سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان لە وڵاتانی جۆراو جۆر، درێژهیان داوه به هەوڵەکانیان بۆ ئهوهیكه باری قورسی قەیرانی سیستهمی سەرمایەداریی بخهنه سەرشانی چینی کرێکار، ئهویش لە ڕێگهی پەرەدان بە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووریی و گۆڕینی قانونی کار بە قازانجی خاوەنکاران. کرێکارانیش لهڕێگهی ڕێكخستنی ئاکسیۆنی جۆراوجۆر و لە سەرووشیانەوە مانگرتن و خۆپیشاندان، نەك ههر بهرهنگاری هێرشی بهردهوامی دەوڵەت و خاوەنکاران بوونەتەوە، بەڵکوو داواکاریی هێرشبەرانەی خۆشیان هێناوەتە گۆڕێ. لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتانە مانگی سێپتامبر شایهتی درێژەی هەوڵی دەوڵەتان و خاوەن سەرمایەکان بووین لە زۆر وڵاتدا بۆ هێرشی زیاتر و هەمەلایەنەتر بۆسەر دەستکەوتەکانی کرێکاران و بەرەنگاربوونەوەی کرێکاران لە دژیان.
لە ڕوژی ٢٦ ی سێپتامبردا، ٥٠ هەزار کرێکاری دامهزراوهی گەورهی “مۆتۆرهكانی هیووندا”، لە کۆرەی باشوور بۆ یەکەمجار لە ماوهی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، تێكڕای کارگهکانیان داخست. ئەم مانگرتنە ٢٤ سهعاتهیه، دوای چەندین مانگرتنی هوشداریدهری ٦ سهعاته ڕوویدا کە لە لایەن یەکێتییە کرێکارییەکانەوە ڕیکخران. کرێکاران خوازیاری ئەوەن کە هەقدەستی مانگانەیان ٧ و دوو دەهوم لەسەد (واته ١٣٩ دۆلار) و پشكهكانیان لە سوود و قازانجی کارخانە، بۆ ٣٠ لەسەد زیاد بکرێت. ئەم داواکارییانە به پێچەوانەی خواستی دەوڵەتی کورەی باشور و خاوەنکارانه چوونكه بهنیازن لە هەقدەست و ئیمتیازاتی کرێکاران دابشکێنن. ئەم خەباتەیکە لهئارادایه، بەشێکه لە خەباتێکی سەرتاسەریتری کرێکاران، وەک کرێکارانی گواستنەوە و گەیاندنی گشتی، خزمەتگوزاریی و ماشێن سازییەکانی ئەو وڵاتە لەدژی دەوڵەت و خاوەنکاران. دەوڵەتی کۆرەی باشوور بهنیازه لهڕێگهی زیاتر پەرەدان بە خسوسی سازیی خزمەتگوزاریی گشتیی و ههروهها ئاسانترکردنی دەرکردنی کرێکارانهوه، سیاسەتە نیئۆلیبڕالییەکانی كارامهتر بکات. دە ڕێکخراوی گەورەی کرێکاریی لە چەندین وڵاتیش، هاوپشتیی خۆیان بۆ ئەم کرێکارانە دهربڕیوه. نوێنەرانی ئەم ڕێکخراوانە لە سێئوول، پێتەختی کۆرەی باشوور، ئامادە بوون و پەیامی پشتیوانیی تەشەکكولە کرێکارییەکانی جیهانیان خوێندەوە و سەردێڕی هەنگاوە گەڵالەکراوەکانیان بۆ پشتیوانیی لە کرێکاران لە چەند میتینگدا بە کرێکاران و پشتیوانانیان ڕاگەیاند.
