کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەوڵەتی رەگەزپەره‌ستی ئیسرائیل و شەپۆلێکی نوێ لە ئاژاوەگێڕی

لە دوو حەفتەی دواییدا جارێکی تر دەوڵەتی ئیسرائیل بە ئاڵۆز کردنی بارودۆخەکە بواری بۆ دەستپێکی دەورێکی نوێ لە دەرگیری لەگەڵ خەڵکی فەلەستین فەراهەم کردوە. ئەم جارەش سیاسەت و کرداری رەگەزپەرستانەی دەوڵەتی نتانیاهو بۆتە هۆی قوربانی بوونی ژمارەیەکی دیکە لە خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستین. شەپۆلی ئەم داوییەی ئاژاوەگێڕی دەوڵەتی ئیسرائیل دوای ئەوە دەستی پێکرد کە ئاڵای فەلەستین، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٣٠ سیپتامبر لەپاڵ پەرچەمی ١٩٣ وڵاتی تری دنیادا هەڵکرا. کۆبونەوەی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، پێشتر لە قەتعنامەیەکدا بە ١١٩ دەنگی موافق، ٨ مخالف و ٤٥ دنگی بێ لایەنەوە پەسند کردبوو کە ئاڵای فەلەستین لەسەر بینای سازمانی ملەل هەڵبکرێت.بەپێی ئاخرین راپۆرتەکان لە ماوەی دوو حەفتەی رابردودا ٣٤ فەلەستینی، لەوانە ٨ منداڵی هه‌رێمه‌ داگیر کراوەکان گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٣٠٠ فەلەستینی تریش بریندار بوون. لە جەریانی ئەم پێکدادانانەدا ٧ ئیسرایلیش کوژراون. بەشوێن هێرشی شارەک نشینە ئیسرائیلیەکاندا بۆسەر فەلەستینیەکان و هەوڵدان بۆ دەرکردنیان لەسەر زەوی و ماڵەکانیان، دەوڵەتی ئیسرائیل لە یەکەمی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٩ ی رەزبەر، چون بۆ مزگەوتی ئەقسای سنوردار کردەوە. لە هەمانحاڵدا یەهودیە توندڕەوەکان هێرشیان بۆ چوونە نێو مزگەوتەکە دەست پێکرد. ئەم کردارە تەحریک ئامێزانە توڕەیی ژنان و پیاوانی فەلەستینی لە شوێنە جۆراوجۆرە داگیر کراوەکانی زیاتر کرد و ئەوانی وادار بە دژکردەوە کرد. خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی لە شارەکانی فەلەستین و عەرەبەکانی دانیشتوی ئیسرائیل دەستی پێکرد و لاوانی فەلەستینی بە بەردهاویشتن، بەرەنگاری هێزە سەرتاپا چەکدارەکانی ئیسرائیل بوونەوە. ئەوان لە چەندین حاڵەتدا بەچەقۆ هێرشیان کردۆتەسەر سەربازان و شارەک نشینە چەکدارەکان و هێندێک جاریش ئیسرایلەیەکانیان وەبەر ماشێن داوە. دەوڵەتی ئیسرایل ئێقدامات و ئاکسیۆنە رەواکانی خەڵکی فەلەستینی کردۆتە بیانوو و ئیجازەی بە هێزە چەکدارەکانی داوە تا بە گوللەی جەنگی بەرەنگاری خەڵکی بێ دیفاع، بەڵام ناڕازی و خۆڕاگری فەلەستین ببنەوە. لە راستیدا لە ٢٤ی سیپتامبری ٢٠١٥ وە، دەوڵەتی ئیسرائیل ئیجازەی بە سەربازەکانی داوە هەر کاتێک هەستیان بە مەترسی کرد، ته‌قه‌ له‌ فەلەستینیەکان بکەن.558 (1)

نتانیاهو سەرۆک وەزیرانی رەگەز پەره‌ستی ئیسرائیل، ئیجازەی داوە ئەو ماڵانەی کە تەنانەت کەسێک لە دانیشتوانەکەی بەشداری خۆپیشاندان دەکەن، وێران بکەن و ئیجازەی دروست کردنەوەشی نەدەن. ئەو هەروەها هەڕەشەی لە عەرەبەکانی دانیشتوی ئیسرائیل کردوە تۆڵەی توندیان لێدەکرێتەوە. دەستە ڕاستیە یەهودیەکان بە دانی دروشمی “مەرگ بۆ عەرەبه‌کان”، لەهەوڵی بەکردەوە دەرهێنانی رێنماییەکانی نتانیاهوی جەللاد دان. شارەداری ئۆرشەلیم بە رەسمی داوای لە خەڵکی ئیسرائیل کردوە چەک لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن. ئەو وتی چەکدار کردنی ئیسرایلیەکان خێراتر دەکرێت. لە ساڵی ٢٠١٣ دا سەد و شەست هەزار ئیسرایلی چەکدار بوون. لە ئاموزشدان بە شارەک نشینەکان و سازمانە ئیسرایلیەکان پێیان دەگوترێت کە ئەوان بەشێوەی یاسایی مافی ئەوەیان هەیە بۆ دیفاع کردن لە خۆیان و ماڵ و مڵکیان لە چەک كەڵک وەبگرن. لە حاڵێکدا کە ئێقداماتی جەنایەتکارانەی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل قین و توڕەیی عەرەبە ناڕازییەکانی لە وڵاتانی عەرەبیدا هەڵخراندوە، “جان کری” وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتی: سەرزەنشتی ئیسرائیلەیەکان ناکات. ئۆباماش له‌ كۆنفڕانسێكی خه‌به‌ریدا رۆژی جومعه‌ وتی: “ئیسرائیل بۆ پشتیوانی له‌ هاوڵاتیانی له‌ به‌رامبه‌ر هێرش به‌ چه‌قۆ و توندوتیژی خیابانیدا، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ موقه‌ڕه‌ڕاتێك پێكبێنێت.”حکومەتی سەرمایەداری و رەگەزپەره‌ستی ئیسرائیل و یەهودیە توندڕەوەکان هەر جار ناجارێک بە هێرش کردنەسەر خەڵکی فەلەستین، قین و توڕەیی ئەوان هەڵدەخڕێنن. هەموو جۆرە خۆڕاگرییەک لە لایەن فەلەستینیەکان و ناڕەزایەتیەکانیان لەدژی كرداری دستدرێژی کارانەی ئەم حکومەتە دەکەنە بیانو بۆ توند کردنەوەی سەرکوتگەری و پەرەدان بە هێرش و دستدرێژیەکانیان. نەبوونی ڕێبەریەکی پێشڕەو و شۆڕشگێڕ کە بەرژەوەندی راستەقینەی خەڵکی فەلەستین نوێنەرایەتی بکات بۆتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل سیاسەت و تاکتیکەکانی خۆی بەرێتە پێشێ. لە ئاوا بارودۆخێکدا و لە غیابی رێبەریەکی پێشڕەو و شۆڕشگێڕدا سازمانە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکان دەبنە مەیداندار. ئەگەرچی هۆکاری سەرەکی هەموو ئەم موسیبەتە داسەپاوانە بەسەر خەڵکی فەلەستیندا دەوڵەتی ئیسرائیل و دەوڵەتانی رۆژئاوایی پشتیوانی وەک دەوڵەتی ئامریکان، بەڵام هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستەکانیش بە بەشی خۆیان لە پەرەدان بە دەمارگرژی کوێری مەزهەبیدا دەوریان هەیە. ئەوان لە سیاسەتە رەگەزپەره‌ستانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل تەغزیە دەکەن و بە هەر نرخێک بێت هەوڵ ئەدەن لاوانی فەلەستینی کە لە ژێر گوشاری ئێستبدادی دولایەنە و هەژاری، بێکاری و بێ ئاسۆییدا وەگیان هاتون بکەنە هێزی بەرەوپێش بردنی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانیان.ئەوەی کە روون و ئاشکرایە، گرتنە پێشی سیاسەتی داگیرکارانە و تەوسعە تەڵەبانەی دەوڵەتی رەگەزپەره‌ستی ئیسرائیل بە پشتیوانی هێزە سەرمایەداریەکان بەکرده‌وه‌ دەردێت. خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل داواکاری بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانەن و هیچ قازانجێکیان لەم دوژمنایەتی و توندوتیژیانەدا نییە. بۆ رزگار بوون لەم کوشتار و نائەمنیە رێگایەک بێجگە لەوەیكه‌ کرێکاران و خەڵکی زۆر لێکراوی ئیسرائیل و فەلەستین یەکگرتوانە بۆ دروست کردنی حاکمیەتی خۆیان دەست لەنیو دەستی یەکتر بنێن و خۆیان بڕیار بدەن و خۆیان لە قەید و بەندی سیاسەتە سەرمایەدارانە و ئیمپڕیالیستیەکان رزگار بکەن، له‌ به‌رده‌مدا نییه‌. بە واتایەکی باشتر، خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین تەنیا بە یەکێتی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و گروپ و رەوتە شۆڕشگێڕەکانی ئیسرائیل و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان و خەباتی یەکگرتوانە و ماندویی نەناسانەی خۆیان دەتوانن رێگایەک بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە نابەسامانە و دەستەبەر کردنی مافی دیاریکردنی چارەنوس و گەیشتن بە ژیانێکی شایستەی ئینسانی ئەمرۆ بدۆزنەوە. ئەمە تەنیا رێگای کۆتایی هێنان بە گشت موسیبەتەکانی تا ئێستا دەبێت.کومۆنیستەکان و ئینسانە ئازادیخوازەکان لە وڵاتانی ناوچەکە و سەرتاسەری دنیا پشتیوانی لە خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش لە فەلەستین لەدژی سیاسەتی رەگەزپەره‌ستانە و داگیر کەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن. ئەوان خوازیاری ئەوەن کە کرێکاران و هێزە پێشڕەوەکان لە فەلەستین و سازمانە پێشکەوتن خوازەکانی ئیسرائیل بە پەرەدان بە هێزی هاوپشتی خۆیان خەبات لەدژی دەوڵەتی نژاد پەره‌ستی ئیسرائیل بەرینتر بکەنەوە.