ڕۆژی پێنجشهممه ٣ی مانگی سهرماوهز، دهیان كهس له شارهكانی كوردستان بههۆی بهشداری كردن له ناڕهزایهتییه سهراسهرییهكان لهلایهن هێزه سهركوتگهرهكانی كۆماری ئیسلامییهوه دهستبهسهركراون و چارهنووسیان نادیاره.
بهپێی ڕاپۆرتهكان،هێزە سەرکوتکەرە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد، لە ماوەی حەوتەی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی شاری مەهاباد کە ناسنامەی ١٨ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە ئاشکرا بووە. هەر لە ڕۆژی یەکەمی ئەو هەفتەیەدا “سەید ڕێبوار بلکامە”، خەڵکی گوندی “سەرچنار”ی مەهاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لەو شارە، دەستبەسەر کراوە.هەروەها ڕۆژی یەکشەممە،”ئەنوەر گۆران”، “ئاریان گۆران”، “کاوە عەزیزی” و “یوونس مەحموودیئازەر”، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.هەر لەو ڕۆژەدا “دیاکۆ خووزستانی”، “فایەق حوسێن پوور”، “موختار عەمارە”، “سینا ئەیازی” و “جەواد ئایاتی”، پاش ئەوەی کە دەستبەسەرکراون، بۆ بەندیخانەی شاری مەهاباد گوازراونەتەوە.لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەو شارە، ڕۆژی چوارشەممە،”مەلا قادر ئەحمەدی”، بەرنوێژی گوندی “خوڕخوڕە” و لەو گوندەش و “میرمحەممەد ئەمینی”، دانیشتووی گەڕەکی فەجر لە شاری مەهاباد، دەستبەسەر کراون. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، “فاروق محەممەد ڕەحیمی”، “ئارام محەممەد ڕەحیمی”، “کامران مومنی” لە حەوتەی ڕابردوودا و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون. شایانی باسه لە درێژەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی هاووڵاتییانی کوردستان لە شاری “سەحنە” سەر بە پارێزگای کرماشان، دەیان کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٣١ کەسیان ئاشکرا بووە.