کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەوڵەتی فەڕانسە میوانداری سەرۆک کۆماری حکومەتی جەنایەتکاری ئیسلامی

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی ئێران رۆژی ٢٧ ی ژانویە چوو بۆ پاریس. سەرۆک کۆماری فەرانسە، بانگهێشتی رۆحانی کردوە تا سەرەڕای کارنامەیەکی جەنایەتکارانەی کە حکومەتی ئیسلامی هەیەتی و سەرەڕای پشتیوانی ئەم ڕژیمە لە ڕەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکان لە ناوچەکەدا و دخاڵەتە ڕاستەوخۆکانی لە ڕێکخستنی کرداری تیرۆریستی لە نێوخۆی ئێران و لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا، مناسباتی سیاسی دەوڵەتی فەرانسەی لەگەڵ پتەو بکات.بەڵام لە سەرودەمی نزیک بوونەوەی ئەم سەفەرە و لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی دەوڵەتی فەرانسە خەریکی ئامادەکاری پێوەندیدار بە سەفەری سەرۆک کۆماری ئیسلامی بوون، زیاتر لە ٤٠ کەس لە روناک بیرانی فەرانسەوی، بە بڵاو کردنەوەی بەیانیەیەک، گوێنەدان و چاوپۆشی کردن لە پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەتایبەت ئێعدامە رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاترەکانیان مەحکوم کرد. ئەو کەسانەی ئەو بەیانیەیان ئیمزا کردوە، کە پێکدێن لە هونەرمەندا، فیلسوفان، کۆمەڵناسان، مێژونووسان و نووسەرانی فەڕانسەوی بۆ روون کردنەوەی ڕایگشتی ئاماژەیان بە گۆشەیەک لە جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کردوە. لەم بەیانیەدا هاتوە، لەکاتێکەوە کە رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانە، ٢ هەزار کەس ئێعدام کراون. ئەم بەیانیە بە ئیستناد بە ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەوەیی روونی کردوەتەوە کە ” ژمارەی ئێعدامەکان لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ دا، وێنایەکی شوم لە بەڕێوەبرانی بەرنامە ڕێژیی کراوی کوشتنی بە ئانقەسەت بە تەئیدی قوەی قەزاییە لە ئاستی بەکۆمەڵدا لە لایەن ماشێنی دەوڵەتیەوە پیشان ئەدات.” بەیانیەکە بە ئاماژە بە قسەکانی رۆحانی سەبارەت بە ئێعدامەکان کە وتویەتی ” ئەمانە قانونی خۆدایە یان قانونێکە کە مەجلیس پەسندی کردون و ئێمە ئیجرایان دەکەین” ئەویان بە هۆکار و پشتیوانی شەپۆلی ئێعدامەکان ناساندوە. ئەم روناکبیرانە ڕایانگەیاندوە کە ” ڕژیمی ئێران تا ئێستا ١٢٠ هەزار کەس لە نەیارانی خۆی، ئێعدام کردوە. وەزیری دادگوستەری ئێستای ڕژیمی ئیسلامی، لەبەر بەرپرسیاریەتیەکەی لە کوشتاری بەکۆمەڵی ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨، لەلایەن سازمانەکانی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤەوە لەقەبی ” وەزیری مەرگی” پێدراوە. ئەم بەیانیە جەخت دەکاتەوە کە ” ژنان قوربانیانی سەرەکی ڕژیمی دژی ژنی حاکم بەسەر ئێراندان و لە ساڵەکانی ڕابردودا دەیان ژن بە بیانوی بەد حیجابی بوونەتە ئامانجی هێرش و ئەسید کراوە بە دەموچاو و جەستەیاندا. ئازادی بەیان و ئازادی کۆبونەوە لە ئێران بوونی نییە و سەرکوتی کەمینە قەومی و مەزهەبیەکان بەردەوام درێژەی هەیە”. ئەم روناکبیرانە لە کۆتاییدا ڕایانگەیاندوە کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی ناتوانێ سەبارەت بەم بێڕەحمیانە- بێ تەفاوەت بێت. هیچ جۆرە ملاحزەیەکی سیاسی یان بازرگانی ناتوانێ ببێتە پاساوی چاوپۆشی کردن لەم بارودۆخە. 637
دەعوەتی دەوڵەتی فەرانسە لە سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی، دیسان ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەی ئاشکرا کرد کە دەوڵەتانی سەرمایەداری رۆژئاوا نەک هەر لەگەڵ سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی، و پێشێل کرانی مافە سەرەتاییەکانی کرێکاران، ژنان و باقی توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا، و هەروەها سەرکوتی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان لە ئێران و بەردەوامی شەپۆلی ئێعدامەکاندا هیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵکو ئامادەن لە ڕاستای دابین بوونی بەرژەوەندیە ئابووریەکانیاندا چاویان لە ئاست جەنایەت و وەحشیگەریەکانی کۆماری ئیسلامی، ببەستن. سەرۆک کۆماری فەرانسە لە حاڵێکدا کە لە هەموو بۆنەیەکدا فرمێسک بۆ قوربانیانی تیرۆریزم لە پاریس دەبارێنێ، یەکێک لە عاملانی تیرۆریزمی دەوڵەتی لە ئامێز دەگرێت. بەڵام بەیانیەی رووناکبیرانی فەرانسەوی لە پێوەند لەگەڵ سەفەری رۆحانیدا دەریدەخات کە ویژدانی زیندوی فەرانسە چاوی لە ئاست جەنایەت و تیرۆریزمی دەوڵەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دانەخستوە.
