ڕۆژی جومعه ٢٠ی جۆزه‌ردان پێشنیارێك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئیبڕاهیم ڕه‌ئیسییه‌وه، به‌مه‌به‌ستی ئیسلاحی یاسای كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئه‌سڵه‌حه، درایه مه‌جلیس. له ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندكرانی ئه‌م پێشنیاره‌دا، مه‌ئموورانی ئه‌منییه‌تی ده‌توانن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه نایاساییه‌كان، له ئه‌سڵه‌حه‌ی گه‌رم كه‌ڵك وه‌ربگرن. هێشتا، ئه‌م پێشنیاره له لایه‌ن مه‌جلیسه‌وه په‌سه‌ند نه‌كراوه كه، ڕۆژنامه‌كانی چاپی تاران باس لهكاراییی ئه‌م جۆره ئهسڵهحهیه، ئه‌ویش نه‌ك له‌پێوه‌ند له‌گه‌ڵ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه نایاساییه‌كان، به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ به‌دحیجابی و له‌لایه‌ن گه‌شتی ئێڕشادهوه ده‌كه‌ن.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق چاپی تاران ده‌ڵێت، له تاران سه‌ره‌تا ئیسپری بیباریان به‌ڕووی “ڕه‌زا مۆرادخانی” بۆكسۆری پێشووی تیمی میللی ئێران كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی “ماریا عارفی” و كچه ته‌مه‌ن یازده مانگه‌كه‌یان، كه بۆ پیاسه‌كردن چووبوون بۆ پارك، دا پژاند و پاشان ئهسڵهحهیان كێشا‌و ته‌قه‌یان له لاق و سكی كرد. له كاتێكدا كه مه‌ئمووره‌كان ئیسپری بیباریان به “ڕه‌زا موررادخانی”دا پژاند، ئه‌م ئیسپرییه به‌ر خاتوو عارفی و منداڵه یازده مانگه‌كه‌شی كه‌وت. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، پژاندنی بیبار بووه هۆی ئه‌وه‌یكه بۆكسۆری پێشووی تیمی میللی بكه‌وێته سه‌ر عه‌رز و له‌و كاته‌دا گه‌شتی ئێرشاد ده‌ست ده‌كه‌ن به ته‌قه‌ی هه‌وایی و دواتر ڕاسته‌وخۆ ته‌قه له مورادخانی ده‌كه‌ن.
ڕۆژنامه‌ی شه‌رق به گوێره‌ی لێدوانی ئه‌م دوو هاوسه‌ره و شایه‌تێكی زیندوو كه له كاتی ڕووداوه‌كه‌دا له پاركی په‌ردیسانی تاران بووه، ده‌ڵێت، ئه‌و مه‌ئموره‌ی كه ئه‌سڵه‌حه‌ی كێشابوو، ڕووی له خه‌ڵكه‌كه‌ش كرد و وێرای هه‌وڵدان بۆ بڵاوه پێكردنیان، پێشی به‌و كهسانهشگرت كه ده‌یانهه‌ویست فیلم هه‌ڵبگرن و دهستییانگرت به سه‌ر موبایلی چه‌ند كه‌سێكدا و فیلمه‌كانیان سڕییه‌وه. مورادخانی بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ بۆكسۆری تیمی میللی ئێران بووه و ژماره‌یه‌ك میداڵی ئاسیایی و جیهانی به‌ده‌ست هێناوه و ئه‌ندامی تیمی فهنهرباغچهی توركییهش بووه. ئه‌م ژن و شووه به ڕۆژنامه‌ی شهرقییان وتووه كه، مه‌ئمووره لیباس شه‌خسییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون كه ئه‌گه‌ر، فیلمێك له بابه‌ت ئه‌م ڕووداوه‌وه له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بڵاو بكرێته‌وه، گرانیان بۆ ته‌واو ده‌بێت. گه‌شتی ئێرشاد وه‌ك به‌شێك له هێزی نیزامی كۆماری ئیسلامی كه له‌م دواییانه‌دا ناوه‌كه‌ی بۆ فه‌رمانده‌یی ئینتزامی كۆماری ئیسلامی گۆڕدراوه، چاودێری به‌سه‌ر شێوازی جلی و به‌رگی ژنان و پیاوان و هه‌روه‌ها سه‌پاندنی حیجابی زۆره ملێ، وه‌ك ئه‌ركی خۆیان ناوبردووه.
