کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دوو ئاڵوگۆڕ لەدوو ئاڕاستەی جیاوازدا

download

  ساڵی ٢٠٢٢ کۆتاییهات. لەم ساڵەدا گۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی گرنگ لە دنیادا ڕوویاندا، بەڵام لەم نێوانەدا دوانیان هەرکامە و بە ئاڕاستەیەکدا کاریگەری گەورە و گرنگی لەسەر دنیای ئەمرۆ دانا. شەڕی کونەپەرستانەی ئۆکڕاین و ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران.

شەڕی ئۆکڕاین بە هێرشی نیزامی ئیمپڕیالیزمی ڕوسیە لە رۆژی ٢٤ ی مانگی فوریەی ٢٠٢٢ ی زاینی، بەرابەر لەگەڵ ٥ ی مانگی ڕەشمەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، دەستی پێکرد. وێڕای مەحکومکردنی دەستدرێژی ڕوسیە دەبێ ئەوە بڵێی کە بوارەکانی ئەم شەڕە لەلایەن ئیمپڕیالیزمی ئامریکاوە لە ڕێگای سیاسەتی پەرەدان بە ڕێکخراوی ئاتلانتیکی شومالی( ناتۆ) بەرەو نزیک سنورەکانی ڕوسیە لە ٢٠١٤ بەم لاوە بەرەبەرە خۆش کرا. ڕاگەیاندنی گەڵاڵەی تەمایولی حکومەتی ویلادیمیر زلنسکی لە ئۆکڕاین بۆ پەیوەست بوون بە ناتۆ بیانوی هێرشی نیزامی دایە دەست پوتین. دەوڵەتی ڕوسیە بە جێگای پشت بەستن بە دژایەتی دەیان میلیۆنی خەڵک لەگەڵ تەرحی دەوڵەتی زلنسکی و ڕاگرتنی، پەنای بردە بەر هێرش و دەستدرێژی جەنگی.

شەڕی ئۆکڕاین بوو بە هۆی ئەوە کە بە هەزاران کەس لەو وڵاتە و لە خودی روسیەش بکوژرێن، بریندار و یان کەمئەندام بن.ئەم شەڕە وێرانیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەملیۆن کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتەی ئاوارە کرد. بە سەدان ملیۆن کەسیش لە دنیادا لەبەر گرانی و بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان و تەوەڕومی سەرچاوەگرتو لێیەوە، بەتایبەت لەبواری سوتەمەنی، مادەی خۆراکی، و کەشاوەرزیزیانیان بەرکەوت. ئەم شەڕە بوو بەهۆی بەرهەمهاتنی قەبارەیەکی گەورە لە تەبلیغاتی درۆینە و ئاوەژووکراو لەلایەن دەوڵەتەکانی ڕوسیە، ئۆکڕاین، ئامریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئوروپاوە و هەلی بۆ سەرانی ئەم دەوڵەتانە ڕەخساند تا ڕیشەی موسیبەتەکانی سەرچاوەگرتوو لە نیزامی سەرمایەداری و شێوەی حوکمڕانی خۆیان بشارنەوە. ئەم شەڕە بۆ ئەندامانی کابینەکانی ڕوسیە و ئۆکڕاین ئەو دەرفەتەی فەراهەم کرد تا مافی دیموکڕاتیکی هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، کرێکاران و گوروپەکانی دژی شەڕ و ئازادیخواز زیاتر لە پێشوو پێشێل بکەن.

