کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دووبارە دێینەوە سەر شەقام دیسانیش دەربارەی بزووتنەوەی مامۆستایان

photo 2022 01 30 11 01 03

دووبارە دێینەوە سەر شەقام

دیسانیش دەربارەی بزووتنەوەی مامۆستایان

دۆینێ شەممە ٩ی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٠ ئاکسیۆنێکی سێ ڕۆژەی مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو دەستیپێکرد. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان، بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی ژانویە، ڕووبە مامۆستایان بانگهێشتێکی دەرکرد. ئەم بانگهێشتە لە ناڕەزایەتی دژبە بایەخ نەدانی دەسەڵات بە داخوازیی مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو، خزمەتگوزار و ئیداری درایە دەر. شۆرا بۆ ٣ ڕۆژ ناڕەزایەتی، سەرەتا بەشێوەی کۆبوونەوە و مانگرتن بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە مەدرەسەکان لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٩ و ١٠ی ڕێبەندان و یەک ڕۆژ کۆبوونەوەی سەرتاسەری لە ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان بانگهێشتی دا. ئەم بانگهێشێتە، لە ٩ خاڵدا ناڕەزایەتیی مامۆستایانی گونجاندووە کە بریتین لە:

١_ بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی هاوسانسازیی خانەنشینکراوان

٢_ ناردنەوەی ڕێزبەندی لە لایەن شۆرای نیگەهبانەوە بۆ مەجلیس بەئامانجی بەڕێوەنەچوونی

٣_ فەرامۆش کردنی ماددەی ٦٤ی یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوازاریی وڵات

٤_ نەبوونی پەروەردەی بێبەرامبەر و بایەخ نەدان بە ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی

٥_ نەدرانی پاداشتنی کۆتایی خزمەتی ساڵی ١٤٠٠

٦_ دانەمەزرانی مامۆستایانی خەریدخەدەماتیی ئامووزشی

٧_ زوڵمکردنی چەند بەرابەر لە هێزی خزمەتگوزاری

٨_ تاڵانکردنی سەرمایەی مامۆستایان لە سندووقی پاشەکەوت

٩_ زیندانی کردن و دەرکردنی مامۆستایانی چالاک و هەڵسووڕاوانی پیشەیی

شۆرا هەینی ٨ی ڕێبەندان ڕاگەیەندراوێکی تەکمیلیی لە چەند بەنددا بڵاوکردەوە. لە بەندی یەکەمدا داوا لە مامۆستایان کرا  کە لە شوێنەکانی کاری خۆیان حازر بن و بە گرتنی فیلم و وێنە نیشانی بدەن کە نەچوونە سەر کلاسەکان. لە وڵام بە بانگهێشت و ڕاگەیەندراوەکەی شۆرا، ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی ڕێبەندان دەیان هەزار مامۆستا لە ٢٠٠ شار و ناوچەوە لەم کۆبوونەوە شکۆدارەدا بەشدارییان کرد. محەممەد حەبیبی، وتەبێژی ناوەندی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، کە ئەم هەواڵەی لە تویتێرەکەی خۆیدا باس کردووە، وەبیری هێناوەتەوە کە سبەینێ مانگرتنی مامۆستایان درێژەی دەبێت و ڕۆژی دووشەممە کۆوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە بەرامبەر مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و ئیداراتی ئامووزش و پەروەرشی شارستانەکان بەڕێوەدەچێت.

شەپۆلی بەرینی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە لە درێژەی قۆناغی تازەی ئەو ئاکسیۆنە بەرینانەدا ڕوویان داوە کە ژنان و پیاوانی کرێکار، مامۆستایان، کارمەندانی بەشە جۆراوجۆرەکان و خانەنشینکراوانی مووچەگریسازمانی تەئمینی ئیجتماعیلە ساڵی ١٣٩٨وە بەرەو ئەملا ئەنجامیان داوە. بەپێی ئامارەکانی خودی ڕژیم تەنیا لەمساڵدا دوو هەزار و ٤١٠ مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە سەرتاسەری ئێران ئەنجام دراوە. تەنیا لە مانگی بەفرانباردا ٢٣٠ ناڕەزایەتی و مانگرتن لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران بەڕێوەچوون. ئەحمەد تەوەکۆلی، ئەندامی پێشووی پارلەمان و ئەندامی ئێستایمەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزاموتوویەتی کە:

نابێ خۆمان فریو بدەین. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ئاستی متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتەکەمان هیچکات ئەوەندە نزم نەبووە.”