چینی کرێکار و جەماوەری زۆر لێکراوی ئێڕان لەبیریانە، هەر ئەم ئیمپریالیزمی فەرانسەیە لە کاتی سەرۆ کۆماری ” والری ژیسکاردستن”دا لە ساڵی ١٩٦٩، میوانداری خومەینی، دامەزرێنەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ” نوفل لوشاتو” بوو. خەڵکی ئازار چێشتوی ئێران لەبیریان نەچۆتەوە، چلۆن دەوڵەتی فەرانسە هاو ڕا و هاو بۆچوون لەگەڵ دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی ئامریکا، ئینگلیس و ئاڵمان بۆ سەنگەربەندی کردن لە بەرانبەر پەرەسەندنی نفوزی شۆڕەویدا لە کۆنفرانسی ” گوادلوپ” پێکهاتن تا ڕەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی بە ڕێبەریی خومەینی بەهێز و پشتیوانی بکەن، و لە ڕاگەیەنەرەکانیاندا وەک تاکە ئاڵترناتیو و بەدیلی ڕژیمی سەرمایەداری و دیکتاتۆڕی محەممەد ڕەزا شا، زەقی بکەنەوە و پێداویستیەکانی لەغاو کردنی شۆڕش بخەنە ئیختیار ڕەوتی ئیسلامیەوە. لەو کاتەدا کە قیام و شۆڕشی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراوی ئێران خەڵتانی خوێن کرا، ئازادیە سیاسیەکان بەند کران، ژنان بوونە قوربانی نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزی، و سەدان هەزار کەس لە بەرەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا بوونە قوربانی. دەیان هەزار ئینسانی ئازادی خواز و ماف تەڵەب ئێعدام کران و دەیان هەزار کەسی تریش لە زیندانەکان و لە سیا چاڵەکانی حکومەتی دژی ئینسانی حاکمدا، کەوتنە ژێر وەحشیانە ترین ئەشکەنجەکان. ئەگەر لە ڕابردودا دەوڵەتی فەرانسە بە یارمەتی و هاوکاری هاوپەیمانەکانی پێداویستیەکانی شکست پێهێنانی شوڕشی جەماوەری و بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیان فەراهەم کرد، لە ئێستادا و بەدوای تەسلیم بوونی سوکایەتی ئامێزی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر زل هێزە رۆژئاواییەکاندا و بە دەست پێکردنی ئیجرای ” بەرجام”، هێزە رۆژئاواییەکان، کە دابین بوونی بەرژەوەندیەکانیان لە ئێران لە گرەوی پتەو بوونی مەوقعیەتی دەوڵەتی رۆحانیدا دەبینن زیاتر لە پێشو چاویان لە ئاست جەنایەت و سەکوتگەریەکانی ئەم ڕژیمەدا دادەخەن.
سەفەری حەسەن رۆحانی بۆ فەرانسە لە باردۆخێکدایە کە گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کڕێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان پەرەی سەندوە، و پێشێل کرانی سیستماتیکی مافە سەرەتاییەکانی ئینسانەکان لە ئێران ئاستێکی نوێی بە خۆیەوە گرتوە و رێژەی ئێعدامەکان ٤٠ لەسەد زیادی کردوە و سەرجەم باڵەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وێڕای کێشە و ناکۆکیەکانیان هەوڵئەدەن تا لە ڕێگای توند کردنەوەی ئیختیناق، گرتن و زیندانی کردنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ناڕازیەکان و زیاد کردنی حوکمی ئێعدام، بەر بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری بگرن.
لە ئاوا بارودۆخێکدا بۆ ناکام هێشتنەوەی سیاسەتەکانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی ئێران هێزە چەپ و کومونیستەکان، و ئینسانە تێکۆشەر و ئازادی خوازەکان دەتوانن لەسەر ناوەرۆکی فەزایەکی ناڕەزایەتی کە سەبارەت بە سەفەری رۆحانی بۆ فەرانسە لە دەرەوەی وڵات دروست بووە، وێڕای رۆشنگەری سەبارەت بە بارودۆخی فەلاکەتباری کرێکاران، ژنان، لاوان، و بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بەرینەکان و بارودۆخێکی کارەساتبار کە لە ئێراندا بوونی هەیە، سیاسەتی ڕیاکارانەی دەوڵەتی فەرانسە و باقی هێزە سەرمایەداریە رۆژئاواییەکان لەقاو بدەن و ڕای گشتی ئەم وڵاتانە لە شەپۆلی نوێی گوشارە پۆلیسی- ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی ئێران بۆسەر هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتیەکان، و سەرکوتی هەموو دەنگێکی ماف خوازانەی جەماوەری خەڵکی زۆر لێکراو ئاگادار بکەنەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah