ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٤ی خه‌رمانان، دوو هاووڵاتیی له شاری ئاڵمان به هۆی ده‌ستدرێژی جنسی بۆ سه‌ر ٤٥٠ منداڵ، هه‌ركام به ١٢ و ١٣ ساڵ زیندان مه‌حكووم كران.
به پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی گاردییه‌ن، زۆربه‌ی ئه‌م ده‌ستدرێژییانه له كه‌مپێكی شاری “لوجه” له باكووری ئاڵمان له نێوان ساڵه‌كانی ١٩٩٨ تا ٢٠١٨ ئه‌نجام دراوه. ئه‌م دوو پیاوه كه ناسناویان “ئه‌ندرێس ـــ و”٥٦ ساڵ ته‌مه‌ن و “ماریۆ ـــ س” ٣٣ ساڵ ته‌مه‌ن ڕاگه‌یه‌ندراوه له لایه‌ن دادگای ئاڵمانه‌وه هه‌ركام به ١٢ و ١٣ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراون. لێپرسان ڕایانگه‌یاندووه كه ئه‌گه‌ری هه‌یه كه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بوونه‌ته قوربانی ئه‌م دوو پیاوه زیاتر له هه‌زار كه‌س بێت، به‌ڵام هه‌ندێكیان هه‌تا ئێستا حاڵه‌ته‌كانی ده‌ستدرێژیان به پۆلیس ڕانه‌گه‌یاندووه. شایانی باسه، ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌كان ئه‌م په‌روه‌نده‌یه وه‌ك گه‌وره‌ترین سكانداڵ له ئاڵمان باسیان كردووه.
هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌ردۆغان سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی سنووره‌كان به‌ره‌وڕووی كۆچبه‌ران
به پێی ڕاپۆرته‌كان، ده‌وڵه‌تی توركییه به‌نیازه یه‌ك ملیۆن ئاواره‌ی سووری له باكووری سووریه نیشته‌جێ كات.
به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، توركییه به هاوكاری ئه‌مریكا خه‌ریكی پێكهێنانی به ناو “ناوچه‌یه‌كی ئه‌من”ه له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریه بۆ ئاوه‌ره‌كان و به وته‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌گه‌ری ڕه‌وانه كردنی ئاواره‌ی زیاتر بۆ ئه‌م شوێنه له ئارادایه. ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٤ی مانگی خه‌رمانان، “ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان” سه‌رۆك كۆماری توركییه هه‌ڕه‌شه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر له ئاست نێونه‌ته‌وه‌یی دا پشتیوانی ته‌واو له ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ی نه‌كرێت، بۆ جارێكی دیكه ڕێگه به كۆچبه‌ران ده‌دات كه به‌ره‌و وڵاتانی ئۆرووپایی بڕۆن. شایانی باسه، له ئێستادا له وڵاتی توركییه ٣ ملیۆن و ٦٠٠ هه‌زار ئاواره‌ی سووری لێیه كه به‌شێكیان له باكووری سووریه‌ن كه توركییه له ژێر كونتڕۆڵی خۆیان گرتووه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه، ده‌وڵه‌تی توركییه ڕایگه‌یاندووه كه هه‌تا ئێستا ٣٥٠ هه‌زار سووری به‌ره‌و ئه‌م ناوچانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه.