کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەوڵەتی ئەمریکا، هیوا بە دەستەمۆ بوونی کۆماری ئیسلامییی

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٧ بەرابەر لەگەڵ ١٩ی فێورییەی ٢٠١٩ برایان هووك، نوێنەری تایبەتی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری تایبەت بە ئێران لە ڕێگای حیسابی کاربەری تویتێری ئەو وەزاڕەتخانەیەوە ویدۆیەکی لە قسەکانی لە بەردەم بینای باڵیۆزخانه‌ی پێشوی ئێران لە واشینگتۆن بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرلەنوێ جەخت لەسەر مەرجە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوه‌ندییه‌كان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی دەکاتەوە. برایان هووك بە ئاماژە کردن بە چاودێری کردنی دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم بینایە و کەلوپەلەکانی نێوی، هیواداری دەربڕی کە ڕۆژێک کلیلەکانی ئەم باڵیۆزخانه‌یه‌ بدرێتەوە بە حکومەتێک کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران بێت، حکومەتێکی کە” ئەنگیزەی ئیدئۆلۆژیەکی ئینقلابی پەڕتوکاوی نەفرەت بار نەبێت، بەڵکوو بەرژەوەندی و ئیرادەی خەڵکی مەزنی ئێڕان بێت.” ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ:” ئێمە دەبێ لە وڵاتانی یەکتردا باڵیۆزخانه‌مان هەبێت. ڕژیمی ئێران ئەم تواناییەی هەیە کە ئاڕاستەیەکی باشتر بۆ خەڵکەکەی وێنا بکات. ئەم ڕژیمە دەبێ کەمتر وەک ئاڕمانێکی ئینقلابی و زیاتر وەک وڵاتێکی نۆرماڵ هەڵسووکەوت بکات. ئێمە هیوادارین کە ڕژیم ئەوە هەڵبژێرێت کە ئیتر بە سیاسەتەکانی هەڕەشە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکات و کۆتایی بەم کارەی بێنێت.” برایان هووك لە درێژەدا بە لەحنێکی هەڕەشە ئامێز ڕایدەگەیەنێت کە” ڕژیمی ئێران دەتوانێ هەڵبژێڕێت، ئەمکارە بکات یان شاهیدی لێکهەڵوەشانی ئابوورییەکەی بێت.”
قسەکانی نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، سەرەڕای لەحنی توند و هەڕەشە ئامێزی لە بارەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە نیشانی ئەدات کە کاربەدەستانی ڕەسمی دەوڵەتی ئەمریکا هێشتا بێ هیوا نەبوون لە ڕام بوونی ئەم ڕژیمە و چاكسازی له‌ سیاسەتەکانی لە ڕاستای بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا. ئامانجی سەرەکی دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕەچاو کردنی ئەم گوشارانە هێشتا نەک ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی، بەڵکوو ڕاگرتنی پرۆژە هەستەییەکانیەتی بۆ ماوەیەکی نادیار، چاودێری بەسەر بەرنامانەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالێستیک و کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتە سیاسیی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتانی ناوچەکە دایە. دەوڵەتی ئەمریکا بە دەستەبەر کردنی ئەم مەرجانە دەیەوێ نیگەرانی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڕەوێنێتەوە و پێگەی لاوازبووی خۆی لە بەرانبەر زلهێزە ڕەقیبە جیهانییەکانیدا باشتر بکات. هەڵبەت لە حەفتەکانی دواییدا هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ڕاکێشانی هاوکاری دەوڵەتانی ئۆرووپایی بۆ توند کردنەوەی گه‌مارۆ ئابوورییەکان، زیاتر بوونی هەڕەشەکانی کاربەدەستانی ڕەسمی ئەمریکا لەدژی ڕژیمی ئیسلامیی، دیدار و هەڵسووکەوتی کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا لەگەڵ هه‌ندێک لە هێز و سیماکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بۆ گوشار هێنانی کۆنترۆڵکراو لەدژی ئەم ڕژیمە ئاستێکی تازەی بەخۆیەوە گرتووە. کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییش ئاگاداری توند بوونەوەی ئەم گوشارانە هەن. حەسەن ڕووحانی ڕۆژی چوارشەممە یەکی مانگی ڕەشەمە، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا وتی:” کە ئەمریکا و ئێران چۆنه‌تە” زۆران بازیەکی حەدی ئەکسەری”ەوە و شەڕی ئیرادەکانی دوو وڵات بە زوویی ئاکامەکانی نیشان ئەدات.”
توندبوونەوەی گوشارەکانی دەوڵەتی ئەمریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئاوێتە بە دەربڕینی هیواداری بۆ گۆڕانی ئاڕاستەی ڕژیم سەرچاوەگرتوو لێیەوە کە کاربەدەستانی ئەمریکایی بە توندی نیگەرانن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەرفەتی سازشی لەگەڵ ئەمریکای دەست نەکەوێت. چون کلیلی دیاریکردنی زەربول ئەجەلی زەمانی بۆ ڕوودانی سازشێکی گەورە تەنیا لەدەست دەوڵەتی ئەمریکا و سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییدا نییە. دەوڵەتی ئەمریکا کە بارودۆخی ئێرانی لەژێر چاودێری دایە دەزانێ کە ڕەوتی ڕوو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کرێکاری و جەماوەرییەکان لە ئێران بە تایبەت دوای ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری پارەکە و کۆتایی هاتنی هیوا بە چاكسازی له‌ ڕژیم لە نێوخۆوە، زەنگی مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامیی لێدراوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی کە لەژێر مەترسی لێک هەڵوەشانی ئابووری و بزوتنەوەی ڕوو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دایە و مەیدانی مانۆڕی لەنێو بلۆک بەندی زلهێزە جیهانییەکاندا بەرتەسک بۆه‌تەوە، ڕێگایەکی بێجگە لە سازش لەگەڵ ئەمریکا لەبەردەمدا نییە و بە کردەوە پێی ناوەتە ئەم ئاڕاستەیەوە.
کۆماری ئیسلامیی لەژێر گوشاری دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا پێگە نیزامیەکانی لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل کۆکردووه‌تەوە و هەنگاو بە هەنگاو لە حوزوری نیزامی لە سوورییە پاشەکشەی کردووە، لە عێڕاق سیاسەتەکانی لەگەڵ ئەمریکا هاوئاهەنگ کردووە، لە یەمەن بە ئەسڵی وتووێژ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هەردوو لایەندا ڕازی بووە، لە ئەفغانستان بەکرده‌وە یارمەتی” پرۆژەی ئاشتی” ئەمریکای داوە، بەم حاڵەشەوە ئەگەر تا ئێستا ڕازی بە سازشی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا نەبووە سەرچاوەگرتوو لە ناکۆکییەکەوەیە کە تێیدا گیری خواردووە. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دەزانن ئەگەر بێت و ڕازی بە سازشی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا بن یەکێکی تر لە پایەکانی ستڕاتێژی مانەوەی ڕژیم واتە دژایەتی کردنی ئەمریکا و پرۆژە ئەتۆمی و مووشەکی و دەخاڵەتگەرییە نیزامییەکانی کە تا ئێستا بە سەدان میلیارد دۆلار لە دەست ڕەنجی کرێکاران و لە گیرفانی خەڵکی ئێرانی تێدا هەزینە کردووە، تێک دەڕمێت. بەم تێکڕمانەش بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی و مۆتاڵباتی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا لەدژی ڕژیم رۆحییەیەکی هێرش بەرانبەتر بەخۆیەوە دەگرێت و قەیرانی حکومەتی قوڵتر دەبێتەوە.
لەم ڕووەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە پێکهاتەی ئێستایەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم سازشە گەورەیە بە پارێز و دەست بە عەسا دەجوڵێتەوە. بەڵام سەرئەنجام کادری ڕێبەریی و فەرماندەکانی سپای پاسداران لە لەعەینی شاخ و شانە کێشان و هەڕەشەی بێ ناوەرۆک لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا، کاتی سازش دیاری دەکات. ئەگەری ئەوە هەیە کە سپای پاسداران بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئاخێزی بزوتنەوە کرێکاری و پێشڕەوە ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگادا بۆ ئەنجامدانی سازش دەست بداتە هەڵپاچینی لقوپۆپە زیادییەکان لە نیوخۆی ساختاری حکومەتی و بە نیزامی کردنی فەزای سیاسی کۆمەڵگا. بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم مەترسیانە گەلێک حەیاتیە کە بزوتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکاران و جەماوەری هەژار پێش ئەوەی سپای پاسداران توانی بێتی بە میلیتاریزە کردنی فەزای کۆمەڵگا هەموو زەرفییەتەکانی سەرکوتی بەکاربێنێ، بە ئەندازەی پێویست بەرەوپێش چووبێتن کە نە تەنیا سپای پاسداران نەتوانێ سەرکوتیان بکات، بەڵکوو بەرەی خەبات و شۆڕش بە گشتگیر کردن و سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان و خەباتی جەماوەری و بە ئیعتیساباتی سیاسیی جەماوەری دەزگای حاکمییەت فله‌ج بکەن.

بابەتی پەیوەندیدار

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

komalah