کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دژایه‌تی ئاشكرای ده‌سه‌ڵاتی قه‌زایی دژ به‌ كرێكاران و له‌ خه‌زمه‌ت به‌ سه‌رمایه‌داران

حەفەتەی ڕابردو دوو هەواڵ سەبارەت بە محاکەمە و گرتنی ئەو کرێکارانەی کە لە نارەزایەتیە کرێکاراندا بەشداریان کردبوو بڵاو بۆوە. هەواڵی یەکەم ڕاگەیاندنی بەڕێوچونی سێهەمین جەلەسەی دادگایی کرانی ٧ کەس لە کرێکارانی ناڕازی ” مەعدەنی بەردی ئاسنی بافق” لە ٢٣ ی ئەم مانگدا و ئەویتر سەبارەت بە گیرانی ١٠ کەس لە کرێکارانی ” موجتەمەعی مسی می دوک” و ئازاد کرانیان بە قەراری وەسیقە بوو. هەر لەم پێوەندیەدا دوێنێ ٣ کەس لە هەڵسوڕاوانی قەدیمی بزوتنەوەی کرێکاری لەوانە ” عەلی پیچگاه”، نوێنەری پێشوی کرێکارانی شیرکەتی نەوت، ” موڕتەزا ئەفشاری” نوێنەری پێشوی چاپخانەکانی تاران عەلی موبارەکی”، نوێنەری پێشوی سەندیکای پڕۆژەیی ئابادان لە بانگەوازێکدا، خوازیاری داخرانی پەروەندی قەزایی ٢٨ کەس لە کرێکارانی موجتەمەعی مسی خاتون ئاباد و گەڕانەوەیان بۆسەر کارەکانیان بوون.688

 ئەم هەڵسوڕاوانە لە سەرودەمی گیرانی کرێکارانی خاتون ئابادیشدا کەمپەینێکیان بو ئازاد کرانیان ڕاگەیاندبوو. ژمارەی ٢٨ کرێکاری دەرکراوی موجتەمەعی مسی خاتون ئاباد لە ئوستانی کرمان کە رۆژی ٦ ی ڕێبەندانی ٩٤ به‌دوای ناڕەزایەتیەکی کرێکاریدا گیران، پاش په‌ره‌ئه‌ستاندنی ناڕەزایەتییه‌ نێوخۆییه‌كان لە ئێران و هەروەها بە پێداگری نێونەتەوەیی لەوانە نامەی دەبیری کوللی یەکێتیە جیهانیەکانی پیشەسازی بۆ دەوڵەتی ئێران، ئازاد کران. بەڵام پەروەندەکانیان دانەخراون و نەشگەڕیندراونەتەوە بۆسەر کارەکانیان. سەرجەمی ئەم کرێکارانە بەدوای ناڕەزایەتیەکی کرێکاریدا بۆ دەستەبەر کردنی ویست و داخوازیەکانیان بازداشت، دادگایی و یان بە دانانی وەسیقە ئازاد دەکرێن. لە سەرجەمی ئەم حاڵەتانەدا پێی قوەی قەزاییە لە گۆڕیدایە و یەکێک لە لایه‌نی شكایه‌ت له‌ کرێکارەکان دەزگایی قەزاییە.
ئەگەرچی ئەم روووداوە بەرپرسیاریەتی خاوەنکاران و مودیرانی ئەو شیرکەتانەی کە دژی کرێکاران و دژایه‌تیان ده‌كه‌ن و خۆیان لە شاکیانی تایبەتی کرێکارەکانن کەم ناکاتەوە، بەڵام شاکی بوونی دەزگای قەزایی لە پەروەندەی کرێکاراندا درێژەی ڕەوتێکە لەم ساڵانەی دواییدا گەلێک جار رووییداوە.
لە جەریانی ناڕەزایەتی کرێکارانی پیتروشیمی بەندەر خومەینیدا، دادگوستەری ئەهواز بەخشنامەیەکی سەبارەت بە مەمنوعیەتی هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەکی کرێکاری دەرکرد و کرێکارانی لە چارەسەر کردنی ناکۆکیەکانیان لەگەڵ خاوەنکاران راپێچی دادگا گشتیەکان كرد. پرسیار لێرەدایە بۆچی وێرای سەرکوتی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لە لایەن دەزگای قەزایی و ئەمنیەتی و هێزە تایبەتەکانەوە لە شوێنی بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیەکاندا، بەڵام، پێی دەزگای قەزایی ڕژیم لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر بۆنێو پەروەندەی ناڕەزایەتی کرێکاران کراوەتەوە؟
وڵامی ئەم پرسیارە بەبێ لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی ئێستای ئێران، قەیرانی قوڵی ئابووری ڕژیم، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، ڕێگا چارەکانی ڕژیم بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم قەیرانەدا نادرێتەوە. ڕژیم بۆ کەم کردنەوەی ئاسەوارەکانی قەیران و پاراستنی مەوجودیەتی خۆی ڕێگا چارەیەکی بێجگە لە گرتنەپێشی ئیستراتیژی چۆکدادان لەبەرانبەر رۆژئاوادا بە قیمەتی شکاندنەوەی باری قەیرانەکە بەسەرشانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا بە پشت بەستن بە سەرکوت لەبەردەمدا نییە. باڵەکانی حاکمیەت سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکیانەی کە سەبارەت بە گرتنەپێشی ئەم ئیستراتیژیە هەیانبێت، بەڵام لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی کرێکاران و خۆڕاگرییان لە بەرانبەردرێژەی داسەپاندنی ئەم ژیانە فەلاکەتبارەدا یەکگرتوون. به‌م هۆیه‌وه‌و لەهەر ئامرازێک کە کارایی کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتی کرێکارانی هەبێت کەڵک وەردەگرن. لە بارودۆخی ئێستادا و بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە پەیوەست بوون بە بازاڕی جیهانیەوە و قەبوڵ کردنی هێندێک لە یاسا نێونەتەوەییەکان یەکێک لە پێویستیەکانی کوللی نیزامە، کردنی ناڕەزایەتی کرێکاری بە تاوانی ئەمنیەتی بەیەکێک لە سیاسەتەکانی ڕژیم و دادگایی کردنی کرێکاران لە دادگاکاندا بۆتە ڕەوتێکی روو لە گەشە و پێی ده‌سه‌ڵاتی قەزایی لە دادگایی کرانی کرێکاراندا زیاتر لە هەموو کاتیتر بەرچاو دەکەوێت. ڕژیم وێڕای بەکارهێنانی ئامرازی سەرکوتی ڕاستەوخۆ بۆ کۆنترۆڵ کردنی خەباتی کرێکاران، یاسا دژی کرێکاریەکانیشی بە یارمەتی قوەی قەزاییە چالاکانە تر لە ڕابردوو بەکارهێناوە.

لە بارودۆخێکدا کە چینی کرێکار بۆ مانەوە و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی ڕێگایەکی بێجگە لە خەبات لەبەردەمدا نییە، لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم لە دەیەی ٦٠ بەملاوە توندترین ئامرازەکانی سەرکوتی لەدژی کرێکاران و خەباتی کرێکاری بەکارهێناوە، لە بارودۆخێکدا کە چینی کرێکار سەرەڕای ساڵانێکی دوورو درێژه له‌‌ سەرکوت و هەموو دژواریەکانی ژیان، بۆ ساتێکیش دەستی لە خەبات لەدژی ئەم ڕژیمە هەڵنەگرتەوە و رۆژانە لە گۆشەیەکی ئێراندا و لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا شاهیدی ناڕەزایەتی کرێکارین و شمشیر لە کالان دەرکێشانی قوەی قەزاییە گومانی تێدا نییە کە ناتوانی چینی کرێکار لە بەدوادا چوونی ویست و داواکاریەکانی پاشگەز بکاتەوە.

دیاردەکان و ڕەوتی خەباتی ئێستای کرێکاران نیشانی ئەدات کە هەوڵی ڕژیم و دەزگا قەزاییەکەی بۆ دروست کردنی ترس و وەحشەت لەم ڕێگایەوە هەولێکی بێ سەمەرە. ئەگەر ساڵی ٩٥ بۆ خامنەیی و دەوڵەتی رۆحانی و دەزگا قەزاییەکەی ساڵی داسەپاندنی ژیانێکی فەلاکەتبار لەژێر ناوی ئابووری مقاومەتیدایە بەسەر کرێکاراندا، بۆ کرێکاران، ساڵی پەرەسەندنی خۆڕاگری و خەبات دەبێت لەدژی ئەم ئیستراتیژیە دژی کرێکاریە. هەرچی ناکۆکی باڵەکانی ڕژیم زیاتر دەبێت بێتواناییان بۆ سەرکوتی چینی کرێکار ئاشکراتر دەردەکەوێت. چینی کرێکار لەم شەڕەدا ڕێگایەکی بێجگە لە خەبات و دۆزینەوەی ئامراز و میکانیزمەکانی بەرەوپێش بردنی لەبەردەمدا نییە. قوڵایی نیگەرانی ڕژیمیش لێرەدایە.