لە ڕۆژەکانی ٦ و ٩ ی مانگی ئوتی ١٩٤٥، ١٥ و ١٨ی مانگی گەلاوێژی ١٣٢٤ دوو بۆمبی ئەتۆمی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، شارەکانی هێروشیما و ناکازاکی لە ژاپۆن لەبەین برد. ئەگەرچی کەم هەڵدەکەوێت کەسێک بدۆزیتەوە کە وێنەی ئەو کارگە ئەتۆمیەی نەدیبێت، بەڵام کاریگەریەکانی ئەو دوو بۆمبە کە بۆ یەکەمجار کەڵکی لێوەرگیرا بوو، تا ئێستاش دوای تێپەڕ بوونی ٧٤ ساڵ هەروا لە بیرهوهری بەشەریەتی پێشکەوتوودا و ئاکامەکەی بەسەر دانیشتوانی ئەم شارانەوەدا ماوەتەوە. هێشتاش هەموو ساڵێک لەو ڕۆژانەدا شارەدارانی ئەم دوو شارە لە مەڕاسمەکانیاندا خوازیاری لهناوبردنی چەکی ئهتۆمی دەبن. بەپێی ئەو توێژینەوانەی ئهنجام دراون، هێروشیما لە هەمان ئانوساتی یەکەمدا ٤٥ هەزار کەسی تێدا کوژرا و ژمارەی قوربانییەکانی لە کۆتایی هەمان ساڵدا گەیشتە ١٤٠ هەزار لەس. ٤٢ نەخۆشخانە لە ٤٥ نەخۆشخانەی مەوجود لە شاردا بە تەواوەتی وێران بوون. لە ناکازاکی لەسەر بنەمای ئاماری ڕەسمی ژمارەی کوژراوەکان ٧٣ هەزار کەس، بریندارەکان٧٤ هەزار کەس و ١٢٠ هەزار لەو کەسانەش ساڵانێکی زۆر بەهۆی کاریگەری تیشکە ئەتۆمییەکانەوە توشی خەساری ڕەوانی و جەستەیی بوون. ئەوانەی کە بە بێشەرمی بێ وێنەوە ناوی ئەم بۆمبانەیان نابووه ” کوڕە بچکۆلە” و ” پیاوی قەڵەو”هكه قەت نەیانویست بزانن کە چ ناکۆکییەکی قوڵ لە نیوان ئەم ناوانەدا لەگەڵ وێرانگەر بوونی ئەم بۆمبەدا هەبووە. هێشتاکەش ئاکامی ئەم کردارە جەنایەتکارانەیە بە شێوەی خەونێکی وەحشەتناک، سەرهەڵدانی سەرەتان و لە لەدایک بوونی منداڵانی کەم ئەندامدا خۆی دەرئەخات.
ئێستا دوای تێپەڕ بوونی ٧٤ ساڵ بەسەر ڕوودانی ئەم تراژیدیە ئینسانییەدا هەرچەندە بە بەرەکەتی خەباتی بەشەریەتی پێشکەوتن خواز هێندێک مەحدویەت سەبارەت بە بهكارهێنانی چەکی هەستەیی بەدیهاتووە، بەڵام دنیا هەروا لە چنگ چەکی ئەتۆمیدا گرفتارە. هەرچەند کە مۆر کردنی پەیمانی مەنعی پەرەدان بە چەکە ئەتۆمییەکان لەسەر بنەمای دەست ڕاگەیشتنی ئەو وڵاتانەی کە چەکی ئەتۆمییان نییە و هەروەها بڕیاردان سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێکار بۆ کۆتایی هێنان بە کێبڕکێی تەسلیحاتی بۆ هەر ٥ وڵاتی ئەمریکا، فەڕانسە، ئینگلیس، ڕووسییە و چین هەنگاوێکی ئەرێنی بوو، بەڵام وڵاتانی هێند، پاکستان و ئیسرائیل کە هەر سێکیان خاوەنی چەکی هەستەیین لە چوونە نێو پەیمانەکەوە خۆیان بواردووە. لە ساڵی٢٠٠٣ دا کورەی باکوریش ئامادەیی خۆی بۆ پەیوەست بوون بەم پەیمانەوە ڕاگەیاند.
بوونی بزوتنەوە گەورە دژی شەڕ و دژە چەکە ئەتۆمییەکان بەتایبەت لە وڵاتانی ئۆرووپایی بووە هۆی ئەوەی کە لە کۆتاییدا لە مانگی ژوئییەی ساڵی ٢٠١٧ قەرار دادی قەدەغە بوونی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسهند بکرێت. تا ئێستا ١٢٢ وڵات مۆریان کردووە و لەبەر ئەوەی ڕێژهی ئەم وڵاتانە لە ٥٠ لهسهد زیاترە بەپێی یاسا و ڕێساکانی ڕێكخراوی نهتهوه یهكگرتووهكان، ئهندامانی ئهو ڕێكخراوهیه پێویسته ئەم ڕێكهوتنه بهڕێوهبهرن. ئەم قەراردادە نە تەنیا بەکار بردنی چەک و هەڕەشی بە کارهێنانی قەدەغە دەکات، بەڵکوو بوونە خاوەن، ڕاگرتن، پەرەدان و تاقیکردنەوەی چەکە تازەکان و لە کۆتاییدا گواستنەوەیان بۆ باقی وڵاتان قەدەغە دەکات.
