کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دیسانیش کارەساتێکی دیکە لە دەریای مەدیتەرانەدا

ر هەواڵی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە رۆژی یەکشەممە ٩ ی مانگی جۆزردان بەهۆی ئاوەژو بوونەوە و نوقم بوونی سێ بەلەمی هەڵگەری پەنابەران لانیکەم ئەگەری نوقم بوونی ٧٠٠ پەنابەر لە رێگای تێپەڕ بوون بە دەریای مەدیتەرانەدا لە باکوری ئافریقاوە بەرەو کەنارەکانی ئوروپا لەئارادایە. سازمانێکی یارمەتی گەیاندن بە ناوی ” منداڵان ڕزگار بکەن” باس لە نوقم بوونی بەلەمی چوارەم دەکات بە نزیکەی ٤٠٠ سەرنشینەوە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەرەتای ئەمساڵی زاینیەوە تا ئێستا هەزار و ٥٠٠ کەس تەنیا لە رێگای لیبی بەرەو ئیتالیادا گیانیان لەدەست داوە.ئەمرۆ ئیتر نوقم بوونی پەنابەران لە دەریای مەدیتەرانە بۆتە رووداوێکی رۆژانە. ژمارەی ئەو ئینسانانەی کە تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە مەسیرە جۆراو جۆرەکانی دەریای مەدیتەرانەدا نوقم بوون زیاتر لە 5 هەزار کەسە.یەکێتی ئوروپا بۆ بەرگرتن لە چوونی پەنابەران، کۆمەڵێک ” ڕێگا چارەی” گرتوەتە پێش کە یەک لە یەک دژی ئینسانی ترن کە بریتین لە:یەکەم، گێڕانەوەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتانەی کە لێیەوە هاتوون. زیاتر لە ٩٠ لەسەدی پەنابەران لە ناوچە شەڕ لێدراوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقاوە دێن. ئەوان لە وڵاتەکانیشیاندا ئاوارە و بێ سەرپەنان. گێڕانەوەیان یانی سەرلەنوێ کردنیان بە گەرووی مەرگدا. ئایا وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری و لەوانە دەوڵەتانی ئوروپایی دەتوانن بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرانبەر بەرپا کردنی شەڕە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە هیچ شوێنێکی دنیا و لەوانە لە خاوەرمیانە و ئافریقا کە بۆتە هۆکاری ئەم ئاوارە بوونە ڕەد بکەنەوە؟ ئیعتیڕافی ئۆباما سەرۆک کۆماری ئامریکا سەبارەت بە هەڵەکانی دەوڵەتەکەی لە لیبی لەبیر کەس نەچۆتەوە. گەندەڵیەکانی دەوڵەتی فەرانسە لە دەورەی سارکۆزی سەرۆک کۆماری پێشودا، لە پێوەند لەگەڵ وەرگرتنی ڕشوەی کەڵان لە قەزافی حاکمی ئەو کاتی لیبی، هێشتا بەسەر زارانەوەیە. دەوڵەتی فەرانسە و باقی دەوڵەتانی تری ئوروپایی لەترسی قوڵ بوونەوەی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە لە لیبی و لە باقی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکوری ئافریقا، ئاگاهانە هەوڵیان ئەدا تا بارودۆخێکی جەنگی بەسەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنن و لەم ڕێگایەوە بەر بە روودان و یان بە ئاکام گەیشتنی ئەو شۆڕشە خەڵکیانەی، بەرژەوەندیەکانیان دەخاتە مەترسیەوە، بگرن. ئیستعمارگەرانی ئوروپایی تا توانیان سەروەتە سروشتیەکانی ئافریقایان تاڵان کرد و پاشان و لەدوای خۆیان بە دەیان خەسار و بەڵای کۆمەڵایەتی و ناکۆکی قەومی و قەبیلەیی و مەزهەبیان جێهێشت. تا توانیان لە سەمەرەی کاری هەرزانی ئەوان لە وڵاتانی ئوروپاییدا سەروەت و سەرمایەیان کەڵەکە کرد، بەڵام دەوڵەتەکانی ئەمرۆیان، کە لەسەر سەروەت و دەسەڵاتی ئیستعمارگەرانەی دەورەکانی ڕابردوو پاڵکەوتون، لە بەرانبەر بارودۆخێکی فەلاکەتباردا کە بەسەر ژیانی ئەم خەڵکەیاندا سەپاندوە، هیچ بەرپرسیاریەک قەبوڵ ناکەن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هێشتاش لێشاوی سەروەتی خەڵکی ئەم قارەیە بەرەو ئوروپا لەڕێدایە. ئەگەر تەنانەت قەبوڵی بکەین کە پەنابەرانی ئافریقایی لە دەست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری هەڵدێن و بەشوێن کار و ژیانێکی باشترەوەن، دیسانیش پرسیار ئەوەیە کە کێن ئەوانەی ئافریقایان تاڵان کرد و بە دواکەوتویی ڕایانگرتوە و لە داوی برسیەتی و گەلێک نەخۆشی دژواردا وێڵیان کردوە. سەبەبکاری کوشتارە ملیۆنیەکان لە ئەلجەزایر و شوێنەکانی تر، کام لە دەوڵەت و حیزبە سیاسیەکانیان بوون؟ مەگەر بێجگە لەوەیە کە هەر ئەوانەن ئەمرۆش لە دەسەڵاتدان؟ ئایا ئەوان هەر ئێستاش خەریکی بەهرەکێشی خۆیان نین لەم قاڕە هەمیشە برسی و فەلاکەت لێدراوەدا؟724
دووهەم، توند بوونەوەی سیاسەتە دژی پەنابەریەکان لە وڵاتانی ئوروپاییدا. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە پەسند کرانی یەک لە دوای یەکی قانونی دژی پەنابەری لە ئوروپا تەنیا داوێنگیری پەنابەران نابێت. ئەم قانون و سیاسەتانە لە هەمانحاڵدا ئەو وڵاتانە لە باری ئەخلاقیشەوە بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە. ئەم ئاڕاستە گرتنە ڕێگا بۆ بە دەسەڵات گەیشتنی ئەحزابی دەستە ڕاستی تر خۆش دەکات. بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم حیزبانە بە واتای ئەوەیە کە لە هەنگاوەکانی دواییدا هێرش دەکرێتەسەر هەموو ئەو دەستکەوتە پێشڕەو و ئینسانانەی کە لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیەکاندا لە ماوەی ساڵانێک خەباتی چینی کرێکاردا بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاندویەتی ،وەربگیرێتەوە کە ئەم هێرشەش لە ئێستاوە دەستی پێکردوە. نمونەی ئەم هێرشەش لە فەڕانسە لە لایەحەی گۆڕینی قانونی کاردا دەبینین.

