ڕۆژ نییه كه هه‌واڵی دڵته‌زێنی كوشتاری كۆڵبه‌ران له سنووره‌كان نه‌بیستین. به پێی ڕاپۆرته بڵاوكراوه‌كان، له ماوه‌ی یه‌ك مانگی ڕابردوودا ١٩٤ كۆڵبه‌ر به‌هۆی ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ، ٤٢ كۆڵبه‌ر به‌هۆی ڕووداوی ڕێگا سه‌خت و پڕمه‌ترسییه‌كان، ١٢ كۆڵبه‌ر به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین، و ٤ كۆڵبه‌ریش به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان له‌ده‌ست داوه و یان بریندار بوون. له نێوان كۆڵبه‌رانێك كه به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆ كوژراون، ٦ كۆڵبه‌ر ته‌مه‌نیان كه‌متر له ١٨ ساڵ بووه. به‌داخه‌وه ئاماری ئه‌م جه‌نایه‌ته ڕۆژ به ڕۆژ ده‌ڕواته سه‌رێ. ژماره‌ی كه‌سانێك كه گیانی خۆیان له پێناو دابین كردنی ژیانێكی مه‌مره و مه‌ژی له كوێره ڕێگا سنوورییه‌كان به‌هۆی ته‌قه‌ی به‌كرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی له‌ده‌ست داوه له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا به‌شێوه‌ی مامناوه‌ند ١٠٠ كه‌س له ساڵدا بووه و چه‌ند به‌رابه‌ری ئه‌م ژماره‌یه‌ش بریندار بوون و له‌كار كه‌وتوون. زۆربه‌ی بازگه سنوورییه‌كان له سه‌ڵماسه‌وه تا هه‌ورامان به‌تایبه‌ت بازگه‌كانی شارستانی پیرانشار، سه‌رده‌شت، بانه و مه‌ریوان شوێنی تێپه‌ڕینی ژنان و پیاوان، لاوان و ته‌نانه‌ت منداڵانێكن كه بۆ وه‌ده‌سهێنانی بژێوی ژیانیان له‌گه‌ڵ مه‌رگ له كایه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌دان.
جۆراوجۆربوون و به‌رینایی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه ده‌ست ده‌ده‌نه كۆڵبه‌ری، خۆی نیشانه‌ی قووڵ بوونی قه‌یرانی بێكاری له كوردستانه. كرێكارانی كۆچبه‌ر كه به‌هۆی نه‌خۆشیی كۆرۆنا و داخرانی شیركه‌ته‌كان چیتر وه‌ك ڕابردوو ناچنه ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ڕوو ده‌كه‌نه كۆڵبه‌ری؛ خوێندكارانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆ كه دانامه‌زرێن؛ ژنانێك كه نانده‌رهێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی خۆیانن؛ كچانێك كه برایه‌كیان له ماڵێ‌دا نییه؛ نه‌خۆشانێك كه بۆ دابین كردنی هه‌زینه‌ی ژیان و خه‌رجی كه‌مه‌رشكێنی ده‌رمان و دكتور ناچار بوون كۆڵبه‌ری بكه‌ن؛ زه‌حمه‌تكێشانی ناوچه سنوورییه‌كان كه بێجگه‌له میلیتاریزم و مین چاندن هیچ پشتیوانییه‌كیان له لایه‌ن ڕژیمه‌وه نه‌بینیوه؛ به‌ساڵاچووانێك كه نه مووچه‌ی خانه‌نشینیان هه‌یه و نه بیمه‌ی بێكاری؛ هه‌ر هه‌موویان به‌ناچار ڕوویان كردووه‌ته كۆڵبه‌ری.
كۆڵبه‌ران له لایه‌ن چه‌ند توێژه‌وه زوڵمیان لێده‌كرێت كه بریتین له: ڕژیمی كۆماری ئسیلامی، بازرگانان كه به هیچ یاسایه‌كی كار و مافی ئینسان پێبه‌ند نین، ده‌ڵاڵانی بازاڕ كه به‌شێك له سوودی گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان ده‌به‌ن و هێندێك حیزب و لایه‌نی سیاسی كه جاروباره ده‌ست ده‌ده‌نه باجگیری له هه‌ر دووبه‌ری سنووره‌كان. هه‌ڵسووكه‌وتی هێزه نیزامی و ئه‌منییه‌كانی ڕژیم له‌گه‌ڵ كۆڵبه‌رانی كوردستان نموونه‌ی كرده‌وه و هه‌ڵسووكه‌وتی هێزێكی داگیركه‌ره كه ئاگاهانه و به‌قه‌سدی كوشت ته‌قه له كۆڵبه‌ران ده‌كه‌ن، سه‌رمایه و كاڵاكانیان لێ تاڵان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌سب و قاترهكانیان لێ ده‌كوژن.