ئەگەرچی دەسەڵاتە ئەتۆمییە جیهانییەکان بە تایبەت ئەمریکا و ڕووسیە بەرهەمهێنانی هەستەیی خۆیان کەم کردووهتەوە، بەڵام هاوکات بودجەیەکی کەڵانیان بۆ مۆدێرنیزە کردنی ئەم چەکانە تەرخان کردووە. دەوترێت ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکان مەوجود دەگاتە ١٥ هەزار دانە. ئەم قەبارەیە لە چەکی ئەتۆمی بە هاسانی دەتوانێ هەموو گۆی زەوی لە یەک کاتدا لهناو ببات. توانایی وێرانگەر بوونی ئەو چەکانەی هەن ١٠ بەرابەر زیاترە لە بۆمبێک کە بەسەر هێروشیمادا تاقی كرایهوه. ئەگەرچی ژمارەی چەکە هەستەییەکان بە بەراورد لەگەڵ دەورانی شەڕی سارد کەم بۆتەوە، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی زیاد بوونی توانایی وێرانگەر بوونیان دەبێ بە ئاشکرایی بڵێین کە دنیا هەروا لە قوزاخەی چەکی ئەتۆمیدا گرفتارە. به تایبهت هاتنه سهركاری ترامپ و ستراتێژی “ئهمریكا یهكهم” كه هێنایه گوڕێ و هاوكات، ههڵوهشانهوهی ڕێكهوتن نامهكانی به شوێنهوه بوو، ئهو مهترسییه گهلێك زیادی كردووه.
دەرچوونی ئەمریکا لە بەرجام و ئەو زەمزەمانەی بۆ بەرەهەم هاتنی چەکی هەستەیی لەنێو هاوپەیمانانی ئەمریکادا، هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی” ئای ئێن ئێف” لەگەڵ ڕووسیە و ئامانجی دامەزرانی مووشەکە ئەمریکاییەکان لە ناوچەی ئاسیا- ئوقیانسیە گرنگ ترین فاکتۆڕەکان لە بەکرداری کردنی ستراتێژی تازەی ئهمریكان. دەزانین کە پەیمانی” ئای ئێن ئێف” لە کۆتایی ساڵەکانی شەڕی سارد واتە لە ساڵی ١٩٨٧ و لە کاتێکدا کە کۆمەڵێک نیشانەی ئاشکرا لە لێک هەڵوەشانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەرچاو دەکەوت، لەنێوان ڕەیگان و گۆرباچۆفدا مۆر کرا. بەپێی ئەم قەرار دادە هەردوو لا دهبێ مووشەکە دیفاعیەکانیان تەیار بە کلاوەکە ئەتۆمییەکان لەنێوبەرن. لە مانگی مەی ساڵی ١٩٩١ ڕاگەیەندرا کە ٢ هەزار و ٦٩٢ موشەک لەناو براون.
ڕۆژی یەکەمی فیورییەی ئەمساڵ ترامپ ڕایگەیاند کە دەرچوونی لەم پەیمانە دەست پێ دەکات. ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە واشینگتۆن سەبارەت بە پێشێل کردنی تەعەهودەکانی روسیە سەبارەت بەم پەیمانە وڵامی نیزامی دەداتەوە. ڕووسیە لە بەرانبەردا دەڵێ کە ئەوە ئەمریکایە کە پەیمانەکەی پێشێل کردووە. وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پشتیوانی تەواوەتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا راگەیاند. دەوڵەتی چین بە بڵاو کردنەوەی بیانییەیەک ڕایگەیاند کە لەگەڵ هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ دەرچوون لە پەیمانەکە دژایەتی دەکات و واشینگتۆن و مۆسکۆی بانگهێشت کرد بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیان لە ڕێگای وتووێژی بنیات نەرەوە هەنگاو بنێن.
لە ڕۆژەکانی دووهەمی ئوت بهرابهر لهگهڵ ١١ی مانگی گەلاوێژ بە تێپەڕ بوونی ٩٠ ڕۆژ هەردولا هەڵوەشانەوەی قەراردادەکەیان راگەیاند. ڕۆژێک دوای هەڵوەشانەوەی قەرار دادی ” ئای ئێن ئێف” وەزیری بەرگری ئەمریکا دامەزراندنی هەرچی خێراتری موشەکە تازەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ئاسیا- ئوقیانوسیە کە خاوەری دوور، شێوەی قاڕەی هێند و قارەی ئوقیانوسیەیە دەربڕی. و ئەمە لە راستیدا دەربڕینی بە ئاشکرای ئەوەیە کە ترامپ بە کشانەوە لە پەیمانی ” ئای ئێن ئێف” دەیەوێ تواناییە هەستەییەکانی ڕووسیە و چین بکاتە ئامانج. چین بە خێرایی کاردانەوەی نیشاندا و رایگەیاند کە ئەگەر بێت و ویلایەتە یەکگرتوەکان موشەکی میانبوردی خۆی لە ناوچەی ئاسیا و ئوقیانوسیە دابمەزرینێ، چین دەست لەسەر دەست دانانێ.
له ڕاستیدا تا ئێرەش بەشێکی زۆر لە خەڵکی دنیا لە ئاتەشباری ماشێنی جەنگی زل هێزە ئیمپڕیالیستییەکان و ناوچەییەکان و شەڕی نیابەتیدا دەسوتێن. توند بوونەوەی ڕقابەتە تەسلیحاتییەکان، دنیای نائارامی ئیستا نا ئارامتر دەکات و قوربانیانی ئەم نائارامیانه خەڵکێکن کە دەورێکیان لە دروست کردنی ئەم بشێویەدا نەبووە لە دنیادا.