەوە.

بە روخانی شا، ئامانجی خومەینی دەستەبەر ببوو، کەوایە دەبوو بڵێسەکانی شۆڕش دامرکایەتەوە. بەڵام دەستەبەر بوونی ئەم ئامانجەش ئامرازی تایبەت بەخۆی دەویست. خومەینی، ستراتیژی خۆی بۆ خامۆش کردنی بڵێسەکانی شۆڕش ھەنگاو بە ھەنگاو ئیجرا کرد. عەوامفریویەکانی خومەینی و پەردەپۆش کردنی ئامانجی راستەقینەی لە ئەفکاری گشتی کۆمەڵگە، ئەو دەرفەتەی پێدا تا خۆی بۆ سەرکوتی یەکجاری شۆڕش ئامادە بکات. دروست کردنی ھەڵچونی درۆینە بە ئامانجی ھەڵخڕاندنی ئەفکاری جەماوەر کە نمونەی دیاری داگیر کردنی سفاڕەتخانەی ئامریکا لە تاران و ماجەرای بە بارمتە گرتنی 444 رۆژەی دیپلۆماتەکانی و دانی دروشمی دژی ئامریکایی کە بە مەبەستی ئامادە کردنی ھێرش و سەرکوتی خوێناوی تێکۆشەرانی راستینی دژی ئیمپڕیالیستی به‌رنامه‌ڕێژی کرابوو، شانۆگەری “موستەزعەف پەناھی” و بە سادەیی ژیانی شەخسی، ئیجادی تەوەھوم لە بواری دابەش کردنی دادوەرانەی سەروەت لەنێو جەماوەری بێبەشدا، چوون بەرەوپیری شەڕی ئێران و عێڕاقەوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە حاڵەتی شور و ھەیەجانی بەردەوامدا، ھێرش بۆسەر دانیشگاكان و داخستنیان لەژێر ناوی “شۆڕشی فەرھەنگی”دا، نمونەگەلی عەوامفریوی خومەینی بە ئامانجی ستراتیژی خامۆش کردنی بڵێسەکانی شۆڕش، نیشان ئەدات. بەمجۆرە دژی ئینقلابی ئیسلامی، دەرفەتی دەستکەوت تا گورزە یەک لەدوای یەکەکانی لە جەستەی شۆڕشی ساوای ئێران بوەشێنێت و سەرئەنجام لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەستدا بە وەحشیانه‌ترین و بەرین ترین سەرکوت شۆڕشی به‌ ته‌واوی تووشی شکست کرد، تا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ دەیە بتوانێ 22ی به‌همه‌ن ساڵیادی ئەم رۆژە شکۆدارە ریاکارانە بەناوی خۆیەوە مسادرە بکات.