کۆماری داماوی ئیسلامی هیچ ڕێگاچارەیەکی واقعیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێو و سیاسیی خەڵک نییە. هەربۆیە بێجگەلە دووبەرەکی نانەوە، دانی وادە و بەڵێنی بێ ناوەرۆک، هەڕەشەکردن و هێنانەگۆڕی گەڵاڵەی بێزەمانەت، دەستی داوەتە هێرشی بێبەزەیانە بۆسەر ڕیزی ناڕازیان و دەستبەسەرکردنی سەدان کەس و بڵاوکردنەوەی درۆ لە میدیا دەوڵەتییە سانسۆڕکراوەکان دژبە خەباتکاران و ناڕازیان. وڵامی ناڕازیان بە شانۆی بێناوەرۆک، هەڕەشە، سەرکوت و درۆ، خۆڕاگری بەرانبەر پۆلیس لەسەر شەقام و بەرینترکردن و ڕێکخسنی مانگرتن و ناڕەزایەتی و ڕاکێشانی هاوپشتی زیاتری کرێکاران و نەیارانی ڕژیم و ناڕازیانی ناو کۆمەڵ بووە. ژمارەیەک لە مامۆستایانی شیراز لە ٢٦ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٠، دادنامەیەکیان ڕوو بە دادستانی شیراز و لە ناڕەزایەتی بە ئەمنییەتی کردنەوەی کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە مامۆستایانی شیراز و باقیی شارستانەکانی ئۆستانی فارس بڵاوکردەوە، کە ئەمە ڕووحییەی خەباتکاری و خۆڕاگری بەباشی نیشان دەدات. ئەوان لە بەشێک لە دادنامەکەی خۆیاندا نووسییان:

” … سندووقی پاشەکەوتی مامۆستایان تا سندووقی خانەنشینکراوان بەتەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە تاڵان کراون، و یان بەخاتری نابەرپرسبوونی بەرین و گەندەڵی و ڕانتخۆریی فامیلی تا سەرلێواری نابووتی چوونلەو جێگەوە کە ئێوە بە ڕاگەیاندنی نایاسایی بوونی کۆبوونەوەی پیشەیی مامۆستایانی شیراز، ڕێگەتان داوە تا هێزە سەرەڕۆکان ماڵی مامۆستایان لە شەقامیموعەدەلی شیراز گەمارۆی نیزامی بدەن و لەگەڵ زۆرێک لە مامۆستایان، هەمووجۆرە هەڵسووکەوتێکی ناحەز و نادرووستیان بێت، بە پێویستمان زانی چەند خاڵێکی گرینگ بە ئاگاداریتان بگەیەنین.

ئێمە مامۆستایانی ناڕازی بە وەزعی ئێستا لە ئۆستانی فارس بۆ جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان دەبێت،حەتمەن دیسان دێینەوە سەر شەقام. ئەمجارەیان ئەگەر لەسەر هەر چوارڕایەکی سەربە شەقامی موعەدەل چوار تۆپتان دابەستبێ، تەنانەت ئەگەر هێزی دژەشۆڕشیش بەلێشاو ڕەوانەی شەقامی موعەدەل بکەن، دیسانیش هەر بەو قەڵەمەوە کە بەدەستمانەوەیە، دێینەوە مەیدان. ئەمجارەشیان دێینەوە بەڵام بەدەیان و بەسەدان و بەهەزاران کەس. ئیتر نە ترسێکمان لە دڵ دایە و نە لە گولـلەی تفەنگی وینسچێستێری ئەمریکایی، کە ڕەنگبێ بەکاری بێنن، دەترسێین. ئەمجارەیان ئەگەر تەنانەت شەقام و کۆڵانەکانی سەربە شەقامی موعەدەلتان مێنڕێژ کردبێت، لەگەڵ بنەماڵەکانمان لە ئاستێکی یەکجار بەرینتردا دێینەوە مەیدان.

ئەم ورە بەرزە لە بەستێنی ماددیی خەباتی گشت کرێکاران و ئازادیخوازانی چەند دەیەی ڕابردوو و کۆتایی حێکمەتی سیاسیی ڕژیمی سەرمایەداری و ئیسلامی داسەپاو بەسەر خەڵکی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم ورە بەرزە مژدەی ڕۆیشتنی ئێران بەرەو شۆڕشێک دەدات کە هەنگاوی یەکەمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە.