ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له شارومەندانی شاره‌كانی به‌غداد و ناسرییه، ڕۆژی دووشه‌ممه ١٠ی جۆزه‌ردان له ناڕه‌زایه‌تی به تیرۆری چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی، هه‌روه‌ها پشت گوێ خستنی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ده‌وله‌ته‌وه، ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به وتنه‌وه‌ی دروشم خوازیاری سزادانی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تیرۆرانه بوون.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، له‌و كاته‌وه كه ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له عێراق ده‌ستیپێكردووه لانیكه‌م ٣٠ چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی ئه‌و وڵاته تیرۆر كراون. ناڕازییان میلیشیاكان و گرووپه‌كانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران له‌وانه “حه‌شدی شه‌عبی” تاوانبار ده‌زانن. شایانی باسه كه ئه‌م تیرۆرانه له ساڵی ٢٠١٩وه كه خۆپیشاندانه‌كانی جه‌ماوه‌ری له عێراق دژ به ده‌سه‌لات ده‌ستیپێكرد، زیاتر له ٥٠٠ خۆپێشانده‌ر كوژران، ٣٥ چالاكی سیاسی تیرۆركران،٨٢ تیرۆر بێ ئاكام ماوه‌ته‌وه، نزیكه‌ی ٢٠ هه‌زار كه‌سیش بریندار بوون.