حكوومه‌تی ئیسلامی ئێران هه‌روه‌ك زۆریه‌ك له نیزامه سه‌ره‌ڕۆ و سه‌ركووتگه‌ره‌كان، به‌شی سه‌ره‌كیی بوودجه‌ی وڵاته‌كه‌ی بۆ دام و ده‌زگای سه‌ركووت به‌كار دێنێ و ماشێنی سه‌ركووتی ڕژیمی ئیسلامی، جگه‌له هێزه نیزامی و ئه‌منییه‌تییه‌كان، هێزی دادوه‌ری و دادگا، سه‌دان زیندان، ڕاگه‌یاندن و ناوه‌ند و دامزراوه‌ی مه‌زهه‌بی، ته‌نانه‌ت ورزش و سینه‌ما و تهلهویزیۆنیشی، خستۆته خزمه‌ت سه‌ركووتكردنی خه‌ڵكه‌وه. له‌م پێوه‌ندییه‌دا ١٧ ناوه‌ند و دزگای ئه‌منییه‌تیی و سیخوڕی، پتر له یه‌ك ملیۆن هێزی سپا و ئه‌رته‌ش و
دامزراوه‌كانی سه‌ربه سپا، ئه‌رته‌شێكی ٣٠٠هه‌زار كه‌سیی، پێكهاتوو له فه‌قێ و ئاخوونده‌كان، ده‌نگ و ڕه‌نگ و ده‌یان بونگای هه‌واڵنێریی و جه‌ریده و ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه سپا، سینه‌مای ئیسلامیی و حكوومه‌تیی و ته‌نانه‌ت شارهدارییهكانیشی به‌كار هێناوه.
ده‌زگای سه‌ركووتی حكوومه‌تی ئیسلامی، جگه له ئۆرگانه دیار و ڕسمییه ده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك، دادگا، زیندان، ئه‌رته‌ش، پۆلیس، سپا و به‌سیج و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌تییه‌كان، له بانده مافییایی و قاچاغچییانی ماده هۆشبه‌ره‌كان، باند و گرووپی تیرۆریستی و ئیسلامی، به‌كرێگیراون، لات و چه‌قۆكێشه‌كان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی زیندانیش، بۆ سه‌ركووتی ناڕازییان و بێده‌نگ كردنی نه‌یارانی حكوومه‌تی ئیسلامی، كه‌ڵك وه‌رده‌گرێ.
تۆڕوڕایهڵهی ئیمام جومعه‌كان، هه‌یئه‌ته‌كانی سینه‌زه‌نی نهوحهخوانی، دامزراوه گه‌وره و بچووكه مه‌زهه‌بییه‌كان، به‌شێكی جیانه‌كراوه له‌م سیسته‌می سهركووتهن. ئه‌وان چالاكانه سه‌رقاڵی ته‌بلیغ له دژی كۆمه‌ڵانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و خه‌ڵكی خهباتكارن. هه‌روه‌ها ڕژیم سه‌رجه‌م ئۆرگانه ئیدارییه‌كانی، له شاره‌دارییه‌كانه‌وه بگره هه‌تا گواستنه‌وه، فێركردن و بارهێنان تا ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌كان، به‌كاردێنێت. به‌كرێگیراوانی ئیتلاعاتیی له ئیداره‌ی گوزینش و حه‌راسه‌ت، ڕه‌خنه‌گرانی دژبه‌ری ڕژیم، شناسایی و به‌ستێنی ده‌ركردنیان خۆش ده‌كه‌ن.
به‌ڵام ڕاستییهكیی هیوا به‌خش و دڵخۆشكه‌ر ئه‌وه‌یه‌كه، سه‌رجه‌می ئه‌م ماشێنی سه‌ركووته به‌م زه‌به‌ڵاحی و فره‌چه‌شنییه‌وه، له‌ئاست ناڕه‌زایه‌تی به‌ربڵاوی خه‌ڵكدا، به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت كه به‌ته‌واوه‌تی زه‌مینگیر بێت. كرێكاران، ژنان، لاوان، كه‌مینه ئایینی و نه‌ته‌وییه‌كان، بیرجیاوازان، هۆنه‌رمه‌ندان و فیلمسازان، نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌وانان، موزیسیۆن و وێنه‌كێشه‌كان و هیتر… به شێوه‌یه‌كی ئاشكار و شاراوه، ده‌ستیان داوه‌ته خه‌بات له‌دژی ئیدئۆلۆژی و فه‌رهه‌نگی ئیسلامی.
هیچ ده‌سه‌ڵاتێك له جیهاندا و بۆماوه‌یه‌كی دوور و درێژ به پشت به‌ستن به ئامرازه‌كانی سه‌ركووت، نه‌یانتوانیوه له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه و ڕژیمی ئیسلامیش دره‌نگ یا زوو، به ویست و خه‌باتی ملیۆنی جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و سته‌مدیتو، به زبڵدانی مێژوو ده‌سپێردرێت.