ڕۆژی هه‌ینی ١٦ی مانگی خه‌رمانان، كۆنفڕانسێكی یه‌ك ڕۆژه به به‌شداری سه‌رانی وڵاتانی ڕووسییه، توركییه و كۆماری ئیسلامیی له شاری تاران له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئێدله‌بی سوورییه به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م كۆنفڕانسه له درێژه‌ی كۆنفڕانسه‌كانی ئاستانه و سووچی و ئانكارایه كه له‌ژێر ناوی “كۆنفڕانسی ئاشتی” به‌ڕێوه‌چووبوون. به‌ڵام ئه‌مجاره له‌وه‌ها سه‌ردێرێكیش خه‌به‌رێك نه‌بوو و هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی كه به‌راورد ده‌كرا له كۆنفڕانسی تاران به ئاشكرایی ده‌نگی شه‌ڕ و خوێنڕێژی و ئاواره‌یی ده‌بیسترا. هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تانی سوورییه، ڕووسییه و ئێران بۆ بۆمباران و تۆپباران كردنی ئێدله‌ب و چڕبوونه‌وه‌ی زیاتری هێز و جێگیر كردنی كه‌ره‌سته‌ی نیزامی له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، نیشانی دا كه به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفڕانسی تاران نه له ڕاستای دیتنه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌كی سیاسیی، به‌ڵكوو له‌سه‌ر چۆنییه‌تی سازكردنی شه‌ڕ و به‌ره‌وپێش بردنی شه‌ڕێكی ته‌واو عه‌یاره. هاوكات له‌گه‌ڵ دانیشتنی تاران و به‌مه‌به‌ستی پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی، له‌سه‌ر داواكاری ئه‌مریكا دانیشتنی نائاسایی شوڕای ئاسایشی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ سوورییه به‌ڕێوه‌چوو.
ئه‌م دوو دانیشتنه جارێكی دیكه نیشانی دا كه سوورییه پاش تێپه‌ڕبوونی حه‌وت ساڵ شه‌ڕ و خوێنڕێژی و وێڕانی، هێشتا مه‌یدانی پێشبڕكێ و ملمڵانێ زلهێزه ئیمپریالیسته‌كان و ئامانجی زێده‌خوازی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و گرووپه تیرۆریسته ئیسلامییه‌كانی ژێر پشتیوانیانه و خه‌ڵكی سته‌م لێكراوی سوورییه ئامانجی ئه‌م پێشبڕكێیانه‌ن. ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و له‌گه‌ڵ گرووپه تیرۆریسته ئیسلامییه‌كان، كێشه‌ی سوورییه ئاڵۆزتر كردووه. ئه‌وه‌یكه لێره‌دا له‌به‌ر چاو نه‌گیراوه، وتووێژی ئاشتی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، نوێژنكردنه‌وه‌ی وێرانییه‌كانی شه‌ڕ و ژیان و چاره‌نووسی به ملیۆن مرۆڤی دانیشتووی سوورییه یه. ئه‌م ته‌وه‌ره له لێدوانه‌كانی سه‌رانی سێ وڵات ئاشكرا بوو. جه‌خت كردنه‌وه‌ی ئه‌وان سه‌باره‌ت به پاراستنی گیان و ماڵی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئێدله‌ب له شه‌ڕێك كه خۆیان سازیان كردووه و له بارودۆخێكدا كه گرووپه چه‌كداره ئۆپۆزسیۆنه‌كان له هه‌موو شار و ئاواییه‌كانی ئۆستانی ئێدله‌ب له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئاسایی تێكه‌ڵاو بوون، له فرمێسكی تیمساحانه زیاتر نییه. به بێ گومان شه‌ڕی ئێدله‌ب كاره‌ساتێكی مرۆیی دیكه‌ی به‌دواوه‌یه كه هه‌زینه‌كه‌ی، خه‌ڵكی بێ دیفاع و سته‌م لێكراوی ئۆستانی ئێدله‌ب ده‌بێ بیده‌ن. به سازكردنی وه‌ها شه‌ڕێكی جه‌نایه‌ت كارانه كه تێیدا له به‌هێزترین و وێڕانگه‌رترین چه‌كی هه‌وایی، ده‌ریایی و زه‌وینی ئیمپریالیسمی ڕووسییه كه‌ڵك وه‌رده‌گیرێت و به به‌شداری هێزه‌كانی پیاده نیزامی ده‌وڵه‌تی توركییه و كۆماری ئیسلامیی به‌سه‌ر خه‌ڵكی بێ دیفاعی ئه‌م ئۆستانه ده‌خرێته خوارێ، چاره‌نووسی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی شار و ئاواییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش وه‌ك خه‌ڵكی حه‌ڵه‌ب لێ ده‌كات و له ئێدله‌ب جگه له وێڕانی هیچ شتێكی دیكه نامێنێته‌وه.