سێهەم، داخستنی سنورەکان و بەرتەسک کردنەوەی عەمەلیاتی ڕزگار کردنی دەریایی بەو ئیستدلالەی کە ئەم خزمەتگوزاریانە دەبنە هاندەری هاتنی کۆچبەری زیاتر. یەکێتی ئوروپا لەسەر بنەمای قەرارێکی تەوافوق لەسەر کراو و ڕەسمی بڕیاری داوە کە عەمەلیاتی ڕزگار کردنی پەنابەران بەرتەسک بکاتەوە. گومانێک لە دژی ئینسانی و جەنایەتکارانە بوونی ئەم ئیستدلال و سیاسەتەدا نییە. ناوگانە دەریایی و ئاسمانیەکانی ئوروپا تەیار بە پێشکەوتو ترین تێکنولۆژی ئەم سەردەمە، دەتوانن کۆنترۆڵی بست بە بستی دەریای مەدیتەرانە بکەن. ئەوان دەتوانن کە هەموو بەلەمێک لە خاڵی حەرەکەتیەوە تا گەیشتن بە مەقسەد بە وردی چاودێری بکەن و بەر لەوەی کە ئەم بەلەمانە بکەونە مەترسی نوقم بوونەوە، بچن بۆ ڕزگار کردنیان. بەڵام ئەوان ئاگاهانە و بە ئانقەست ئەم تواناییە بۆ ڕزگار کردنی پەنابەران بەکار نا‌ێنن.

دەوڵەتانی ئوروپایی لە بەرانبەر گیانی هەزاران ئینساندا کە لە ڕێگای مەدیتەرانەوە بەرەو ئوروپا دەچن ، بەرپرسیارن. ئەوان دەتوانن نەیەڵن تەنانەت یەک بەلەمیش ئاوەژوو بێتەوە و تاقە پەنابەرێکێش بخنکێت. لە بەرانبەر سیاسەتە دژی ئینسانیەکانی دەوڵەتانی ئوروپاییدا دەبێ خۆراگری بکرێت. بزوتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ پەنابەران و ڕیزی ئەو ئینسانانەی کە لە ئوروپا بە ئامێزی کراوە پێشوازیان لە پەنابەران کرد و لە بەرانبەر قانونی پارێزگاری کردن لە سنورەکاندا دروشمی پارێزگاری لە پەنابرانیان بەرز کردەوە، نیشانی ئەدات کە ئینسانیەت لە ئوروپا زیندوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah