کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەبێ چی لەگەڵ ئەم دێوەزمەی بێکاریەدا بکرێت؟

له‌م دواییانەدا هەواڵنێری حکومەتی “مێهر”، بە پشت بەستن بە تازەترین نەتیجەی ناوەندی ئاماری ئێران نوسیویەتی کە لاوانی نێوان ٢٠ تا ٣٠ ساڵ، زۆرترین ژمارەی بێکارانی ئێران پێکدێنن و کەمتر بنەماڵەیەک هەیە کە لەودا لانیکەم لاوێکی خوێندەواری بێکار بوونی نەبێت. راپۆرتەکەی مێهر بە پشت به‌ستن بەو نەتیجەیەی ناوەندی ئاماری ئێران لە درێژەدا دەڵێ کە زۆرترین ژمارەی بێکارانی وڵات لە گروپی تەمەنی ژێر ٣٠ ساڵیدان و لەم گروپەدا نرخی بێکاری لاوانی نێوان ٢٠ تا ٢٤ ساڵی بە رێژەی ٢٨ و ٧ دەهومی لەسەد واتە نزیکەی ٣ به‌رابەری نرخی بێکاری ڕەسمی ڕاگەیەندراوە. ناوەندی ئاماری ئێران هەروەها روونی کردۆتەوە کە لە گروپی تەمەنی ١٥ تا ١٦ ساڵی کە بەپێی قانونی کاری ئێران وەک گروپی تازەلاوانی شاغڵ یان بێکار دەناسرێن، نرخی بێکاری دەگاتە ٢٢ و ٢ دەهومی لەسەد.ئەم دوو ئامارە نیشانی ئەدەن کە دیاردەی بێکاری لاوانی ده‌رچووی دانیشگا کە ژمارەیان زیاتر لە ٥ ملیۆن کەسە، تەنیا نوکی کێوی سەهۆڵی بێکاری لاوان لە وڵاتدایە. بەپێی ئەم راپۆرتەی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی بێکاری ژنان لە گروپی تەمەنی ٢٥ تا ٢٩ ساڵی ٢٨ و ٢ دەهومی لەسەدی فارغوالتەحسیلانی ژنان پێکدێنێت.ئەمە ڕاستیەکی ئاشکرایە کە ڕەوتی روو له‌ گەشە و غەیرە قابیلی کۆنترۆڵی بێکاری لە ئێران، کە ئامارەکەی هێندێک جار تا ٨ ملیۆن باس کراوە، بۆتە یەکێک لە سەرەکی ترین گرفتە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێراندا. بێکاری واتە لەبەین بردنی ئەمنیەتی پیشەیی و دروست کردنی تەفرەقە و دووبەرەکی لەنێو کرێکاراندا، یانی پاڵپێوەنانی بنەماڵە کرێکارییەکان بەرەو ژیان بەسەربردن لەژێر هێڵی هەژاریدا و داسەپاندنی مەرگی بەشێنەیی. بێکاری گرفتێکە کە ئاڵۆزی رەوانی، ئەفسوردەگی و توڕەیی پۆنگ خواردوو لە ئاسەوارە کتوپرەکانیەتی. ئەم تراژیدیە خەمناکە لێرەدا کۆتایی نایەت، لێکهەڵوەشانی بنەماڵە کرێکارییەکان، کێشران بەرەو ئیعتیاد و لەشفرۆشی لە رووی ناچاریەوە و هێندێک جار خۆکوشتن و باقی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان درێژەی مەنتیقی ئەم ڕەوتەیە و قوربانیەکانی لەنێو ژنان و پیاوان، لاوان و تازەلاوان و منداڵانی کۆمەڵدا دەستێنێ.548

بێکاری لەو موسیبەتانەیە کە زائیدەی سیستمی سەرمایەداریە. بوونی ئەرتەشێکی زەخیرەی بێکاران بەردەوام سفرەی نێعمەتێك بووە بۆ خاوەنانی سەرمایە. ئەم گرفتە لە دەورەی قەیراناوی ئێستادا ئاستێکی سەرسوڕهێنەری بەخۆیەوە گرتوە و بەتەواوەتی بۆتە کارەساتێک. کۆماری ئیسلامی قەیران لێدراو و دەوڵەتە شپرزەکانی هۆکاری توند بوونەوەی ئەم موسیبەتە گەورانەن. لە ئاوا بارودۆخێکدا خەبات لەدژی دیاردەی شوم و وێرانگەری بێکاری و دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی بۆتە یەکێک لە داواکارییە مێحوەریە کرێکارییەکان و لە هەمانحاڵدا یەکێک لە گرفتەکانی بزوتنەوەی کرێکاری لە کۆمەڵگای ئێراندا. ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی بێکاری لەحاڵێکدا بەڕێوەدەچێت کە دەوڵەتی حاکم بەسەر ئێراندا، وەزاڕەتی کار و تەعاون و باقی ناوەندە حکومەتیەکان نە تەنیا ستراتیژی رەخساندنی هەلی کاریان نییە، بەڵکو خۆیان هۆكاری توند كردنه‌وه‌ی بێکار سازی کرێکاران و پەرەگرتنی بێ وێنەی دیاردەی بێکارین. درێژه‌ی داخرانی رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی قەیران لێدراو و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران بە بیانوی وەرشکستە بوون شاهیدی ئەم ئیدیعایانەیە. دانی وەعدەی چارەسەری گرفتی بێکاری بە پشت بەستن بە سپا و یان کەرتی تایبه‌ت و یان چارەسەر کردنی لە رێگای ئاسایی کردنەوەی مناسبات لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی کۆمەڵێک بەڵینی پووچن. ئامانج لە دانی ئەم وەعدانە لە چاوەڕوانیدا راگرتنی کرێکاران و بەرگرتنە لە ئاخێزی جەماوەری نزیک لە روودانی ئەوان. ئەگەری ئاخێزە جەماوەرییەکان خەوی لە چاوی سەرانی رژیم زڕاندووە.
ترسی رژیم لە ئاخێزە جەماوەرییەکانی کرێکاران، بواری عەینی و واقیعی هەیە. بەڵام بۆ ئەوەی کە ئەم ئاخێزانەی ئەگەریان هەیە بەشێوەی خۆرسک روو نەدەن، پێویستیان بە تەشەکول و رێکخستنه‌. ئەمەش دەتوانێ بۆ نمونە لە مەسیری بەرپا بوونی بزوتنەوەیەکەوە لەدژی بێکاری دەستەبەر بێت. بزوتنەوەیەک کە بارودۆخە عەینیەکەی ئامادەیە و هێزی بیلقوە و حازر و ئامادەی نە تەنیا خێڵی ملیۆنی کرێکارانی بێکار بەڵکوو بەملیۆن کرێکاری شاغڵ و بنەماڵە کرێکارییەکانیش لەخۆ دەگرێت؛ بزوتنەوەیەک کە بەهۆی درێژەی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی بێکارسازیەکان و داواکاری هاوبەش دەتوانێ جەماوەریی و بەهێز بێتەوە و حکومەت توشی گرفتی جیدی بکات. ئەرکی بەرپا کردن و رێکخستنی ئەم بزوتنەوەیە لە ئەستۆی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و بەتایبەت کرێکارانی کومونیستە.
بەرەوپێش بردنی ئەم خەباتە و بردنەسەره‌وه‌ی تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەری پێویستی بە دامەزراندنی سازمان و تەشەکولێک هەیە کە بە ده‌خاڵەتی راستەوخۆ و ئیرادەی جەمعی کرێکاران پشت ئەستور بێت. رێکخراوێکی ئاواش دەتوانێ “شورای بێکاران” یان “یەکێتی بێکاران” و یان هەر شکڵێکی سازمانی گونجاو کە خودی کرێکارانی وشیار لە گەڕەک، ناوچە و یان شارستانێک بە باشی بزانن، بێت. دابین کردنی بیمەی بێکاری و باقی مەزایاکان لەسەر گیرفانی دەوڵەت و خاوەنکاران تەنیا دەتوانێ بەرهەمی خەباتی کرێکاران و بەرپاکردنی وەها بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری بێت.