ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٧ی به‌فرانبار، شارومه‌ندێكی به‌لووچ له‌لایه‌ن لیباس شه‌خسییه‌كانی ڕژیم له ڕاسه‌ك كوژرا و چه‌كدارانی جه‌یشۆلعه‌دل هێرشیان كرده سه‌ر هێزه‌كانی سپای پاسداران و سێ كه‌سیان كوشت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه دوو منداڵی سووختبه‌ر به‌هۆی ڕووداوی هاتووچۆ له نێو ئاگردا سووتان و گیانیان له‌ده‌ستدا.
به‌پێی زانیارییه‌كان، ئۆتومبێلی شارومه‌ندێك به ناوی “سه‌عید ته‌باسیده” خه‌ڵكی گوندی كوچوی سه‌ر به شارستانی قه‌سرقه‌ند، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكوومه‌ته‌وه به‌بێ هۆكار دراوه‌ته به‌ر ده‌ستڕێژی گوله و ناوبراو ده‌ستبه‌جێ گیانی له‌ده‌ست داوه. له ڕووداوێكی دیكه‌دا، دوو سووختبه‌ری مێرمنداڵ به ناوه‌كانی “فه‌رزاد ئهولیازهی” ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ و “فه‌رهاد ئهولیازهی” ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ له شارستانی سه‌راوان، به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبیل و سووتان له نێو ئاگردا، گیانیان له‌ده‌ست داوه. هه‌روه‌ها له هێرشێكی چه‌كدارانی جه‌یشۆلعه‌دل بۆ سه‌ر ماشێنێكی سپای پاسداران له مێحوه‌ری خاش بۆ زاهیدان، سهرههنگێك به ناوی “حسێن عه‌لی جاودان فه‌ر” و دوو كه‌سی دیكه كوژراون.