ڕووحانیی له قسه‌كانیدا هه‌وڵ بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ هه‌ڵاتنی خه‌ڵكی ئێدله‌ب و جێهێشتنی ماڵه‌كانیان له ترسی شه‌ڕ، وه‌ك جوامێری مرۆڤدۆستی شه‌ڕئه‌نگیزان دووپات ده‌كاته‌وه تا ئه‌وانه‌ی كه له مردن ڕزگاریان بووه، هاو چاره‌نووسی به ملیۆن ئاواره‌ی باقی به‌شه‌كانی دیكه‌ی سوورییه بكات. ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٥ی مانگی خه‌رمانان به بۆمباران كردنی چه‌ند شوێنی ئێدله‌ب له لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ڕووسییه و تۆپخانه‌كانی ئه‌ڕته‌شی سوورییه، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له خه‌ڵك ناچار بوون كه ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێ هێڵن و ئاواره بوون. بێ هۆ نییه كه ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ و هه‌روه‌ها دیمیستۆرا نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری سوورییه‌ش هوشداریان داوه كه به ڕوودانی شه‌ڕ له‌م ئۆستانه، كاره‌ساتێكی مرۆیی و كۆشتاری به كۆمه‌ڵ ڕوو ده‌دات. ڕێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕایگه‌یاند، زیاتر له ٧٠٠ هه‌زار ئاواره‌ی سووری له ئۆردووگاكانی ئه‌مشاره له بارودۆخێكی دژواری گوزه‌ران به‌سه‌ر ده‌به‌ن و به ڕوودانی ئه‌م شه‌ڕه، ده‌كه‌ونه مه‌ترسییه‌كی زیاتره‌وه.
له قسه‌كانی سێ لایه‌ن دیار بوو كه له‌م دانیشتنه له ڕاستیدا ڕێككه‌وتنێك نه‌كراوه و هه‌رچی بێت ده‌بێ له مه‌یدانی شه‌ڕ و به قیمه‌تی كوشتار و ئاواره بوونی زیاتر خه‌ڵك یه‌ك لایی بكرێته‌وه. ڕووحانیی بۆ پاساو كردنی ئه‌م ڕێكنه‌كه‌وتنه، وێڕای تاریف كردن له هه‌وڵه‌كانی خۆیان، وتی: “ئێمه ناچارین بۆ ئاشتی له ئێدله‌ب شه‌ڕ بكه‌ین”، دوایین هه‌نگاوه‌كان دژوارتر له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه‌كانه و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ جیایی خوازی كورده‌كان و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان له سوورییه كرده‌وه. هه‌ڵبه‌ت له ڕوانگه‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه، هێزه بیانییه‌كانی حازر له سوورییه ته‌نیا ئه‌مریكا و توركییه له‌خۆ ده‌گرێت كه “كارتی بانگهێشتی به‌شار ئه‌سه‌دیان له گیرفان دا نییه.” ئه‌ردۆغانیش بۆ پاراستنی پێگه‌ی خۆی و گرووپه ئیسلامییه‌كانی ژێر پشتیوانی له سوورییه، باس له ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌س له ئێدله‌ب ده‌كات و خوازیاری به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه له‌دژی هێزه كورده‌كان له سوورییه بوو كه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه “تیرۆریست”ن. به‌ڵام هیچكام له‌م بابه‌تانه كڕیارێكیان نه‌بوو. پووتین به بێ ئه‌وه‌یكه، هاویشتنی ٢٠٠ هێرشی مووشه‌كی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر پێگه‌كانی كۆماری ئیسلامیی و حیزبوڵڵای لوبنان له سوورییه بێنێته ڕووی خۆی، بۆ ڕازی كردنی ئه‌مریكا و زلهێزانی ئۆرووپایی به‌دوای هێمن كردنه‌وه‌ی بارودۆخی سوورییه له ڕێگه‌ی ئاماده‌كردنی ده‌ستوور و هه‌ڵبژاردن له‌ژێر ئاكامی كۆنفڕانسه‌كانی ژێنێڤه‌وه بوو. هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ پێشنیاری ئێران بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوورییه‌ش، ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی.
ئێدله‌ب دوایین به‌ش له چوار ناوچه‌یه‌كه كه له وتووێژی ئه‌م سێ ده‌وڵه‌ته له ساڵی ٢٠١٧ وه‌ك ناوچه‌ی هێمن و به‌دوور له شه‌ڕ، ڕاگه‌یه‌ندرابوو، به‌ڵام ئێستا كراوه‌ته ئامانجی هێرشه‌كانیان. به پێی سیاسه‌تی شه‌ڕئه‌نگیزانه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه، زیاتر له ٨٠ هه‌زار كه‌س له گرووپه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و تیرۆریسته ئیسلامییه‌كان له ئۆستانی ئێدله‌ب جێگیر كراون كه بوونه‌ته به‌ڵا بۆ سه‌ر گیان و ئاسایشی سێ ملیۆن دانیشتووی شار و ئاواییه‌كانی ئۆستانی ئێدله‌ب. ڕوونه كه به ده‌ستپێكی شه‌ڕ، زۆرترین زه‌ره‌ر و زیان وه‌به‌ر خه‌ڵكی بێ دیفاع ده‌كه‌وێت. به‌م حاڵه‌وه سه‌رانی سێ وڵاتی داگیركه‌ر و زێده‌خواز، هه‌زاران كیلۆمیتر ئه‌ولاتره‌وه له تاران داده‌نیشن و به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و ده‌خاڵه‌تی خه‌ڵكی سوورییه بڕیار ده‌ده‌ن كه له ئۆستانی ئێدله‌ب به هه‌زینه‌ی خه‌ڵكی بێبه‌ش و سته‌م لێكراوی سوورییه، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان شه‌ڕێكی دیكه وه‌رێ بخه‌ن. ئه‌مه به‌شێكه له “قانوونی جه‌نگه‌ڵ”ی نه‌زمی سه‌رمایه‌داریی، له سه‌رده‌می ئێمه دا.