ساڵی ڕابردو لە بەرانبەر شەڕی موسیبەتبار و کۆنەپەرستانەی ئۆکڕایندا کە دەیتوانی هەموو هیوایەک بە باشتربوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەنێو بەرێت شۆڕشی هیوابەخش و ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران ڕوویدا. ئەم شۆڕشە کە ١٥ ی دیسامبر بەرانبەر لەگەڵ ٢٦ ی مانگی خرمانان دەستیپێکرد و ئێستاش بەردەوامە، بە دروشمی ڕزگاری بەخشیژن، ژیان، ئازادیڕێگای هیوادار بوون بە ئاڵوگۆڕی بۆ سەدان ملیۆن لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستی دنیادا کردەوە. ئەمانە خەڵکانێکن کە بە تایبەت لە دەیەی ٧٠ ی زاینی بەم لاوە لەژێر هێرشی وەحشیانە و ڕوو لە زیادبوونی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی پشتیوانیاندا بۆسەر ئاستی بەڕێچوون و مافە دیموکراتیکەکانیان و موسیبەتگەلی وەک کەوتنە مەترسی ژیانکردن لەسەر گۆی زەوی و ویروسی مەترسیداری کوڕۆنادا بوون. هەر لەبەر ئەمە ژمارەیەکی بەرچاو لە شارۆمەندانی وڵاتانی جۆراوجۆر و کرێکارانی کۆچبەر و پەنابەری ئێرانی دانیشتوی ئەو وڵاتانە بە خۆپیشاندان، کۆبوونەوە، خوڵقاندنی بەرهەمی هونەری بەرین و ڕادەربڕینی ئاوێتە بە هاودەردی، هاتنە پشتی و پێشوازیان لێکرد. ئەوان لەم شۆرشەدا ڕزگاربوون لەدەست ئیسلامی سیاسی موسیبەت ئافەرین، دابینبوونی ژیانێکی پڕ لە ڕیفاه و ئاوێتە بە شکۆ و کەرامەت، ڕزگاربوون لە ئیستبدادی دینی و خاتیمەدان بە نایەکسانییە جنسیەتی، دارایی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و هیدیکەیان دۆزیەوە.

ڕێژەی پێشوازی لە شۆڕشی خەڵکی ئێران لە دەروەی وڵات گەلێک گەورە و بەرین، پڕ ئەژمار و بە شێوەی مێژوویی بێوێنە بووە. دوو نموونەی بەرچاوی ئەم شانۆی هێزی خەڵکە بریتی بوون لە: لە ٩ ی مانگی ڕەزبەر بەرانبەر لەگەڵ یەکەمی ئۆتۆبری ٢٠٢٢، دانیشتوانی ئێرانی و شارۆمەندانی پێشڕەو لە ١٥١ شار لە ٢٢ وڵاتی دنیا بە خۆپیشاندانی گەلێک شکۆدار پشتیوانیان لە شۆڕشی خەڵکی ئێران کرد و بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی نەفرەت و بێزاریان نیشاندا.

رۆژی شەممە ٣٠ مانگی ڕەزبەر، بەرابەر لەگەڵ ٢٢ ی مانگی ئۆکتۆبر سەد هەزار کەس لە ئێرانیەکان و ژمارەیەک لە خەڵکی پێشڕەوی ئاڵمان لە بێڕلین، پێتەختی ئاڵمان، خۆپیشاندانێکی زۆر شکۆداریان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بەڕێوەبرد. گەلێک هەواڵنێر و بڵاوکراوەی دنیا ئەویان وەک خۆپیشاندانێکی گەورە ناوبرد.

بە دەیان هونەرمەند، ئەندامانی پارلمان و بیرمەند لە ئوروپا، کانادا و ئوسترالیا، بە شێوەی جۆراو جۆر پشتیوانیان لە شۆڕشی خەڵکی ئێران کرد وەک دیاردەیەکی مودێڕن و جیهانی.

  ئسلاوی ژیژەک فیلسوفی ناودار نووسی:” ناڕەزایەتیە بەرینەکان لە ئێران گرنگی مێژویی جیهانیان هەیە لەبەر ئەوەی خەبات لەدژی ستەم لەسەر ژنان، ستەمی مەزهەبی و تیرۆریزمی دەوڵەتی لە وەحدەتێکی ئۆرگانیکدا ئاوێتەی یەکتر دەکات“.

بە نەفرەت کردن لە شەڕێکی ئیمپڕیالیستی کە دنیای ئێمەی بۆ دانیشوانی نائەمن کردوە و بە هیوا بە سەرکەوتنی شۆڕشی ژینا کە ئاسۆیەکی ڕوونی بەڕووی ئێمەدا کردۆتەوە، ساڵی ٢٠٢٣ دەست پێدەکەین.