ڕۆژی سێشه‌ممه ١ی مانگی گه‌لاوێژ، دادستانی توركییه حوكمی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ٤٧ كه‌سی نیزامیی به تۆمه‌تی ئه‌ندام بوون له گرووپی “گولێنیست”ی ناسراو به “فێتۆ”، ده‌ركرد.
ڕۆژنامه‌ی “ده‌یلی سه‌باح” له توركییه ڕایگه‌یاندووه كه له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی دادگا، هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌تا ئێستا له ٢٤ ئۆستانی ئه‌م وڵاته ٣١ كه‌سییان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه و گه‌ڕان بۆ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی تۆمه‌تبارانی دیكه‌ش به‌رده‌وامه. جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه كوودتای نیزامی توركییه له دژی “ئه‌ردۆغان” له ڕێكه‌وتی ١٥ ژووئییه‌ی ساڵی ٢٠١٦ ڕوویدا و به‌هۆیه‌وه ٢٥١ كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و ٢٢٠٠ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. شایانی باسه ده‌وڵه‌تی توركییه هه‌تا ئێستا ده‌یان هه‌زار كه‌سی نیزامیی له‌م وڵاته، به‌تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی به كوودتا و ئه‌ندام بوون له گرووپی ناسراو به “فێتۆ” ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه.