کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەنگی شکانی پشتی ڕژیم دێت!

درێژه‌ی خۆپێشاندانه‌كانی له‌ چه‌ند شاری ئێران 1

  لە حاڵێکدا کە جەنایەتەکانی ڕژیم لەسەر شەقام  و لە زیندانەکاندا هەروا درێژەی هەیە، ناڕەزایەتی توێژە جۆراو جۆرەکانی خەڵک نەتەنیا هێور نەبۆتەوە، بەڵکو بە ئێقراری خودی کاربەدەستانی ئەمنیەتی و نیزامی ڕژیم، ئاستێکی بەرینتر و شکڵ و شێوازی جۆراو جۆرتری بە خۆیەوە گرتوە. ڕاگەیەنەرەکانی نزیک لە مەحفەلە حکومەتیەکان و بەشێک لە کاربەدەستانی ڕژیم لێرەو لەوێ باس لە شکستی سیاسەتی سەرکوت دەکەن و تەنانەتهێندێکیان بە ئاشکرا دەڵێن دەبێ لەگەڵ نوێنەرانی خەڵک بکەونە وتووێژەوە و بۆ پاراستنی نیزام چاوپۆشی لە گەلێک لە یاسای ئیسلامیەکان بکرێت. لە زۆربەی شارەکان، زانکۆ و قوتابخانەکان بەرەو ڕووی خۆپیشاندان و یان مانگرتن بوینەتەوە. هەر ئێستا چەند ناوەندی کرێکاری لە حاڵی مانگرتندان. خەڵکی وەگیان هاتوو لە سەرتاسەری ئێڕان زیاتر لە ڕابردو بە ناڕەزایەتیەکانەوە پەیوەست بوون و ماشێنی سەرکوتیش ئیتر کارایی پێشوی نییە. ئەگەر تا دوێنێ سیما ناسراوە هونەری و وەرزشیەکان بە ئاشکرا پشتیوانیان لە ئاخێزی خەڵک دەکرد، لەمڕۆدا گوروپە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکان بە ناو و نیشانی خۆیانەوە پشتیوانی لە ناڕەزایەتیەکان دەکەن، لەمڕۆدا لیستێکی دوور و درێژ لە گوروپە جۆراوجۆرە کۆمەلایەتیەکان لەم بارەیەوە بەیانیە بڵاو دەکەنەوە. بۆ نمونە لە رۆژانی ڕابردودا شاهیدی بڵاو کرانەوەی بەیانیەی پزیشکەکان، وەکیلەکانی دادگوستەری، مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت ئیمام جومعەکانیش بووین لە کوردستان.

هەزینەی سەرکوت و جێگیر کرانی لەشکرەکانی سپا لە قەوارەی لیباس شەخسیەکاندا، بەسیج، پۆلیس، ئەڕتەش و ناوەندە ئەمنیەتیەکان دەگاتە بە ملیارد دۆلار. لە گەرمەی ئەم ناڕەزایەتیانەدا مەجلیسی ئیسلامی بیست لەسەد زیاد کردنی مانگانەی بۆ هێزە سەرکوتگەرەکان پەسند کرد.

  بڕینی ئینتێرنێت، داخستنی دوکان و بازاڕەکان، ڕکود و بێمشتەری بوونی زۆربەی خواردنگە و هۆتێلەکان، داخرانی گەلێک لە کەسب و کارەکان گوشارێکی زۆری خستۆتەسەر ئابووری قەیراناویو داتەپێوی ڕوو لە شکستی ئێڕان. لە زۆربەی بانکەکاندا باس لە تەواو بوونی نەغدینەگی دەکرێت. لەگەڵ ئەوانەشدا بە پێی گەلێک ڕاپۆرت سەروەتێکی زۆر لە وڵات براوەتە دەرەوە و بنەماڵەی هێندێک لە بەرپرسانی حکومەتی وڵاتیان بەجێهێشتوە.

  ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن لە ماوەی ئەم ١٠ رۆژەی دواییدا، زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٥٠ میلیارد تمەن پارە، لە لایەن کەسانی حەقیقیەوە، لە بۆرس دەرهێندراوە و ڕیزی ئەو کەسانە لە بازاڕی بۆرسدا بەردەوام بەسەر ڕیزی کڕیاراندا قورسایی دەکات.

  گرانی و هەڵاوسانی زۆر، زیاد بوونی بێکاری و بەرینتر بوونەوەی هەژاری و بچوکتر بوونەوەی زیاتری سفرەی خەڵک، دژوارتر بوونی بازرگانی کردن لەگەڵ ئێڕان لە لایەن وڵاتانی ئوروپاییەوە، هاوکات لەگەڵ درێژەی گەمارۆ ئابووریەکانی ئامریکا، بەگشتی دەستیان داوەتە دەستی یەک و قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێرانیان زیاتر لە ڕابردو ئالۆز کردوە. لە وڵامدانەوە بەم بارودۆخە، ڕژیم لە دەستپێکی حەوتەمین حەفتەی ناڕەزایەتیەکاندا بێجگە لە هەڕەشە و سەرکوت بژاردەیەکی دیکەی نییە. نە دەتوانێ سەروسامان بە بارودۆخی ئابووری بدات، نەتوانایی ئەوەی هەیە پەیامی خەڵک بۆ گوڕینی ڕژیم قەبوڵ بکات.

  لە ئێستاوە دەکرێت دەنگ و زایەڵەی سەرکەوتنی یەکجارەکی خەڵک و شکانی ئێسکەکانی پشتی ڕژیم ببیستی. هاتنە مەیدانی زیاتری ژنان و لاوان، چالاک تر بوونەوەی ناوەندە کرێکاریەکان و پشتیوانی بەرین و بەربڵاوتری ئەوکەسانەی لە تەمەنی مامناوەند دان و کەسانی بەساڵاچوو لە لاوان و ژنان، لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، لێکهەڵوەشانی حکومەتی کردۆتە ئامانجێک کە وەدیهاتنی هاسان و بەردەست بێت.