ڕۆژی هەینی ١٢ی مانگی خاکەلێوە، “قەدەم خەیر حەقانی زادە” تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە ڕۆژی سێشەممە لە پێش چاوی دوو منداڵە ١١ ساڵانەکەی لەلایەن پۆلیسی وڵاتی دانمارک درابووە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزی پێکرابوو، لەلایەن دادگایەکی شاری کۆپێنهاکی ئەو وڵاتە دادگایی کرا و بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەرکرانی بۆ دەرچووە بۆ زیندانی پۆلیسی ئەو شارە گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، “سیرووس عەزیززادە” هاوژینی ناوبراو لەم بارەوە بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕاگەیاندووە کە دادوەری دۆسیەکە لە دادگا ڕایگەیاندووە کە “قەدەم خەیر” دەبێت دەستبەسەر بێت هەتا کارە ئیدارییەکانی تەواو دەبێت و لەگەڵ بنەماڵەکەی دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە. جێگای ئاماژەیە ئەگەر “قەدەم خەیر” ئازاد بکرێت ناچارن لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕووبەکەنە وڵاتێکی دیکە و هەر بۆیەش دەبێت هەتا دەرکردنی بڕیاری کۆتایی ئەو دادگایە لە زیندانی پۆلیسدا بمێنێتەوە.