به به‌شێكی چكۆله له بوودجه و هه‌زینه‌ی سه‌ركوت و تیرۆری كۆماری ئیسلامی ده‌كرێ كاری ئه‌من و گونجاو بۆ كۆڵبه‌ران دابین بكرێت و تراژێدیی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك له كوردستان واته كۆڵبه‌ری بۆ هه‌میشه كۆتایی پێبێت. ئه‌مڕۆ له‌ئاستی دنیادا نه ته‌نیا له وڵاتانی پێشكه‌توو، نه ته‌نیا له وڵاتانێك كه كرێكاران لانیكهمی حه‌قده‌ست و ئه‌منییه‌تیان هه‌یه، به‌ڵكوو له زۆر به‌شی جیهان ملیۆنان تۆن كاڵا له ڕۆژدا ده‌گوازرێته‌وه، به بێ ئه‌وه‌یكه كه‌س ناچار بێت له دژوارترین و نائه‌منترین باروودۆخی ژیان و كاردا و له‌ژێر ده‌ستڕێژی گولـله و به‌سه‌ر مه‌یدانی میندا، كاڵاكان به كۆڵه‌وه بگرێ و له‌و بهروهوه بیگه‌یه‌نێته ئه‌وبه‌ری سنووره‌كان.
پانتایی هه‌ژاری و بێكاری له كوردستان تا ڕاده‌یه‌كه، كه ته‌نانه‌ت وه‌ها مهترسیگهلێكی ئاشكرا كه به‌رده‌وام بۆ ئه‌م زه‌حمه‌تكێشانه له بۆسه دایه، ئه‌وان له كۆڵبه‌ری پاشگه‌ز ناكات.
كوشتنی كۆڵبه‌ران نابێ ببێته هه‌واڵێكی ڕووتین و ئاسایی و ته‌نیا شایه‌دی زیادبوونی ڕه‌قه‌مێك به مه‌رگی دڵته‌زێنی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تێكش بین. كۆڵبه‌ر یه‌ك ئینسانه، باوك، هاوسه‌ر و نان ده‌رهێنه‌ری بنه‌ماڵه‌یه‌كه. كۆڵبه‌ر، برا، منداڵ، خاڵ، مام، هاوڕێ و جیرانه. كۆڵبه‌ر هێندێك جار دایك، هاوسه‌ر، خوشك و نانده‌رهێنه‌ری بنه‌ماڵه‌یه كه هاوسه‌رێكی نه‌خۆشی هه‌یه و یان به‌هۆی جیابوونه‌وه و یان مه‌رگ، دایك ته‌نیا دابینكه‌ری بژێوی بنه‌ماڵه‌یه.
خه‌بات بۆ دابین كردنی كار یان بیمه‌ی بێكاری، پێداویستییه‌كی خێرای خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش له گشت ئێران و له‌وانه له كوردستانه. به‌ڵام تا كاتێك كه خه‌ڵكی بێكار مه‌جبوورن ده‌ست بده‌نه وه‌ها كارگه‌لێكی پڕمه‌ترسی، پێویسته ڕژیم ناچار بكرێ كه ده‌ست له تاڵان كردن و كوشتن‌یان هه‌ڵگرێ. پێویسته به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی شاره سنوورییه‌كانی كوردستان، ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان دژبه جهنایاتی ڕژیم له سنووره‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه و ڕێگه نه‌ده‌ن ڕژیمی ئیسلامی له‌وه زیاتر ئه‌و مرۆڤه زه‌حمه‌تكێشانه‌ی كه بۆ دابین كردنی ژیانێكی مه‌مره و مه‌ژی ده‌ست ده‌ده‌نه وه‌ها كارێكی پڕمه‌ترسی، به‌مجۆره دڕندانه قوربانی بكات. دیفاع له كۆڵبه‌ران و مافی ئینسان، دادگایی كردنی هۆكار و بڕیارده‌رانی ته‌قه‌كردن له كۆڵبه‌ران، دابین كردنی خه‌ساره‌ت و هه‌زینه‌ی ده‌رمانی كۆڵبه‌رانی بریندار، به واتای دیفاع له حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی ئینسان و ناڕه‌زایه‌تی دژبه جهنایاتی حكوومه‌تی ئیسلامی له ناوچه سنوورییه‌كانی كوردستانه.