کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
هه‌واڵه‌کانكوردستان

دەستبەسەرداگرتنی وه‌سێقه‌ی یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەرانی هەنگاو و گوشار خستنه‌ سەر بنەماڵەکەی

دەستبەسەرداگرتنی وه‌سێقه‌ی یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەرانی هەنگاو

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دادگای مهاباد، دەستی بەسەر وه‌سێقه‌ی ١٠٠ ملیۆن تمەنی “کاوە حەسەنپوور”، ڕۆژنامەڤان و چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەنگاودا گرتووە. هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی بارمتەکەی، دەزگا ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی ئەو چالاکە و باوکی ناوبراویان چەندین جار بۆ دەزگا ئەمنییەکان بانگ کراوە و لێپێچینەوەی لێ کردووه‌. به‌ پێی راپۆرته‌كان، دەستبەسەردا گرتنی بارمتەکەی “کاوە حەسەنپوور” لە کاتێکدایە کە ناوبراو ١١ ساڵ لەمەوبەر بە هۆی گوشاری دەزگا ئەمنییەکانەوە زێدی خۆی جێ هێشتووە و ئێستا دانیشتووی نۆروێژە. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی سەرماوەزی ١٣٨٩ی هه‌تاوی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مهابادەوە دەستبەسەر کرا و پاش ٢٧ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی و ئەشکەنجەکرانی، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی مهاباد و لە کۆتایی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە هاتە دەرەوە. ناوبراو لە بەهاری ساڵی ١٣٩٠ لە لایەن دادگای مهاباد بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە یه‌كێك له‌ حیزبه‌ نه‌یاره‌كانی ڕژیم” سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیاد کرابوو.