ڕۆژی ١٦ ی سیپتامبر دەیان هەزار کرێکار لە فەڕانسە لهڕێگهی دەست هەڵگرتن لە کار و ڕژانهسهر شهقام و ڕژهڕۆیشتن و کۆبوونەوه لە بەرامبهر ئیدارە دەوڵەتییەکان، خەبات لەدژی پەسهندکرانی گهڵاڵهی قانونی کاریان، بە قازانجی خاوەنکاران ژیاندهوه. خەباتی کرێکارانی فەڕانسە لەدژی یاسای کار، بزووتنەوەی کرێکاریی لە ئۆرووپاشی خستووهتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
ڕۆژی ١٠ ی مانگی سێپتامبر، ١٥ هەزار کرێکار لە یونان لەدژی پهرهسهندنی ههوڵ و كردهوهكانی کابینەی سێریزا لە دژی کرێکاران و خانەنشین کراوان و پەرەپێدانی خسوسی سازییەکان بە قازانجی بانکە گەورەکان، لە شاری ئاتێن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
ڕۆژی دووی سیپتامبر، بەرابەر لەگەڵ ١٢ ی مانگی ڕەزبەر، دەیان میلیۆن کرێکار لە هێند لهڕێگهی دەستدانە مانگرتنێکی سەرتاسەرییهوه، شەقامی شارەکانیان کردە شوێنی نیشاندانی هێزی خۆیان. هەواڵنێرییەکانیش نووسیان كه ١٥٠ بۆ ١٧٠ میلیۆن کەس لە “هێزی کار”ی ٤٧٠ میلیۆنیی هێند بهشداری ئهم مانگرتنه بوون. کرێکاران ١٢ داواکارییان هێنایە گۆڕێ کە گرنگترینیان، ڕاگرتنی خسوسی سازییەکان و دووهێندهکردنی لانیکەمی هەقدەستەکان بوو.
لەنێو خەباتی جەماوەریی – کرێکاریدا دەبێ ئاماژە بە مانگرتنی زیندانییانی ناڕازیی بهرامبهر به کاری ئیجباریی لە زیندانەکانی ئامریکاش بکرێت. لە ڕۆژی ٩ ی سێپتامبری ٢٠١٦وە ههتا ئێستا مانگرتنێکی گەورە زۆربەی زینداکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای گرتووهتهوه. ئەم زیندانیانە کۆمەڵێک بەندیان لە یاسای سزادان لە ئامریکایان خستووهته ژێر پرسیار كه بەو پێیه ئەم بەندانە ٩٠٠ هەزار بهندكراویان کە زۆربەیان کرێکاری ئافریقایی- ئامریکایی و خهڵكی ئامریکای لاتینن، ناچار بە کاری ئیجباریی بێ هەقدەست یان هەقدەستی کەمتر لە یەک دۆلار بۆ سهعاتێك كار کردووە. شیرکەتە پەیمانکارییەکان لەناو زیندانەکاندا ساڵانە دوو میلیارد دۆلار لەڕێی چەوساندنەوەی تاڵانكردنی ڕەنجی ئەم کرێکارە بهندكراوانهوه، قازانج دەکەن. كۆمهڵێك لەم کرێکارانە لە بەشێک لە ڕاگەیاندنهكهیاندا نووسیویانه:
” ئێمە لە ڕۆژی ٩ ی سێپتامبری ٢٠١٦ وە ڕاپەڕیوین ههتا هەموو زیندانەکانی سەرتاسەری ئامریکا دابخەین. ئێمە ههر به تهنها خوازیاری هەڵوەشاندنهوەی ” کاری ئیجباریی” واتە کۆیلەتیی ناو زیندانەکان نین، بەڵکوو شەخسەن لهڕێی تەسلیم و ڕازی نەبوون بە کۆیلەتییهوه، کۆتایی بە تەمەنی ئەم سیستمە دێنین.”
ئەم کێشمەکێشە چینایەتییهش بوورژوازیی ئامریکای تووشی نیگەرانییهكی زۆر کردووە.
خەباتی کرێکاریی و جەماوەریی، کە لێرهدا ئاماژە بە چەند نموونە و حاڵهتێكی کرا، لەسەر بهستێن و قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی نیزامی سەرمایەداریی و قەیرانی ژێئۆپۆلۆتیکی ناوچەییهوه هاتوونهته ئاراوه. سندووقی نێونەتەوەیی پوڵ لە بهرواری ئەوەڵی سێپتامبردا ڕاپۆرتێکی هوشداریدهرانهی ڕوو له ڕێبەرانی گرووپی ٢٠ بڵاو کردەوە کە له ڕۆژانی ٤ و ٥ی سێپتامبر لە وڵاتی چین کۆبوونەوەی ساڵانەیان بهست. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو کە بەرهەمهێنان، بەهۆی نەفرۆشرانی کالاکان، لە قەیراندایە و گەشەی ساڵانە لە باشترین حاڵەتدا لە وڵاتانی جیهاندا خۆی له ١ و نیو لەسەد دەدهات. ئەم سندووقە پێشتر گەشەی ساڵانەی ٢ و دوو دەهومی لەسەدی ڕاگەیاندبوو. لە دانیشتنی گرووپی ٢٠ تیشدا بێجگە لە کێشمەکێشی نێوان دەوڵەتان ، شتێکی دیكه دەست بوورژواكان نەکەوت و سەرانی گرووپی یش٢٠ نەیانتوانی لە بەیانییەی کۆتاییدا هیچ بەڵێنێک لهسهر باشتربوونی بارودۆخەکە بدەن. لە درێژەی قوڵبوونەوەی ئەم قەیرانەدا کێشمەکێشی نێوان بانکە گەورەکان و فێدراڵ ڕێزێرو ( واتە بانکی ناوەندیی) ئامریکا، زیاتر بۆوە. بانکی ناوەندیی ئۆروپا شیرکەتی ئەپڵی ئامریکای، لەبەر نەدانی ماڵییات، ١٣ میلیارد دۆلار جەریمە کرد. فیدراڵ ڕێزێرویش هەواڵێکی لە ڕاگەیەنرەکاندا بڵاو کردەوە کە بهنیازه “دۆیچە بانک”ی ئاڵمان لهبهر دەور و نهقشی لە تووشی قەیران کردنی بانکەکانی ئامریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ ،١٤ ملیارد دۆلار جەریمە بکات. هەرتكی ئەم هەواڵانە پشكهكانی “دۆیچە بانک” و” ئەپڵ “یان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە و قەیرانی دارایی لە ئامریکا و ئۆروپایان توندتر کردووهتەوە.
لەسەر بەستێنی ئەم قەیرانانە، “قەیرانی ژێئۆپۆلۆتیک “ی ئهمپڕیالیستەکان لە ڕۆژههڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە سوورییە و هەروەها لە ئۆکڕاین و لە دەریای باشووری چین”یش توندتر بوونهتەوە. لە جهنگهی ئهم خەباتەی ئێستای بزووتنەوەی کرێکاریی و جەماوەریی لە دژی یاسا دژه کرێکارییهكان، هێرش بۆ سەر دەستەکەوتە دێمۆکراتیکە جەماوەرییەکان و سیاسەتی ڕیازەتی ئابووریی بوورژوازییش درێژهی پێ دهدرێت. ئەم خەباتە لەسەر بهستێنی قەیرانە ئابووریی، ژێئۆپۆلۆتیک و سیاسیی بوورژوازیی و دەوڵەتەکانی، ئیمکان و بواری پەرەسەندن و قوڵبوونەوەی هەیه و دەتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی پڕۆلێتاریا بگۆڕێ. بەڵام ئەم خەباتە تەنها کاتێک دەتوانێ بەرەوپێشچوونی خۆی زەمانەت بکات و دەستکەوتی مسۆگهری بۆ کرێکاران هەبێت کە، ئاسۆ و ستراتێژێکی سۆسیالیستیی بۆ خۆی دیاریی کردبێت.